دوای چەند رۆژێک کۆبونەوە لە ئەستەنبوڵ بە مەبەستی گەشتن بە رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە گرژی و پێکدادانەکانی نێوانیان، پاکستان و  تاڵیبان یەکتری تۆمەتبار دەکەن و نەگەشتنە رێککەوتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەتاڵڵا تەرار وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، رایگەیاند: تاڵیبان لە گفتوگۆکاندا خۆیان لە پرسی سەرەکی دەدزییەوە و لە بری قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی پەنایان بردوە بۆ تۆمەتبارکردنی پاکستان، ئەمەش بوە هۆی شکست هێنانی گفتوگۆکان.

بە گوێرەی زانیارییەکان، پاکستان داوای لە تاڵیبان کردوە کە هەنگاوی کردەیی بۆ سنووردارکردنی تاڵیبانی پاکستانی بگرێتەبەر و پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکانی دژبەری ئەو وڵاتە نەکات، بەڵام شاندی تاڵیبان بوونی پارتی TTP لەسەر خاکی ئەفغانستان رەتکردەوە و ئەمەش بوەتە هۆی شکستهێنانی گفتوگۆکان.

ئەفغانستان و پاکستان بە درێژایی زیاتر لە دوو هەزار و 500 کیلۆمەتر سنوریان پێکەوەیە و   شکستی دانوستانەکان و بەردەوامیی گرژییەکان بووەتە هۆی داخستنی دەروازە سنوورییەکان، کە بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتی پەکخستووە.