ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ "رەجەب تەیب ئەردۆغان" بڵاویکردەوە، "ئەنقەرە" سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپراسیۆنەکانی لە سنورەکانی خاکی سوریا و عێراق.
وتیشی، رێز لە سەروەری خاکی وڵاتانی دراوسێ دەگرن، بەڵام گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە ئامانجی سەرەکییانە.
ئەو راگەیەندراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا دوای لێدوانێکی "ئەردۆغان" دێت کە وتبووی، "مەخمور" ھێندەی "قەندیل" بۆ ئەوان گرنگە.
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە سێ ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە باکوری سوریا ئەنجامداوە، کە پارێزگاکانی "حەلەب و رەققە و حەسەکە"ی گرتەوە، لەسەر خاکی عێراقیش لە ناوچە سنورییەکانی ھەرێم ئۆپراسیۆنەکانی بەردەوامە.
ئێنریکی مۆرا نێردەی یەکێتی ئەوروپا کە رێکخەری دانوستانەکانی ڤییەننایە بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندوە، دانوستانەکان پێشکەونێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و پێشبینی دەکەن لە خولی داھاتووی دانوستانەکاندا کە ھەفتەی ئایندە بەڕێوەدەچێت بگەنە رێککەوتن.
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش رایگەیاند، لە دانوستانەکانی ڤییەننا پرسە سەرەکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران چارەسەر بووە و تەنھا چەند بابەتێک ماوە، وتیشی، تاکە بژاردە لەبەردەم لایەنەکانی ناو رێککەوتنی ئەتۆمی گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
عەباس عێراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، لەگفتوگۆکانی ڤییەننا بەرەوپێشچونی باش بەدەستھاتون، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک دۆسیەی سەرەکی ماون کە دەبێت یەکلایی بکرێنەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیھانیی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کەڕوی رەش نەخۆشییەک نییە نیگەرانی دروست بکات بەتایبەتی لە دوای تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەدوای ھندستان.
دوپاتیشیکردووەتەوە، نەخۆشییەکە دەگمەنە و ھەندێک کات توشی ئەو کەسانە دەبێت کە بەرگری لەشیان زۆر نزمە و لە ژینگەیەکی ناتەندروستدان.
لەلایەکی تریشەوە لە دوای تۆمارکردنی سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشی کەڕوی رەش لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی داوای کردووە ھاوڵاتیان بەشێوەیەکی فراوانتر ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بەکاربھێنن بۆئەوەی بەرگرییان لەدژی ڤایرۆسەکە زیاد ببێت و پارێزراوبن لە توشبون بە نەخۆشییە مەترسییدارەکان.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، دەبێت عێراق چارەنووسی ٦٤٣ ھاووڵاتی سوننە ئاشکرا بکات، کە بەر لە ٥ ساڵ لەسەر دەستی گروپەکانی شیعە رفێندراون.
رێکخراوە روونیشی کردۆتەوە، ئەو کەسانە لە ھەڵمەتێکی حەشدی شەعبی بۆ رزگارکردنەوەی "فەلوجە" لە دەستی تیرۆریستانی داعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ دیار نەماون، لەو کاتەشدا رێکخراوە ناحکومییەکان ھۆشدارییاندا لەو پێشێلکارییانەی لایەنە جیاوازەکان ئەنجامیان دەدا، حەشدی شەعبیش چەندین جار رفاندن و دەستگیرکردنی ھاووڵاتیانیان رەتکردۆتەوە.
بە پێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای کاروباری ئاشتی و سیاسەتی ئەمنی لە زانکۆی ھامبۆرگی ئەڵمانی، ئەمریکا ٢٠ موشەکی ئەتۆمی لە بنکەی (بیوخل) لە ھەرێمی ڕاینلاند بفالتسی ئەڵمانیا ھەڵگرتووە و ٢٠ موشەک لە بنکەی (کلاینە بروگل) لە بەلجیکا، ٢٠ موشەک لە (فولکل) لە ھۆڵەندا و ٢٠ موشەک (ئینجەرلیک) لە تورکیا داناوە.
ھەر بە پێی توێژینەوەکە سوپای ئەمریکا ٢٠ موشەکی ئەتۆمیشی بردووەتە ھەردوو بنکەی (ئەفیانۆ) و (گیدی توری) لە ئیتاڵیا و پاراستوونی.
بە پێی ڕاپرسییەکان زۆربەی ئەڵمانییەکان و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ کشانەوەی موشەکەکانی سوپای ئەمریکان لە وڵاتەکەیان.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ئۆپراسیۆنانەدا ١٠ کەسی مەدەنیش بریندار بوون و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیییەکانی مافی مرۆڤیش دەڵێن ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زۆر لەوە زیاترە کە سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە.
لەگەڵ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا سێ ملیۆن دۆلاری بە پنتاگۆن داوە بۆ ئەوەی قەرەبووی کەسوکاری کوژراوەکان بکاتەوە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ھیچ کام لە قوربانییەکان ئەم بڕە پارەیان بە دەست نەگەیشتووە.
مەرال دانیش بەشتاش جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن و حکومەتیش ئامادە نیە ئازادیان بکات.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە ڕاشیگەیاند، کێشەکانی بەندکراوانی نەخۆش دەباتە پەرلەمانی تورکیا و داوای ئازادکردنیان دەکات.
دانیش بەشتاش وتیشی، دۆخی نەخۆشەکان لە ناو زیندان زۆر خراپە و دادوەران دەسەڵاتەکانیان بە شێوەی کەیفی بەکاردەھێنن و بەو ھۆیەوە زیندانیانی نەخۆش ژیانیان لە دەست دەدەن.
بە پێی زانیارییەکان بەھۆی ئاگرەکەوە کۆگایەکی ٢٠ ھەزار بەرمیلی گازوایل سووتاوە، لە ئێستاشدا تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام ھێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکاوە بڵاوەکراوەتەوە دەرکەوتوە، لە ماوەی رابردوودا و سەرباری ئەو سزایانەی بەسەر ئەو وڵاتـەدا سەپاندویبَتی، بەڵام ئەمریکا یەک ملیۆن و ٣٣ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە ھاوردە کردوە.
ھاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لەمانگی ئاداردا بوە و دوەم جارە لەدوای ساڵی ١٩٩١ ەوە ئەمریکا نەوت لە ئێرانەوە ھاوردە بکات.
لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ، واشنتۆن سزای بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندوە و لەو کاتەدا ئیدارەی پێشوی ئەمریکا دوپاتیکردەوە، کە ئامانجیەتی ھەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر .