فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، پڕۆسەی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و تەنها لە ماوەی یەک رۆژدا، زیاتر لە20 کەشتیی بازرگانی توانیویانە بە سەلامەتی لە گەروی هورمزەوە بپەڕنەوە.
وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی کردەوە و رایگەیاند، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەرجەم کەشتییەکان مافی تەواویان هەیە بە بێ هیچ رێگری و کۆسپێک، بە شێوەیەکی ئارام و بە سەلامەتی لە گەووی هورمزەوە تێپەڕن.
ئەمە لە کاتێکدایە سوپای دەریایی ئێران ئەمڕۆ چەند مەرجێکی بڵاوکردوە و بۆ ئەو کەشتیانەی دەیانەوێت گەروی هورمز تێپەڕێن و هۆشداری داوە، بە بێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشینە، کە لە رێگەی ئیمێلەوە دەبێت، ناتوانن گەروەکە تێپەڕینن.
سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەو کەشتیانەی دەیانەوێت گەروی هورمز تێپەڕێنن دەبێت پێشتر ئاگاداریان بکەنەوە لە رێگەی ئیمێڵەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە بۆ ماوەی 60 رۆژ هیچ بڕە پارەیەک لە کەشتییەکان وەرناگیرێت.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، بەهۆی ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد و بە ئاگاداری لێپرسراوانی وڵات پەڕینەوەی کەشتییەکان بە گەروی هورمزدا بە رەچاوکردنی چەند مەرجێک دەستپێدەکات.
مەرجەکانی سوپای پاسداران
یەکەم - تەنها رێگەی رەسمی بۆ راییکردنی داواکارییەکانی پەڕینەوە، وێبسایت و ئیمێڵە.
دوەم - پێویستە لەناو داواکارییە نێردراوەکەدا، رێگەی پەیوەندیکردنی پێشوەختە و بەردەست لەگەڵ کەشتییەکەدا پێشکەش بکرێت.
سێیەم - بە مەبەستی رێگریکردن لە دواکەوتن لە کاتی چوونەژورەوە یان چوونەدەرەوە لە گەروی هورمز، پێویستە داواکاری پەڕینەوەکە بە هاوپێچی زانیارییە تەواوە داواکراوەکان، لایکەم 48 سەعات پێش گەیشتن بە سنوری گەرووەکە بنێردرێت.
چوارەم - لە ماوەی 60 رۆژەدا، هیچ تێچویەک لە کەشتییەکان وەرناگیرێت و ههروهها باجی خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش، سەلامەتی، ژینگە و دڵنیایی (بیمە)ـی ئێرانی پەیوەندیدار لە ئەستۆی حکومەتی ئێران دەبێت.
پێنجەم - بەهۆی رەوشی تایبەت و بوونی هەندێک مەترسیی سەلامەتی لەسەر هێڵی پەڕینەوەکە و لەبەر زەروورەتی دڵنیابوونەوە لە هاتووچۆیەکی بێوەی و ئارام و رێگریکردن لە روداوە دەریاییەکان؛ هەماهنگیکردنی هێڵی گەشتەکە و کاتی راگەیەندراوی پەڕینەوە بۆ هەر کەشتییەک پێش جووڵەکردنی بەرەو گەروەکە زۆر زەروورە؛ بەرپرسیارێتی نەبونی پابەندبوون لە ئەستۆی خاوەنی کەشتییەکەیە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی هێڵە سوورەکاندایە، کە ئێران دایناوە و تاران پاشگەز نابێتەوە لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی.
قالیباف بە ئاماژە بە رێککەوتنی ئەم دواییەی تاران و واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوچەکە، وتویەتی ئێران پابەندی مەرج و هێڵە سورەکانیەتی دەبێت و ئەوەشی لە رابردودا نیشان داوە.
هەروەها هۆشداریداوە، لەوەی ئێران ئامادەیە وەڵامی یەکلاکەرەوە بداتەوە لە ئەگەری داواکاریی زیاتری لایەنی بەرانبەر لە رێککەوتنەکە یاخود پێشێلکردنی.
ئەم قسانەی قالیباف دوای ئەوە هات، کە موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، کە سەرەڕای ئەوەی روانگەیەکی جیاوازیان هەبووە بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا.
