لە کۆشکی سەرۆکایەتی... ئەردۆغان پێشوازی لە وەفدێکی دەم پارتی دەکات
راهۆز
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنکەرە، پێشوازی لە وەفدێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد.
بەپێی میدیاکانی تورکیا، کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" بەڕێوەدەچێت و ئەمە سێیەمین دیداری رەسمییە کە لەم ساڵدا لە نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و دەم پارتیدا ئەنجام دەدرێت.
زانیاری دەربارەی کۆبوونەوەکانی پێشو:
یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و وەفدی دەم پارتی لە 10ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، کە وەک یەکەم دیداری فەرمی لە دوای 13 ساڵ پچڕان تۆمارکرا. ئەو کات وەفدەکە، کە بە "وەفدی ئیمرالی" ناسرابوو، پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وان، و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری کۆچکردووی ئیستانبوڵ.
کۆبوونەوەی دووەم لە 7ی تەمموز ئەنجامدرا و وەفدەکە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری ڕحا. لەو کۆبوونەوەیەدا، هەریەک لە ئەفکان ئاڵا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئامادەبوون و دیدارەکە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند.



