لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا ئیسرائیل تەرمی دوو بارمتەی دیکە لە حەماس وەردەگرێتەوە
راهۆز
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "واینێت"ی عیبری، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی دوو بارمتەی دیکە لە کەرتی غەززە، ئەمەش دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس رۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە شوێنی تەرمی هەریەک لە عومیرام کوپەر و سەحەر باروخیان دیاری کردووە.
سەرچاوە هەواڵییە عیبرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پێشوازی لە تەرمی ئەو دوو بارمتەیە دەکات، کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەرکرابوون. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین دێت کە لە رۆژانی رابردوودا ئەنجامدراون.
شەوی سێشەممەی رابردوو، ئیسرائیل توانیبووی تەرمی هەریەک لە ئاریێ (زەلمان) زەلمانۆڤیچ و تامر ئادار وەربگرێتەوە، کە ئەمەش لەڕێگەی هەماهەنگیی ئەمنی و رێککاری تایبەتەوە کرابوو. راگەیاندنەکەی حەماس لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی کوپەر و باروخ، وایکردووە دەزگا ئیسرائیلییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا تەرمەکان وەربگرنەوە.
ئەم پێشهاتە مەیدانییە دوای زیاتر لە هەفتەیەک دێت لە دواین ئۆپەراسیۆنی حەماس، کە بووە هۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ئامادەباشی لەناو دەزگا ئەمنی و پزیشکییەکانی ئیسرائیلدا. دامەزراوە ئیسرائیلییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم بارمتەکانی دیکە، چ بە زیندوویی بێت یان وەک تەرم، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و هەماهەنگیی بەردەوامە لەگەڵ نێوەندگیر و هاوبەشە مەیدانییەکاندا.



