دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران لەبارەی چاندنی مینەوە، دواتر رایگەیاند 10 کەشتی ئەو وڵاتەیان لەکاتی چاندنی میندا تێکشکاندووە
سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی دەنگۆی چاندنی مین لە گەروی هورمزدا لەلایەن ئێرانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریشی دایە ئێران لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کارە.
لە سەرەتادا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تروس سۆشیاڵ ئاماژەی بەوەدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە ئێران لە گەروی هورمز سەرقاڵی چاندنی مینە.
ئەوشی روونکردەوە، ئەگەر بەڕاستی ئێران مینی لە گەروەکەدا چاندبێت، ئەوا ئەمریکا دەخوازێت بە زووترین کات ئەو مینانە لاببرێن، ئەگەرنا لێکەوتەی سەربازیی قورستر لەسەر ئەو وڵاتە دروستدەبێت.
لەلایەکی تریشەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، لەماوەی چەند سەعاتی رابردوودا توانیویانە 16 کەشتیی ئێران کە سەرقاڵی چاندنین مین بوون، لەلایەن هێزەکانیانەوە بەتەواویی تێکشکێنراون.
وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێت؛ توانای موشەکیی ئێرانیان لەناوبردووە و بڕیاری راگرتنی جەنگ لە دەستی ترەمپە.
پیت هیگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تواناکانی تاران لە بەرهەمهێنانی موشەک بە تەواوی لەناوبراون و هێزە ئەمریکییەکان توانیویانە مەترسییەکانی سەر دەریا کەم بکەنەوە.
وتیشی، تاران تۆمەتبارە بەوەی کە مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج و لەناو نەخۆشخانە و قوتابخانەکانەوە موشەک ئاراستە دەکات.
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، توانای ئێران بۆ هەڵدانی موشەک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانیانە.
راشیگەیاند، ئێران ئێستا تەنهایە و لەم جەنگەدا دەدۆڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەرکی لەپێشینەیان پاراستنی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە راگرتنی جەنگ و کۆتاییهێنان بە هێرشەکان پیت هیگسێس ئاشکرایکرد، کاتێک جەنگ رادەگیرێت، کە ترەمپ بریار دەدات و بڕیاری کۆتایی تەنها لای سەرۆکی ئەمریکایە.
راوێژكارانی سەرۆكی ئەمریكا بە نهێنی كار بۆئەوە دەكەن ترەمپ رازی بكەن لە شەڕی ئێران بكشێتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، راوێژكارانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە نهێنی لە هەوڵی ئەوەدان ترەمپ رازی بكەن لە شەڕی ئێران بكشێتەوە و داوا دەكەن، سەرۆكی ئەمریكا روونی بكاتەوە كە سوپای وڵاتەكەی بەشێكی زۆر لە ئامانجەكانی لە ئێران بەدەستهێناوە.
ئەو راوێژكارانە دەیانەوێت ترەمپ هان بدەن رایبگەیەنێت كە بەرنامە موشەكییەكەی ئێرانیان شكستپێهێناوە و كەشتییەكانی ئەو وڵاتەشیان لەناوبردووە، توانای ئێرانیشیان بۆ پشتیوانیكردنی گروپەكانی ناوچەكە پەكخستووە و رێگریشیان كردووە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رەوشی ئێران و ئۆكرانیان تاوتوێكرد.
یوری ئوشاكوڤ یاریدەدەری سەرۆكی روسیا رایگەیاند، ترەمپ پەیوەندی بە پوتنەوە كردووە بۆ تاوتوێكردنی چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەست بە پێشهاتەكانی ئێستا و رەوشی جیهان بە گشتی.
وتیشی، پەیوەندییەكە نزیكەی سەعاتێكی خایاندووە و باس لە شەڕی ئێستای ئێران و دانوستانەكان لەبارەی ئۆكراین بە بەشداری نوێنەرانی ئەمریكا كراوە.
