ئەمرۆ روسیا و ئۆکراین لە تورکیا رێککەوتنێک بۆ ھەناردەکردنی دانەوێلە ئیمزا دەکەن
کوردسات نیوز
٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٢
سەرۆکایەتی تورکیا بڵاویکردەوە، پاش نیوەرۆی ئەمرۆ بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و نوێنەرانی روسیا و ئۆکراین، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە ئیستەنبوڵ رێککەوتنێک ئیمزا دەکەن بۆ ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین لە رێگەی دەریای رەشەوە.
ئەندامێکی وەفدی ئۆکراین رایگەیاندوە، ھەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی ھەرسێ بەندەری ( ئۆدیسا و بیڤدینی و چۆرنۆمورسک) دەبێت و بەھیوان لە داھاتوودا کاروانەکان زیاتر بکرێن و شوێنی تریش بگرێتەوە.
چەند رۆژێکە نوێنەرانی روسیا و ئۆکراین بە چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکان لە دانوستاندان بۆ رێککەوتن لەسەر ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین کەلە دوای ھێرشەکانی روسیاوە بۆ سەر ئۆکراین ھەناردەکردنی راگیراوەو بڕەکەی دەگاتە ٢٥ ملیۆن تۆن.