قائانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەی لەناوخۆیی ئیسرائیل دوو ئەرکیان ئەنجامداوە، ڕوداوەکەش سوپای ئیسرائیلی خستووەتە ئامادەباشی فراوانەوە.بەبێ ئەوەی کات و شوێنی رووداوەکە ئاشکرا بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل بۆ شاردنەوەی بابەتەکە، بەھانەی ئامادەباشی سوپاکەی بەستووەتەوە بە مانۆری سەربازی کتوپڕەوە.
دوێنێش حسین سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بەزین و تێکشکانی ئیسرائیل ئەگەرێکی بەھێزە و زەمینەسازییەکەی زۆر بووە.
بەبۆنەی رۆژی قودسەوە لە تاران ھەزاران کەس خۆپیشاندنیان ئەنجامدا و پشتیوانی خۆیان بۆ فەڵەستین دووپاتکردەوە.
خۆپیشاندەران دەڵێن، دەوڵەتێک لەسەر دڕندەیی و منداڵکوشتن دامەزرابێت رۆژێک دێت لەسەر نەخشەی جیھان بسڕدرێتەوە. لە ساڵی ١٩٧٩ وە ئێرانییەکان لە کۆتا ھەینی مانگی رەمەزاندا پشتیوانی خۆیان بۆ قودس و خەڵکی فەڵەستین دەردەبڕن و دروشم لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێنەوە.
ئەردۆغان بەر لە سەردانەکەی رایگەیاند، ھەوڵ دەدەن قۆناغێکی نوێ بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانیان لەگەڵ سعودیە دەستپێبکەن و ھەردوولاش کۆکن لەسەر ئەوەی بەھێزکردنەوەی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدایە.
گروسی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ماوەی ساڵ و نیوێکە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم چاوەروانی ڕوونکردنەوەی ئێران دەکات سەبارەت بە پاشماوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو کە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان لە ٣ ناوچەی ئێران دۆزیویانەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامەکانی ئێران لەوبارەیەوە ڕوون نییە و ئاژانسەکەش چاوەرێ دەکات وەڵامی روونی لە تارانەوە دەست بکەوێت.
ڕاشیگەیاندووە، بە پێی زانیارییەکانیان ئێران تواناکانی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزکردووەتەوە و ئامێری سەنتەر فیوچی پێشەوتوو بەکاردەھێنێت.
بە وتەی لێپرسراوانی کۆشکی سپی، سەردانەکەی بایدن بۆ کۆریای باشور ماوەی ٤ ڕۆژ دەخایەنێت و لەگەڵ یون سوک یول سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەو وڵاتـە کۆدەبێتەوە، بڕیاریشە ھەر لەو سەردانەدا بایدن لەگەڵ سەرکردەکانی ژاپۆن و ئوستراڵیا و ھندستان کۆببێتەوە.
جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ئامانجی سەردانەکەی بایدن پتەوکردنی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و سیئۆل و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی ئەمریکایە بە پشتگیریکردنی ئازادی و کرانەوە بەرەو ھەردوو زەریای ھندی و ھێمن.
سەردانەکەی بایدن لە کاتێکدایە کە ھەڕەشەکانی کۆریای باکور و چین لەسەر ئاسایشی ھەرێمیی زیادیکردووە و کۆریای باکور چەندین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی و موشەکی بالستی ئەنجامداوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ سعودیە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی ئەنقەرەدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕیاز، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ڕێگەکانی فراوانکردنی ھاوکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێ دەکات.
لە دوای کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی کە ساڵی ٢٠١٨ لەناو کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژرا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ڕیاز ناکۆکی تێکەوت و ئەردۆغان لایەنی باڵای لە حکومەتی سعودیە تۆمەتبار کرد بە دەرکردنی فەرمانی کوشتنی خاشقچی ، دواجاریش لە ٧ی نیسانی ئەمساڵدا دادگای تورکیا بڕیاریدا دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگاکانی سعودیە.