بەپێی زانیاریی میدیاكانی روسیاش، لەو پەیوەندییەدا ترەمپ هەڵسەنگاندنی خۆی لەبارەی هەڵمەتەكانی ئێستای ئەمریكا و ئیسرائیل خستووەتەڕوو، بیروڕاش سەبارەت بە رەوشی ئێران ئاڵوگۆڕ كراوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا دەربارەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، سەرکەوتنی گەورەی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی قارەمانانە" راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، کە هێزەکانیان گورزێکی کوشندەیان لە ئێران داوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی تەنها سێ رۆژ و نیودا، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە 46 کەشتیی جەنگیی ئێران نوقم بکەن و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی تێکبشکێنن.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە ئەنجام نەدرانایە، ئێران دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وتیشی: "نزیکەی %80ی پێگە و سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی ئێرانمان وێران کردووە."
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، جەنگی دژی ئێران بەردەوامە و تا بنبڕکردنی تەواوەتی مەترسییەکانی تاران و تێکشکاندنی توانای درۆنی و موشەکی ئەو وڵاتە، لە هێرشەکانیان ناوەستن.
راشیگەیاند، ئەوان لەسەر رژێمێک سەرکەوتوون کە 47 ساڵە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات، بەڵام هێشتا سەرکەوتنەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە کۆتاییەی کە مەبەستیانە.
هەر لە لێدوانەکەیدا، ترەمپ رەخنەی توندی لە ئیدارەی پێشوو گرت و وتی، لە سەردەمی بایدندا ئەمریکا مەزن نەبوو و رێگە درا "خەڵکی خراپ و تیرۆریست" روو لەو وڵاتە بکەن، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' بڵاویکردەوە، پوتن لەگەڵ ترەمپ دەربارەی ئێران قسەی كرد و پوتن، چەند پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بە خێرایی.
یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە دواین پەرەسەندنە نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە.
ئۆشاکۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکە لەسەر داوای ترەمپ بووە و نزیکەی سەعاتێکی خایاندووە، گفتوگۆکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بونیاتنەرانە بەڕێوەچووە، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە سەر ململانێی ئێستا و دانوستانە دووقۆڵییەکان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەردوو سەرۆک هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوشی ئێران و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە، ئۆشاکۆڤ وتیشی، ئاڵوگۆڕی بیروڕای قووڵ و بەسوود لەسەر رەوشی ناوخۆیی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە ئەنجامدراوە.
هەروەها رەوشی ڤەنزوێلا و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی نەوتی جیهانی تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی نێوان پوتن و ترەمپ بووە،هەردووکیان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە پەیوەندییانە بە شێوەیەکی بەردەوام و رێکخراو لە نێوانیاندا بەردەوام بێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: چاوەڕوان دەکەین جەنگی ئێران بەمزوانە کۆتایی بێت و زۆربەی ئامانجەکانیان لە ئێران پێکاوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (CBS)، چەند زانیارییەکی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی ململانێ سەربازییەکانی وڵاتەکەی و ئێران ئاشکراکرد.
ترەمپ رایگەیاند، جەنگی دژی ئێران بە خێراییەکی زۆر زیاتر لەوەی پێشتر پلانی بۆ داڕژابوو بەڕێوەدەچێت و وتی: "ئەم جەنگە بە رێژەیەکی زۆر کۆتاییپێهاتووە و ئامانجەکان خەریکن دەپێکرێن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە قۆناغی دوای "خامنەیی" کرد و رایگەیاند، لە ئێستاوە بیر لە دیاریکردنی کەسایەتییەک دەکەنەوە بۆ ئەوەی شوێنی رێبەری باڵای ئێران بگرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بیر لەوەدەکاتەوە، دەستبەسەر گەرووی هورمزدا بگرێت.
ترەمپ ئاشکراشیکرد، ئێران هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و سیستەمی پەیوەندیی نەماوە، هەروەها باشترە لێپرسراوانی ئێران هیچ كارێكی پێشێلكاری نەكەن ئەگەر نا ئەوە دەبێتە كۆتایی ئەو وڵاتە.
لە سەرەتای دەستپێكی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، تا ئێستا 10 كەشتی لە گەرووی هورمز یان كراونەتە ئامانج.
ئاژانسی ئاسایشیی دەریایی بەریتانیا بڵاویكردووەتەوە، لە دەستپێكی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بۆسەر ئێران، تا ئێستا 10 كەشتی لە گەرووەكەدا كراونەتە ئامانج.
رێكخراوی دەریایی نێودەوڵەتیش رایگەیاندووە، تەنها لە هەفتەی یەكەمی شەڕدا نۆ كەشتی لە گەرووەكەدا بە ئامانجگیراون، كە لە چوار هێرشیاندا حەوت كەس گیانیان لەدەستداوە.
