رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، وەک قۆناغی یەکەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، جوڵەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی سنووردار کردووە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی لە قاڵب داوەتەوە.

بەپێی رۆژنامەکە، ئەو "سەرپەرشتییە باوکانەیەی" واشنتن بۆ تەلئەبیبی دەکات، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتیش لەنێوان خودی ترەمپ و ناتانیاهۆدا.

گۆڕانی هەڵوێستی ترەمپ

لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، دۆناڵد ترەمپ چەندین "دیاریی سیاسی" بەخشییە ناتانیاهۆ، لەوانە دانپێدانان بە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و دانپێدانان بە سەروەریی تەلئەبیب بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا. بەڵام دوای بۆردومانکردنی شاندی دانوستانکاری حەماس لە دەوحە لەلایەن ناتانیاهۆوە لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، ترەمپ توڕە بوو و ناچاری کرد پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی قەتەرەوە بکات و داوای لێبوردن بکات.

جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، هەفتەی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی، "پێم وایە [ترەمپ] هەستی کرد ئیسرائیلییەکان دەستیان کردووە بە زیادەڕەوی، بۆیە ناچار بوو زۆر توند بێت و رێگرییان لێبکات لە کردنی شتێک کە لە بەرژەوەندیی درێژخایەنی خۆیاندا نییە."

ترەمپ فشاری خستووەتە سەر ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی پلان20 خاڵییەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە قبوڵ بکات، کە داننان بە خواستەکانی فەڵەستینییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت. هەرچەندە ناتانیاهۆ بە توندی دژی ئەم خاڵە وەستایەوە، بەڵام ترەمپ بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی وتبوو، "پێویستە بەوە رازی بێت، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، لەگەڵ مندا، پێویستە رازی بێت."

بەرپرسانی ئیسرائیل دەستیان کردووە بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی کە ئەمریکییەکان رۆڵێکی سەرەکی و توند دەگێڕن لە سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستەکەدا. واشنتن ناوەندێکی هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازیی لە باشووری ئیسرائیل کردووەتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستپێکردنی فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بەسەر غەززەدا، نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن دەیەوێت وێنەیەکی سەربەخۆ دوور لە گێڕانەوەی ئیسرائیلی دروست بکات، ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە بۆ ئیسرائیلییەکان.

رۆڤین حازان، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی عیبری لە قودس، دەڵێت: "وێنەی ناتانیاهۆ لەبەردەم ترەمپدا بچووک بووەتەوە" و "زیاتر وەک حاکمی ویلایەتێک دەرکەوتووە نەک سەرکردەی وڵاتێک."

راپرسییەک کە لەلایەن دەستەی پەخشی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە %48ی ئیسرائیلییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان بووەتە "پارێزراوێکی ئەمریکی."

بەپێی رۆژنامەکە، ئەم روداوانە دەریدەخەن کە ترەمپ لەوانەیە مەترسی لەسەر داهاتووی سیاسیی ناتانیاهۆ دروست بکات، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل. نمرود نۆڤیک، راوێژکاری پێشووی شیمۆن پێرێز، دەڵێت: "پێم وایە بیبی (ناتانیاهۆ) دەزانێت کە ترەمپ دەتوانێت بە یەک پۆستی سۆشیال میدیا سنوورە هەڵبژاردنەکانی تێکبشکێنێت."