لە دوای ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، واشنتۆن پشتیوانییەکانی بۆ ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە دووپاتدەکاتەوە.

نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن جەخت لە پشتیوانی ھەسەدە دەکاتەوە، چونکە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشێکی گرنگ بوون لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ڕۆڵیان ھەبووە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، لەگەڵ کوردەکانی سوریا ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە، ئامانجی سەرەکیشییان لەناوبردنی داعشە لەناو خاکی سوریا.

دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە رۆژئاوای کوردستان لە بەرنامەی کاریاندا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی مەترسییە ئەمنییەکانیان چارەسەردەکرێن.