كۆمپانیای شیكاریی كەیپلێر كە سەكۆی مارین ترافیك بەڕێوەدەبات رایگەیاندووە، ئێران ئامانجی لە داخستنی گەرووەكە كەشتییەكان نییە، بەڵكو پەكخستنی بازرگانی و ئابوریی جیهانە.
گەرووی هورمز بە رێڕەوێكی گرنگی بازرگانی لە جیهاندا دادەنرێت، بەتایبەتیش نەوت و غاز، كە گەرووەكە رێڕەوی سەرەكی تێپەڕبوونی نەوتی عیراق و وڵاتانی كەنداوە بەرەو جیهان و 20٪ی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێی ئێران دڵخۆش نیە و لاریجانیش دەڵێت رابەری نوێ دەتوانێت وڵات بەرێوەبەرێت .
لە یەكەم لێدوانیدا لە دوای دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێی ئێران ، ترەمپ بە كەناڵی فۆكس نیوزی راگەیاندوە ، دڵخۆش نییە بە دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی ، بەڵام هیچ لێدوانێكی تری لەوبارەیەوە نەداوە .
هاوكات عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاندووە ، سەرباری ئەو هەرەشانەی ئاراستەی دەكرا ، ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران توانی رابەری نوێ دیاریبكات و دوپاتیشیكردوەتەوە كە موجتەبا خامنەیی توانای بەرێوەبردنی وڵاتی هەیە لەم رەوشە هەستیارەی پێیدا تێدەپەریت، داواشی كردوە هەموان پێكەوە بە یەكریز لە پشت رابەری نوێ بوەستن و پاڵپشتی بكەن .
رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران كە لە 88 ئەندام پێكدێن، هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێی وڵاتـەكە راگەیاند، ئەوەش لە دوای ئەوەی لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە رۆژی 28 ی شوبات، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران كوژرا .
ئاژانسی گەشەپێدانیی ئابوریی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی ئەمریکا بڕی 20 ملیار دۆلاری وەک "دڵنیایی" بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە تەرخانکردووە، کە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو و جەنگی دژ بە ئێران بەر کەشتییە بازرگانییەکان دەکەوێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە ئاژانسی دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا کردووە، کە 'گەرەنتی دارایی' بۆ کەشتییە بارهەڵگرەکان دابین بکات، کە بەهۆی جەنگەوە هاتوچۆی تانکەرەکانی نەوت و غازی سروشتی لە گەرووی هورمز کە لە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بە تەواوی پەکیکەوتووە.
هاوکات لەگەڵ پاڵپشتی دارایی، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە هێزی دەریایی ئەمریکا وەک پاسەوان یاوەری کەشتییە بازرگانییەکان بکات.
بەڵام شارەزایان دەڵێن؛ جێبەجێکردنی ئەمە ئاسان نییە، چونکە بەشێکی زۆری کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا سەرقاڵی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئێرانن، مەترسیی بەئامانج گرتنی کەشتییە جەنگییەکان لەلایەن موشەکەکانی ئێرانەوە لە ئارادایە.
لەلایەکی تریشەوە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، پلانی دڵنیایی 'بیمە' و یاوەریی سەربازیی، کێشەی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا چارەسەر دەکات، پێشبینیش دەکات لەماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەدا گرژییەکان کۆتاییان پێبێت.
لە بەرانبەریشدا، بەشێک لە شارەزایانی کەرتی گواستنەوەی دەریایی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر ئاستی گرژییەکان زیاتر بێت، رەنگە تەنها پاڵپشتی دارایی بەس نەبێت بۆ قایلکردنی کۆمپانیا گەورەکان تا تانکەرەکانیان بنێرنە ناوچە مەترسیدارەکان.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس، دۆناڵد ترەمپ جەختی لە بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کردەوە و رایگەیاند، کە هێزەکانیان لە ئێران کارێکی "سەرسوڕهێنەر"یان ئەنجامداوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، تواناکانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان تێکشکاندووە و هێزی دەریایی ئەو وڵاتەشیان نوقم کردووە، بە جۆرێک کە دەڵێت؛ ئیتر هیچیان بۆ نەماوەتەوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە عەلی لاریجانی، بەرپرسی باڵای ئێران، پلانی هەبووە بۆ زاڵبوون بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەهۆی گوشار و سیاسەتەکانی ئەوەوە، لاریجانی ناچار بە تەسلیمبوون بووە لە بەرانبەر ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەدا.
