ئیسرائیل کاتز: لە هێرشە سەربازییەکەی دوێنێدا دەیان سەرکردەی حەماسمان کوشت
بڵند
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لە وەڵامی کوژرانی سەربازێکیان دەیان دامەزراوەی سەربازییان لە غەززە کردە ئامانج و هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر سەربازانی وڵاتەکەی و رێککەوتنەکان پێشێل بکات، بە خراپی باجەکەی دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی شەوی رابردوی وڵاتەکەی بۆسەر غەززە بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشە لە حەماس دەکات.
کاتز دەڵێت؛ بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەست و کوژرانی سەربازێکیان لەلایەن حەماسەوە، دەیان پێگەی سەربازی و دەیان سەرکردەی حەماسیان کردوەتە ئامانج.
وەزیرەکەی ئیسرائل جەختیکردوەتەوە لەوەی دەست ناپارێزن لە سەرکردە و چەکدارەکانی حەماس و هەرکەسێک دەستێک لە دژی سەربازانی ئیسرائیل بەرز بکاتەوە، ئەوا ئەو دەستە دەبڕن.
ئەوەشیخستوەتەروو، سوپای وڵاتەکەی فەرمانی پێکراوە لە دژی هەموو ئامانجێکی حەماس مامەڵە بکات و لە داهاتووشدا هەر بەو شێوەیە دەبێت.
ئەو لێدوانانەی کارتز لە کاتێکدایە، بە گوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکانی دوێنێشەوی سوپای ئیسرائیلدا، دەیان هاووڵاتیی مەدەنیی لە غەززە کوژراون.



