بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل چەندین کردەی تەقاندنەوە و تۆپبارانێکی چڕی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی شاری خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە ئەنجامدا، هاوکات حکومەتی ئیسرائیل ناسنامەی تەرمی دوو بارمتەی وەرگیراوی لە حەماس پشتڕاستکردەوە.

تەقاندنەوەی باڵەخانەکان لە خان یونس:

بەگوێرەی زانیارییەکان، سوپای ئیسرائیل چەندین کردەی گەورەی تەقاندنەوەی باڵەخانەکانی لە رۆژهەڵاتی خان یونس، بەدیاریکراوی لە شاری عەبسان ئەنجامداوە. ئەم کردانە هاوکات بوون لەگەڵ تۆپبارانێکی چڕی تانکەکانی ئیسرائیل لەناو شارەکەدا.

ناساندنەوەی تەرمی دوو بارمتە

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ناسنامەی پاشماوەی تەرمی هەردوو بارمتە "عومیرام کوپەر" و "ساهیر باروخ"ی پشتڕاستکردووەتەوە، کە پێشتر حەماس تەرمەکانیانی رادەست کردبوو.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی پەیمانگای نیشتمانیی پزیشکی دادی کاری لەسەر تەرمەکان کردووە، خێزانی هەردوو بارمتە کوژراوەکە ئاگادارکراونەتەوە.

تۆمەتبارکردنی حەماس بە پێشێلکردنی ئاگربەست:

پێشتر حەماس تەرمی 15 بارمتەی لە کۆی 28 بارمتەی گیانلەدەستداو رادەستی ئیسرائیل کردبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا بوو کە بە نێوەندگیری ئەمریکا، میسر و قەتەر لە 10ی ئەم مانگەدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڵام رۆژی سێشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند، بەشێک لەو پارچانەی حەماس رادەستی کردوون، هی بارمتەیەک بوون بەناوی "ئۆفیر تسەرفاتی" کە پێشتر سوپا تەرمەکەی دۆزیبووەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا سەربازێکی ئیسرائیلیش کوژرا.

دوای ئەمە، ئیسرائیل بزوتنەوەی حەماسی بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبارکرد و ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپا کرد "هێرشی بەهێز" ئەنجام بدات، هەروەها یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریش، هەڕەشەی ئەوەی لە حەماس کرد کە "باجێکی قورس" دەدات.

زیانەکان و وەڵامی حەماس

بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 104 کەس، کە 46یان منداڵ بوون و ئەمەش بەرزترین ئاماری رۆژانە بووە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە.

لەوەڵامدا، بزوتنەوەی حەماس ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و جەختیکردەوە کە بەهۆی وێرانکارییەکانی جەنگەوە، دیاریکردنی شوێنی تەرمەکان ئاڵۆز و قورسە. حەماس رونیکردەوە، "دۆزینەوەی تەرمەکان لەژێر داروپەردووی غەززەدا کاتی دەوێت و کەرەستەی پێویستمان بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەکاندا نییە."

جێی باسە، بەپێی رێککەوتنەکە، حەماس 20 بارمتەی زیندووی ئازادکرد و لەبەرامبەردا ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی ئازادکرد. بەپێی زانیارییەکانی دەزگا تەندروستییەکانی غەززە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە تا ئێستا، لانیکەم 68,643 فەڵەستینی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.