ترەمپ دەشڵێت؛ گەشبینە بە سەرکەوتنێکی خێرا لە ئێران، کە هاوشێوەی پێشتر نەبینرابێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمانیش، ئەو رایگەیاند، کە بۆ ئەوان گرنگ نییە هاوپەیمانەکان چی دەکەن و دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن، چونکە بە وتەی ئەو وڵاتە دڵسۆزەکان، لەم جەنگەدا لەگەڵ ئەمریکادان.
تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا سێیەمین گروپی هێرشبەری کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران ئامادە کردووە و بڕیارە بەم زووانە رەوانەی ناوچەکەیان بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم کەناڵە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جۆرج دەبڵیو بوش" رۆژی پێنجشەممە سەرجەم مەشق و راهێنانە سەربازییە پێویستەکانی پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە و ئێستا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ جوڵەکردن بەرەو دەریای ناوەڕاست.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئامادەکارییانە، کەشتیی گەورەی فڕۆکەهەڵگری "جیراڵد ئاڕ فۆرد"یش دوای تێپەڕبوونی بە کەناڵی سوێسدا، رۆژی پێنجشەممە گەیشتووەتە ناو ئاوەکانی دەریای سوور، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنەی پێشتر کاربەدەستانی ئەمریکا دابوویان بۆ رەوانەکردنی هێزی زیاتر و پتەوکردنی پێگەی سەربازیی خۆیان لە ناوچەکەدا بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تاران.
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی کۆتایی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی شەڕ و ئیمزاکردنی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران راگەیاند، کە ئەویش "خۆ رادەستکردنی تەواو و بێمەرجی" تارانە.
دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، دەبێت "سەرکردەیەکی مەزن و پەسەندکراو" بۆ ئێران هەڵبژێردرێت.
ترەمپ ئاشکرایکرد، دەبێت "بە شەخسی" بەشدار بێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی رابەری داهاتووی ئێراندا، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر واشنتن لە ڤەنزوێلا ئەنجامی دا.
: ترەمپ بەڵێنی دا کە دوای خۆرادەستکردنی تاران، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی "بێوچان" کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئێران لە لێواری وێرانبوون و بەهێزکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە.
لە بەرانبەردا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، تاران لە چەند وڵاتێکەوە دەسپێشخەریی بۆ گەیشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
پزیشکیان جەختی کردەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دوودڵ نابن.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکی نهێنیدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تا ئێستا، روسیا زانیاریی هەواڵگریی هەستیاری لەسەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتە بەردەستی ئێران.
سێ لێپرسراوی باڵا کە ئاگاداری راپۆرتە نهێنی و هەواڵەگرییەکانن بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان راگەیاندووە، مۆسکۆ شوێنی وردی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بۆ تاران دیاری کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم زانیارییانە بە مەبەستی یارمەتیدانی ئێران بووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەمریکاوە هەیە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەمە یەکەمین نیشانەیە کە دەری دەخات زلهێزێکی تری جیهانی و نەیارێکی گەورەی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لەم ململانێیەدا.
لەلایەکی دیکەوە، شارەزایانی سەربازی لە ناوەندە لێکۆڵینەوە جیهانییەکان ئاشکرای دەکەن، ئەو وردکارییە زۆرەی لە هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەبینرێت، بەرهەمی هاوکارییە هەواڵگرییە بۆشاییەکانی روسیایە.
دارا ماسکۆت، شارەزا لە کاروباری سەربازیی روسیا لە "دەزگای کارنیگی بۆ ئاشتی"، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران بە شێوەیەکی زۆر ورد رادارەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، سیستمی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، تەنانەت جوڵەی کەشییە جەنگییەکانیشی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دەست ئێران کەوتووە..