بەرپرسێکی هەڵبژاردەی ئێران رایگەیاند کە یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی سکاڵایەک پێشکەشی هاوتا نێودەوڵەتییەکەی (فیفا) دەکات، بەهۆی ئەو "بەربەست و سنووردارکردنانەی" لە کاتی مۆندیالدا بەسەر تیپەکەیدا سەپێنراون، کە بە گوتەی خۆی، رێگری لێدەکەن بە شێوازێکی گونجاو و ئارام خۆی بۆ یارییەکەی بەرانبەر بەلجیکا ئامادە بکات.
پێشتریش هەڵبژاردەی ئێران ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیبوو بەرانبەر بە رەتکردنەوەی پێدانی ڤیزا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ هەندێک لە ئەندامانی تیمی یاریدەدەری تەکنیکی، ئێستاش سکاڵای ئەوە دەکات کە تەنها "یەک رۆژ پێش یارییەکە" رێگەی پێدەدرێت بگاتە لۆس ئەنجلۆس، لە کاتێکدا کە هەمیشە باو وایە دوو رۆژ پێش یارییەکە بگەنە شوێنی مەبەست.
ئەو بەرپرسە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم "بەربەستانە دژبەیەکن لەگەڵ پرەنسیپی دەرفەتی یەکسان لە نێوان سەرجەم هەڵبژاردە بەشداربووەکاندا و رەنگە زیان بە ئامادەکارییەکان بگەیەنێت، وتیشی: بۆیە یەکێتییەکە بە رەسمی ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێت و لە رێگەی کەناڵە گونجاوەکانەوە سکاڵایەکی رەسمی پێشکەشی فیفا دەکات.
ئەمیر قەڵعەنۆیی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، رۆژی دووشەممە دوای یەکسانبوونی تیپەکەی بەرامبەر نیوزلەندا بە ئەنجامی 2-2 لە یەکەم یاریاندا کە ئەویش لە لۆس ئەنجلۆس بەڕێوەچوو، رایگەیاندبوو کە تیپەکەی "مەغدورترین و ستەم لێکراوترین تیپە لە جامی جیهانیدا".
دوای چەندین مانگ لە نادیاری و ناڕونی بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، "تیم میللی" (هەڵبژاردەی ئێران) لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارە، بەڵام لە کۆتا ساتدا ناچار بوو کەمپی مەشق و راهێنانەکانی بگوازێتەوە بۆ مەکسیک و لە جیاتی ویلایەتی ئەریزۆنا، شاری تیخوانای وەک بنکەی خۆی هەڵبژارد، ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا رەتی کردەوە ڤیزا بە نزیکەی 15 ئەندامی شاندەکەی بدات.
بەرپرسە ئێرانییەکە رونکردنەوەی داوە کە ستافی تەکنیکی بەرنامەیەکیان داڕشتبوو کە تێیدا "تیپەکە دوو رۆژ پێش هەر یارییەک بگاتە ئەو شارەی میوانداری یارییەکە دەکات، و رۆژی دوای یارییەکەش بگەڕێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی، تاوەکو باشترین ئامادەکاری هونەری و جەستەیی مسۆگەر بکەن.
بەڵام هەڵبژاردەی ئێران لە یارییەکەیدا بەرانبەر نیوزلەندا، تەنها شەوی پێش یارییەکە توانی بگاتە لۆس ئەنجلۆس، و ناچار بوو راستەوخۆ دوای لێدانی فیکەی کۆتایی یارییەکە شارەکە بەجێبهێڵێت.
ئەو بەرپرسە وتیشی: هەمان دۆخ ئەمڕۆش پێش یاری دووەمی ئێران بەرانبەر بەلجیکا دووبارە دەبێتەوە.
شاندی هەڵبژاردەکە داوای کردبوو کە لە ڕۆژی هەینییەوە بگەنە لۆس ئەنجلۆس بۆ ئەوەی پێش یارییەکە ڕابهێن و خۆیان لەگەڵ کەشەکەدا بگونجێنن، کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆیی بەڕێوەبچێت، بەڵام لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم "داواکارییەش دیسانەوە ڕەتکراوەتەوە".
وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە وەڵامی کوژرانی چوار سەربازی وڵاتەکەیدا لە باشوری لوبنان دەڵێت؛ دەبێت تەواوی لوبنان بسوتێنین.
لە پەیامێکیدا، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، هەڕەشەی بەردەامی هێرشيکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان دەکات و دەڵێت دەبێت تەواوی لوبنان بسوتێنین.
