ناتانیاهۆ فەرمانی دا دەستبەجێ هێرش بۆ سەر غەززە دەستپێبکرێتەوە
بڵند
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە "هێرشی دەستبەجێ و بەهێز بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجام بدەن".
ئەمرۆ سێشەممە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فەرمانیکرد دەستبەجێ هێرشی سەربازی بۆسەر غەززە دەستپێبکرێتەوە، ئەم فەرمانە دوای چەند کاتژمێرێک هات کە هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری کەرتی غەززە.
بڕیارەکەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە هات کە سەرۆک وەزیران کۆبونەوەیەکی سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ پێشێلکارییە دووبارەکانی حەماس بۆ ئاگربەستی غەززە ئەنجامدا و بڕیاری هێرشکردنەوە بۆسەر غەززە پەسەند کرا.
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە رایەکی گشتی توڕە لە ئیسرائیل دروستبووە، لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی زیاتری حەماس بەتایبەت لە سستی ئەو گروپە لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان کە تا ئێستا 13 بارمتەی لاماوە و رادەستی نەکردوە.
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکیش لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەریدەخات کە حەماس پێش ئەوەی تەرمەکان رادەست بکات خۆی دەیانکات بەژێر گڵەوە، ئەمش کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بڕیاردان لە دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەرغەززە.