بەهۆی ئەوەی ئێران خاوەنی تۆڕێکی تەواوی مانگە دەستکردە سەربازییەکان نییە، پەنای بۆ مۆسکۆ بردووە، روسیا وێنەی مانگە دەستکردە سیخوڕییەکانی خۆی دەداتە تاران کە زۆر وردترن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، مۆسکۆ ئەو شارەزاییەی لە شەڕی ئۆکراین لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکان بەدەستی هێناوە، ئێستا بۆ لێدانی هێزەکانی ئەمریکا پێشکەشی ئێرانی دەکات.
لەلای خۆشیەوە، نیکۆڵ گرایفسکی، توێژەر لە زانکۆی هارفارد، دەڵێت: "هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی ئێران ئاستێکی بەرزی پێشکەوتنیان پێوە دیارە، تاران توانیویەتی لە هەندێک شوێندا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ببڕێت، ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هاوسەنگیی هێزدا."
هاوکات، ئەم جوڵە هەواڵگرییە و نهێنییە بووەتە مایەی نیگەرانیی قووڵی کۆشکی سپی، چونکە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانی سەربازانی ئەمریکا دروست دەکات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دروستبوونی بەرەیەکی نوێی جیهانی (روسیا-ئێران) دژی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن، تا ئێستا لێپرسراوانی ئەمریکا بە رەسمی لێدوانیان لەسەر ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە نەداوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەمە واشنتن ناچار دەکات بە ستراتیژیی خۆیدا بچێتەوە.
ئەمریكا لەگەڵ كۆریای باشور لە گفتوگۆدایە بۆئەوەی بەشێك لەو سیستمە بەرگرییەی لە كۆریا جێگیركراون بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە.
چۆ هیون وەزیری دەرەوەی كۆریای باشور رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریكا سەرقاڵی گفتوگۆن بە مەبەستی گواستنەوەی بەشێك لە سیستمی بەرگریی وڵاتەكەیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی چۆسون دەیلی كۆریای باشور، سیستمی بەرگریی ئەو وڵاتە كە پاتریۆت و تادی ئەمریكییە و پێشتر لە واشنتۆنیان كڕیوە، لە وڵاتەكەیاندا جێگیریان كردووە.
هەربەپێی رۆژنامەكە و لێدوانەكانی پێشووی وەزیری دەرەوەی كۆریای باشور، چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ گواستنەوەی سیستمە بەرگرییەكەدا بەشێك لە كەرەستە و پێداویستی جەنگیی تریش بگوازرێنەوە، لەوانەش، فڕۆكەی سیخوڕی و چاودێریی.
پێشتریش لە هێرشەكەی مانگی شەشی ساڵی رابردووی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەمریكا لە كۆی هەشت سیستمی بەرگیی پاتریۆت لە كۆریای باشور، سێ سیستمی گواستەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر لە مانگی 10دا گەڕاندییەوە بۆ كۆریا.
وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت؛ بەشداریکردنی هێزەکانی وڵاتەکەی لە هێرشەکان بۆسەر ئێران بەدوور نازانێت.
لە نوێترین پەرەسەندنی جەنگی ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل، جۆن هیلی، وەزیری بەرگری بەریتانیا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ قوبرس رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گۆڕینی ستراتیژییە سەربازییەکانی و بەشداری فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیای لە بۆردومانکردنی ئێران دوور نییە.
وەزیری بەرگری بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، کە بارودۆخی شەڕ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەبێت ئەوانیش خۆیان لەگەڵ پێشهاتەکان بگونجێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، بەریتانیا سیستمی بەرگری تایبەت بە بەرپەرچدانەوەی درۆن و کەشتییەکی جەنگی لە جۆری "تایپ 45" کە بە سیستمی بەرگری ئاسمانیی پێشکەوتوو دیزاین کراوە، دەنێرێتە ناوچەکە.
جۆن هیلی راشیگەیاند، بەریتانیا لە رێگەی پلانداڕێژەرە سەربازییەکانییەوە کار دەکات بۆ هەماهەنگی لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی ئەڵمانیا و یۆنان کە چوونەتە ناوچەی ململانێکان.
سەبارەت بە بەشداریکردن لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاشکرایکرد، هەموو ئەو کارانەی تا ئێستا کردوویانە بەرگرییانە و یاسایی بووە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیاندا هەماهەنگییان کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەگەر پێویست بکات بەریتانیا ئامادەیە لە قۆناغی بەرگرییەوە بچێتە قۆناغی هێرشبەری.