ئەمڕۆ هەینی سوپای ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی لە باشوری لوبنان راگەیاند، لەگەڵ بریندار بوونی 17 سەربازی تریان.
لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل بە چری باشوری لەبنانی بۆردومان کردوە بە گوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 33 کەسی تریش بریندارن.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، کە ئاڕاستەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی کردووە، وەک چیایەک پشت و پەنای کاربەدەستانی دەوڵەت دەبێت و بۆ هەر ئەگەرێکیش ئامادەن ئەگەر دوژمن پەیمانەکەی بشکێنێت.
دوای بڵاوبونەوەی پەیامی موجتەبا خامنەیی، رێباری باڵای ئێران سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئەمریکا کە رایگەیاند بوو، پشتگیری لە کاربەدەستانی حکومەتی وڵاتەکەی دەکات، سوپای پاسدارانیش راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە وپشتگیری لە پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی دەکات.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەیدا، هۆشداریشیداوە، ئەگەر ئەمریکا پەیمانەکەی بشکێنێت، بە تەواوەتی ئامادەن بۆ هەر وەڵامدانەوەیەکی توند لە زەوەی وئاسمان ودەریاشەوە.
سوپای پاسداران دەڵێت؛ بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی چەندین شەڕی رابردوو، تەنها بە ئاماژەیەکی ئەو فەرماندە ئازا و حەکیمە، کە مەبەستیان موجتەبا خامنییە ئامادەن شکستێکی مێژویی زۆر گەورەتر بەسەر دوژمندا بسەپێنن.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە باشوری لوبنان شەڕ و پێکدادان ڕویداوە و بەهۆیەوە چوار سەربازیان کوژراون و 17 سەربازی تریشیان بریندارن.
ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند چوار سەربازیان لە بآشوری لوبنان کوژراون، کە یەکیان ئەفسەری باڵایە و 17 سەربازی تریشیان بریندارن.
ئەمەش لە کاتێكدایە میدیاکانی لوبنان رایانگەیاندوە، جارێکیتر ئیسرائیل بە چڕی دەستیکردوەتەوە بەهێرشکردنە سەر باشوری لوبنان و بەهۆی هێرشەکانیشەوە، جگە لە برینداربوونی 33 کەس لانیکەم 18 کەسیش کوژراون.
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و کوژرانی سەربازەکانی لە باشوری لوبنان لە کاتێکدایە ئەمریکا وئێران رێککەوتون لەسەر وەستاندنی گەجن لە تەواوی بەرکان بە لوبنانیشەوە.
میدیاکانی لوبنان رایانگەیاند، جارێکیتر ئیسرائیل بە چڕی دەستیکردوەتەوە بەهێرشکردنە سەر باشوری لوبنان و بەهۆی هێرشەکانیشەوە، جگە لە برینداربوون لانیکەم 18 کەسیش کوژراون، سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی چوار سەربازی لە باشوری لوبنان راگەیاند.
میدیاکانی لوبنان ئاماژەیان بەکردوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە تۆپخانەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر شاری نەباتیە و ناوچەکانی دەوروبەری لە باشوری لوبنان بەردەوامە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەوە رێککەوتون شەڕ کۆتایی بێت لە تەواوی بەرەکان بە لوبنانیشەوە.
بە گویرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، 18 کەس کوژراون و 33 کەسی تریش بریندارن، بە هەمانشێوە سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی چوار سەربازی لە باشوری لوبنان راگەیاندوە.
ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە باشوری لوبنان زیاتر بووە و دوێنێ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ تاکە سەرۆکی دەوڵەتە لە جیهاندا کە هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل لەم کاتەدا نیشان دەدات و ئەگەر ئەو دەسەڵاتی هەبوایە لە ئیسرائیلدا وازی لەهێرشکردنە سەر لوبنان دەهێنا.
تەنها دوای چەند سەعاتیک لە قسەکانی جەی دی ڤانس، ئیتامار بن گیڤەر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل وەڵامی قسەکانی ڤانسدا وتی: هەرکەسێک پشتگیریمان بکات سوودمەند دەبێت، هەرکەسێک پشتمان لێبکات زیانی پێدەگات.
بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانیش، پێشتر جەختیکردبووەوە تا ئاسایشێ ئیسرائیل پاروێزراو بێت، سوپای وڵاتەکەی لە لوبنان ناکشێتەوە.
