دوو كۆبوونەوە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان دەكرێت و وەفدی ئیمراڵی دەم پارتیش لەگەڵ ئەردۆغان كۆدەبێتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەسەرپەرشتی نوعمان كورتوڵموش سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمیسیۆنەكە لە 16هەمین كۆبوونەوەیدا لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و یەڵماز تونچ وەزیری دادی توركیا كۆببێتەوە و لە راپۆرتێكدا پێشهاتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی هەڵدەسەنگێنن.

بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش وەفدی ئیمراڵی دەم پارتیش كە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان و مدحەت سانجار، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆببنەوە، ئەوەش دوای كشانەوەی ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە سنوری توركیا.

مەراڵ دانش بێشتاش هاوسەرۆكی وتەبێژی دەم پارتیش رایگەیاندووە، كشانەوەی گەریلا هەنگاوێكی زۆر گرنگە و پرۆسەكە چووەتە قۆناغێكی نوێ، وتیشی، كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی بەرەو كۆتایی دەڕوات و دوای كۆبوونەوەش لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و دادی توركیا، پێویستە كۆمیسیۆن هەنگاوی جددی بنێت و رەشنووسی یاساكان ئامادە بكات و رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكات و راسپاردە بۆ دەركردنی یاساكان بخرێنەڕوو.