"ئۆلیکسی ریزنیکۆڤ" وەزیری بەرگری ئۆکراین ڕایگەیاندووە، لە بەردەوامیی ھێرشەکانی ڕووسیا و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سوپای ئۆکراین و سوپای ڕووسیا، پێشبینی دەکەن چەند ھەفتەیەکی زۆر سەختیان لە بەردەمدا بێت، ھەر بۆیە داوای لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە خۆڕاگر و یەکریز بن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ڕووسیا ھێزەکانی کۆکردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی ھێرشێکی گەورە لە خۆرھەڵاتی وڵاتەکە، ڕاپۆرتە ئەمنییەکانی ڕۆژئاواش پێشبینی دەکەن بەھۆی ئالۆزتربوونی ڕەوشەکەوە جەنگی نێوان ئۆکراین و ڕووسیا بۆ چەند مانگێکی تر درێژە بخایەنێت.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕووسیا لە مانگی ڕابردوو ھێزەکانی لە دەوروبەری کیێڤی پایتەخت کشانەوە و ڕایگەیاند کە دووبارە ئەو ھێزانە لە ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین دابەشدەکرێنەوە و لەمەودوا ڕووسیا زیاتر گرنگی بە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین دەدات بە تایبەت ھەرێمی دونباس.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی ھێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین سەردانی کیێڤی کرد و ناوچەی بورودیانکای لە نزیک کیێڤی پایتەخت بەسەرکردەوە.
لە لێدوانێکیشدا داوای لە ڕووسیا کرد ھەماھەنگی لەگەڵ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان بکات لەبارەی ئەگەری ڕوودانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراین. بڕیاریشە ھەر ئەمڕۆ گۆتێرێس لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین کۆببێتەوە.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک نێردەیەکی ئاشتی کار بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکراین دەکات و ڕۆژی سێشەممەش سەردانی ڕووسیای کرد.
ئەندامە ئەمریکییەکانی رێکخراوی ئاسایش و ھەماھەنگی ئەوروپا، تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ ڕووسیا کە بەنیازی "ریفراندۆمێکی شەرمەزارکەرانەیە" و دەیەوێت ھەڵبژاردن لەو ناوچانەی ئۆکراین بکات کە داگیریکردوون و دەکەونە باشوور و رۆژھەڵاتی ئۆکراین.
ئەمریکا دەشڵێت "ئەم ریفراندۆمە ناشەرعی و ساختەیە بەشێکە لەو پێشێلکارییانەی کە مۆسکۆ پلانی بۆ داڕشتووە و خەڵک ڕەتیدەکەنەوە... کۆمەلگای نێودەوڵەتی دەبێت ئەوە ڕوونبکاتەوە کە ریفراندۆمێکی لەو جۆرە ھەرگیز دانی پێدا نانرێت و نابێتە شەرعی."
زیاتر لە دوو مانگە ڕووسیا ھێرشێکی سەربازی بۆسەر ئۆکراین دەستپێکردووە و چەندین شاری تەختی زەوی کردووە، بەڵام ھەوڵەکان بۆ گرتنی کیێڤی پایتەختی ئۆکراین شکستیان ھێناوە.
ئێستا ڕووسیا ھێرشەکانی بۆسەر دوو پارێزگای رۆژھەڵاتی ئۆکراین چڕکردووەتەوە و وڵاتانی ڕۆژئاواش بە توندی ئیدانەی دەکەن و بە ناردنی چەک ھاوکاری ئۆکراین دەکەن.
کۆمپانیای گازپرۆمی روسی رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی بە رۆبڵ پارەی ئەو غازەیان نەداوە کە لە روسیاوە بۆیان ھەناردە دەکرێت، لەمڕۆوە غازی پۆڵەندا و بولگاریایان بڕیوە و تا ئەو کاتەی ئەو بڕە پارەیەی لەسەریان کەڵەکە بووە بە رۆبڵ دەیدەنە مۆسکۆ، غازی روسیا رەوانەی ئەو دوو وڵاتە ناکرێتەوە، ئەم ھەنگاوەش دوای ئەوە دێت ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بڕیاریدا تەنھا بە دراوی وڵاتەکەی پارەی غاز لەو وڵاتە ئەوروپیانە وەربگیرێت کە لە جەنگی ئۆکراین دژایەتی روسیا دەکەن.