رابەری باڵای ئێران پەیامێكی لەبارەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمریكا و وڵاتەكەی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، رەزامەندی داوە رێرەوی رێككەوتن بگیرێتەبەر.
موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە پەیامێكی نوسراودا رایگەیاند، پێش ئەوەی رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران لەنێوان مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئیمزا بكرێت، بۆچوونێكی جیاوازی هەبووە، بەڵام لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنەی پزیشكیان وەك سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران داویەتی بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی ئێران رەزامەندی لەسەر یاداشتنامەكە داوە.
جەختیشیكردەوە، ئێران بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر باری داواكاریی زیادەڕەوانە و ناڕەوای ئەمریكا، وتیشی، ئێران چاوەڕێی بەدیهاتنی مەرجە دیاریكراوەكان دەكات.
رابەری باڵای ئێران راشیگەیاند، سەرۆكی ئەمریكا لەپێگەیەكی لاوازدابووە و سەرجەم ئامرازەكانی بەكار هێناوە بۆ ئەوەی یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بكات، لێپرسراوانی ئێرانیش لە ماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆر و بێوچانیان داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیپلۆماسی بگەیەننە ئەم قۆناغەی ئێستا كە بریتییە لە ئیمزاكردنی یادداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی ئەمریكی.
هۆشداریشیدا، ئەنجامدانی هەر دانوستانێكی رووبەڕوو لە داهاتوودا، بە واتای قبوڵكردنی روانگە و خواستی ئەمریكا نایەت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، بەپێی فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، هێزەکانیان کۆتاییان بە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هێناوە و جموجۆڵی کەشتیوانی ئاسایی بووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەمڕۆوە هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆی سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانەیان هەڵگرتووە کە دێنە ناو بەندەر و ناوچە کەنارییەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئەمریکا هیچ رێگرییەک ناکەن لەبەردەم تێپەڕبوونی ئەو کەشتیانەی رودەکەنە بەندەرەکانی ئێران یان لەوێوە دەردەچن لە هەردوو کەنداو و دەریای عوماندا.
سێنتکۆم راشیگەیاند، سەرجەم هەوڵ و ڕێکارە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی ڕاگیراون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کورتەیەک لە رەوشی داهاتووی هێزەکانی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە، کەشتییە جەنگییە گەورەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێننەوە، بەمەبەستی چاودێریکردن و دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەرجەم خاڵ و بڕگەکانی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن و پێشێل ناکرێن.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە "بەڵگەنامەیەکی مێژوویی" وەسف کرد و جەختی لە گرنگی قۆناغی ئێستای پێوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.
پزیشکیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئەمریکا بەڵگەنامەیەکی مێژووییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە: ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکە لە رێڕەوی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان تاران و واشنتۆندا.
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان، هاوتا ئێرانییەکەی، بە شێوەیەکی "ئەلیکترۆنی" واژۆیان لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات کرد بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا، هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، چوونی ڕێککەوتنەکەی بۆ بواری جێبەجێکردن ڕاگرت.
لە هێرشێكی چەكداریدا بۆسەر كاروانێكی هێزەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سوریا لە حەسەكە 10 سەرباز بریندار بوون و گوماندەكرێت هێرشەكە لەلایەن داعشەوە ئەنجام درابێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر رێگای نێوان تەل تەمەر و سەرێكانی لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر پاسێكی گواستنەوەی سەربازانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سوریا و بەهۆیەوە 10 سەرباز بریندار بوون.
ئەگەرچی تا ئێستا هیچ راگەیەنراوێكی رەسمی لەسەر روداوەكە بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام گوماندەكرێت هێرشەكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجام درابێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند جارێك چەكدارانی داعش هێرشی جیاوازیان بۆسەر شارە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان و سوریا ئەنجام داوە و لە دوایین هێرشیشدا بۆسەر شاری رەقە ئەندامێكی سەر بە هێزەكانی ناوخۆ كوژرا و سێ ئەندامی تر بریندار بوون.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ راگەیاندنی ئیمزاکردنی رێککەوتنی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند موشەکەکانیان هێ؟ڵی سورە و تەنها بۆ هێڕشکردن دروست کراون نەک دانوستان کردن لەسەریان.
لە لێدوانێکی تونددا سەبارەت بە تواناکانی وڵاتەکەی، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، موشەکەکانی ئێران تەنیا بۆ تەقاندن و بەرگریی دروستکراون نەک بۆ گفتوگۆ و دانوستان.
ناوبراو بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بەوە کرد کە "موشەکەکانی ئەوان بە هیچ شێوەیەک حەز ناکەن کەس قسەیان لەسەر بکات".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە رەسمی جەختی کردەوە کە لە هیچ پرۆسەیەکدا و لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بە هیچ جۆرێک باس لە توانای بەرگریی ئێران ناکرێت و ئەم بابەتە هێڵی سوورە.
ئەمەش لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دوێنێ رایگەیاند، رێگە بە ئێران دەدات هەندێک لە موشەکی باڵیشتیکی هەبێت، چونکە نادادپەروەرییە وڵاتانی دراوسێ موشەکی بالیستیکیان هەبێت و ئێران نەی بێت.
ئیبراهیم رەزائی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ "بۆردومانکردنی ئێران" ئەگەر سەرکردەکانی رەفتاری خۆیان چاک نەکەن.
رەزائی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" رایگەیاند: ئەم لێدوانانە پێشێلکردنی خاڵی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکەیە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە یاریکردن بە کارتی بۆردومانکردن دژی ئەو پابەندییانەیە کە راگەیەندراون.
وتەبێژەکەی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: واشنتۆن ناچار کراوە رەفتارەکانی خۆی چاک بکات لە رێگەی راگرتنی هەندێک لە سیاسەتەکانی و هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆ و سنووردارکردنەکان.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە هۆشداری توندی دایە ئەمریکا و رایگەیاند: ئەگەر جارێکی تر بیر لە بژاردەی بۆردومانکردن بکەنەوە، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگۆڕدرێن بۆ مۆزەخانەیەک بۆ پەند وەرگرتن.
ئەم وەڵامە توندەی تاران دوای ئەوە دێت کە پێشتر دۆناڵد تڕەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئێران کردبوو و رایگەیاندبوو: ئەگەر ئێرانییەکان بە باشی رەفتار نەکەن، ئەوا دەست دەکەینەوە بە باراندنی بۆمب بەسەر سەریاندا.
میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری سەرۆکی شارەوانی تارانەوە بڵاویانکردەوە، رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی "رێبەری کۆچکردوی شۆڕش" لە عیراقیش بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکی شارەوانی تاران، رێککەوتی هەشتی تەمموزی داهاتوو وەک وادەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە لە عیراق دیاریکراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەوبەر، راوێژکاری باڵیۆزی ئێران لە بەغداد پێشبینی هاتنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی عیراقی کرد لە رێگەی دەروازەی مێهرانەوە بۆ پشکداربون لەم رێوڕەسمەدا، و جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی لە بوارەکانی گواستنەوە و دابینکردنی سوتەمەنیدا کردەوە.
ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، محەمەد عەبیری، راوێژکاری باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە شاری مێهران رایگەیاندووە: بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە چین و توێژە جیاوازەکانی گەلی عیراق، لەوانەش نوێنەرانی حکومەت، عەشایەر، حیزبەکان و جەماوەری خەڵک، خوازیارن بەشداری لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی رێبەری شۆڕش، سەید عەلی خامنەییدا بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: پێشبینی دەکرێت لەو رێژەیە، نزیکەی 500 بۆ 600 هەزار زایەر لە رێگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی مێهرانەوە بچنە ناو خاکی ئێران و دواتر بەرەو شارەکانی تاران، قوم و مەشهەد بەڕێبکەون.
پشووی هاوینەی پەرلەمانی توركیا دواخرا و ماوەی كاركردنی تاكاتێكی نادیار درێژكرایەوە.
پەرلەمانی توركیا بریاریدا پشووی ساڵانەی دوابخات و ماوەی كاركردنی درێژبكاتەوە، بەپێی بڕیارەكە، پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە كارەكانی و ناچێتە ئەو پشووەی كە بڕیار بوو لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە دەستپێبكات، بریارەكەش لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەماندا پەسەندكرا.
ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت كە لایەنی كوردی داوای دەكرد پێش پشوی هاوینەی پەرلەمان، راپۆرتی كۆمیسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە وچوارچێوەیەكی یاسایی بۆ پرۆسەكە دابڕێژرێت.