لە بەرامبەر بڕیارەکەی گازپرۆمیشدا، سەرۆک وەزیرانی بولگاریا نیگەرانی دەربڕی و رایگەیاند، بڕیارەکە بۆ بێزارکردنە، سەرۆکی پەرلەمانی روسیاش رایگەیاند، پێویستە ئەو بڕیارە تەواوی ئەو وڵاتانەی تریش بگرێتەوە کە دۆستی روسیا نین.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس رایگەیاند، بە کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٩ و خستنی ناوی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ناو لیستی تیرۆر، ھەڕەشەکانی ئەو ھێزە لەسەر لێپرسراوانی ئەمریکا زیادیکردووە و تا ئێستاش بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەرھێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا پەیوەندی بە بڕیاری پێویست لەلایەن ئێرانەوە ھەیە و تاران بەباشیی دەزانێت بۆ ئەو مەبەستە دەبێت چی بکات.
دوابەدوای کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بۆ پڕچەککردنی ئۆکراین کە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رەخنەی لە لێدوانێکی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا گرت کە رایگەیاندبوو، ئەگەری سەرھەڵدانی شەڕێکی ئەتۆمیی لە ئۆکراین لەئارادایە و نابێت ئەو مەترسییە پشتگوێ بخرێت.
ئۆستن رایگەیاند، ھیچ کەس و لایەنێک نایەوێت جیھان توشی شەڕێکی ئەتۆمیی ببێت و ئەو جۆرە لێدوانانە زۆر مەترسیدارن و ھیچ سودێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئالۆزییەکان نابێت، ئاماژەی بەوەشکرد، لە داھاتوویەکی نزیکدا گروپێکی پەیوەندیی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراین پێکدەھێنن و مانگانەش گروپەکە کۆدبێتەوە.
لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا، پێنج وڵاتە ئەتۆمییەکە دووپاتیان کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت جەنگی ئەتۆمی سەر ھەڵبدات، ئەوە ھەڵوێستی ڕووسیاشە، بەڵام لەم کاتەدا مەترسییەکی جدی و ڕاستەقینەی سەرھەڵدانی جەنگی ئەتۆمی ھەیە و نابێت بە کەمی سەیر بکرێت، ھەندێک لایەنیش بە ئەنقەست دەیانەوێت مەترسییەکان گەورەتر بکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکراین، تا ئێستا چەند جارێک ئەمریکا ھۆشداری داوە لەوەی ڕووسیا چەکی ئەتۆم لەو جەنگەدا بەکاربھێنێت، بەڵام مۆسکۆ ڕەتیکردووەتەوە نیازێکی لەو جۆرەی ھەبێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەی حکومەتی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تورکیا لەسەر ئەو باوەڕەی کە ئاسایش لە دەرەوەی سنوورەکانی دەستپێدەکات، بەردەوام دەبێت لە ھێرشەکانی دژی پەکەکە لە دەرەوەی سنوورەکان، تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی سنوورەکانی باشووری تورکیا کۆنتڕۆڵ دەکات.
وتیشی، ئامانجی تورکیا لە لەشکرکێشیی چڕنووک-قوفڵ پاککردنەوەی تەواوەتی ناوچەی زاپە لە پەکەکە و ئەو ھێرشە وەک ھێرشەکانی تری تورکیا، بە تەواوی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت.
ماوە ١٠ ڕۆژە، تورکیا لەشکرکێشییەکی نوێی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا و باسیان، لە ژێر ناوی چڕنووک-قوفڵ دژی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێکردووە.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، واشنتۆن ھەست بە نیگەرانیی و بێ ھیوایی دەکات لە بڕیارەکەی دادگای تورکیا بۆ زیندانییکردنی کاڤالا کە زیاتر لە چوار ساڵە بە بێ دادگاییکردن دەستگیرکراوە.
دووپاتیشیکردەوە ئەو بڕیارە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین یەکناگرێتەوە و پێویستە کاڤالا و سەرجەم ئەو کەسانەی تر کە بە نادادپەروەرانە لە تورکیا دەستگیرکراون ئازاد بکرێن.
درەنگانی شەو پۆلیسی پاریس ئۆتۆمبێلێکی بەدیکردووە کە بە پێچەوانەی ئاڕاستەی یەکێک لە شەقامەکانی پۆند نیوف ڕێگەی بڕیوە، پۆلیس بەھۆی گومانکردن لە ئۆتۆمبێلەکە دەستڕێژی گولەی لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە و دوو کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
تەلەڤیزیۆنی (BFM TV) بڵاویکردەوە پۆلیس دەستکردووە بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.
ئەم ڕووداوی تەقەکردنە لەدوای چەند سەعاتێک لە ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا دێت کە تێیدا ئیمانوێل ماکرۆن بە براوە دەستنیشانکرا.