گۆڤارێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، فڕۆکەی جەنگیی نوێی روسیا ناسراو بە کش مات، پێشبینی دەکرێت ببێتە خاوەن کەمترین تێچووی بەرهەمهێنان و کارکردن لە نێوان فڕۆکەکانی نەوەی پێنجەمدا.
گۆڤاری "میلیتاری وۆچ"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، فڕۆکەی جەنگیی نوێی روسیا بە ناوی "سو-75" ناسراو بە 'کش مات ' Checkmate، پێشبینی دەکرێت ببێتە کەمترین تێچووی فڕۆکەکانی نەوەی پێنجەم لە جیهاندا.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەداوە، بەراورد بە خێزانی فڕۆکەکانی "سو-27" (وەک سو-30، سو-34 و سو-35) کە قەبارەیەکی گەورەتریان هەیە، فڕۆکەی "سو-75" بە جۆرێک دیزاین کراوە کە تێچووی کارکردن و چاککردنەوەی زۆر کەمتر بێت. بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیای سوخۆی لە دیزاینی ئەم فڕۆکەیەدا گرنگییەکی زۆری بە کەمکردنەوەی تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان داوە، بە جۆرێک کە رەنگە کەمترین تێچووی بەرهەمهێنانی لەنێو فڕۆکەکانی نەوەی پێنجەمدا هەبێت.
تەکنەلۆژیا و سودوەرگرتن لە "سو-57" بەپێی راپۆرتەکە، پڕۆگرامی پەرەپێدانی "کش مات" سوود لەو تەکنەلۆژیایانە وەردەگرێت کە پێشتر بۆ فڕۆکەی "سو-57" بەکارهاتوون، بەتایبەت لە سیستمە لاوەکییەکان و بزوێنەری هاوبەشدا، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی تێچووی کۆتایی فڕۆکەکە دەبێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا، میدیاکانی روسیا رایانگەیاندووە کە کۆمپانیای یەکگرتووی فڕۆکەوانیی روسیا، دەستی بە بەرهەمهێنانی مۆدێلی سەرەتایی (نموونە)ی ئەم فڕۆکەیە کردووە.
فڕۆکەی "سو-75" (کش مات):
فرۆکەی جەنگی کشومات فڕۆکەیەکی نەوەی پێنجەمە و خاوەن یەک بزوێنەرە، بەشێوەیەک دیزاین کراوە خۆی لە رادارەکان دەشارێتەوە.
خێراییەکەی نزیکەی 2200 بۆ 2470 کم/لە سەعاتێکدا ، واتا دوو هێندەی خێرایی دەنگ، هەروەها خاوەن رادارێکی پێشکەوتووە کە دەتوانێت لەیەک کاتدا 30 ئامانج دیاری بکات و هێرش بکاتە سەر 6 ئامانجیان.
مۆسکۆ ئامانجییەتی ئەم فڕۆکەیە هەناردەی وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین بکات (وەک هیندستان، ڤێتنام و ئەرجەنتین) و پلان هەیە لە ماوەی 15 ساڵدا نزیکەی 300 فڕۆکە بفرۆشێت.
لە رووی نرخیشەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی هەر فڕۆکەیەک لە نێوان 25 بۆ 35 ملیۆن دۆلار بێت، کە ئەمەش بە بەراورد بە "ئێف-35"ی ئەمریکی کە نرخی لە 100 ملیۆن دۆلار کەمترە.
بەراوردکاریی لە نێوان فڕۆکەی "سو-75"ی روسی و فڕۆکەی "ئێف-35"ی ئەمریکی:
تێچووی بەرهەمهێنان:
فڕۆکەی "سو-75" (کش مات) پێشبینی دەکرێت نرخی هەر دانەیەکی لە نێوان 25 بۆ 35 ملیۆن دۆلار بێت.
فڕۆکەی "ئێف-35"ی ئەمریکی نرخی هەر دانەیەکی لە 100 ملیۆن دۆلار زیاترە.
تێچووی کارکردن و چاککردنەوە:
دیزاینی "سو-75" بە جۆرێک کراوە کە کەمترین تێچووی ئۆپەراسیۆن و چاککردنەوەی هەبێت و پێشبینی دەکرێت کەمترین تێچووی بەرهەمهێنانی لەنێو فڕۆکەکانی نەوەی پێنجەمدا هەبێت.
بە پێچەوانەوە، فڕۆکە گەورەکانی وەک خێزانی "سو-27"ی رووسی، بەهۆی قەبارە گەورەیانەوە خاوەن تێچووی بەرزترن لە رووی کارکردن و چاککردنەوەوە.
تەکنەلۆژیا و دیزاین:
هەردوو فڕۆکەکە سەر بە نەوەی پێنجەم و خاوەن تەکنەلۆژیای خۆشاردنەوەن لە رادارەکان.
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ترەمپ بە نهێنی بە راوێژکارەکانی وتووە؛ کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکی بە واتای کۆتاییهاتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران دێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستیریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی نهێنی بە تیم و راوێژکارەکانی راگەیاندووە، لە ئەگەری کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە، ئاگربەستی نێوانیان بەتەواوەتی کۆتایی پێدەهێنێت.
ئەم پەیامەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک جەختی لەسەر بژاردەی دیپلۆماسی کردووەتەوە، بەڵام هاوکات بژاردەی سەربازیشی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەپێی راپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، سەرەڕای زنجیرەیەک پێکدادانی کاتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵام بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان راگیراون.
لە بەرانبەردا، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو پێکدادانانەی بە "رێوشوێنی بەرگری" وەسفکرد و رایگەیاند، ئەو چالاکییانە بە مانای گەڕانەوە بۆ شەڕی هەمەلایەنە نایەت، رۆبیۆ وتیشی: "ئەو پێکدادانانە وەڵامی کردەوەکانی ئێرانن، ئەگەر ئەوان دەستپێشخەری نەکەن، ئێمەش هیچ ناکەین، بەڵام ناچارین وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بدەینەوە."
سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەردەوامبوونی ئەو هێرش و پێکدادانانە، گوشارێکی زۆری لەسەر ئیدارەکەی ترەمپ دروستکردووە و بووەتە هۆی ئەوەی گومان لەسەر مانەوەی ئاگربەستەکە بۆ ماوەی درێژخایەن دروست ببێت.
ترەمپ وادەی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئاشكرا دەكات و وردەكاری رێكەوتنێكی چوار قۆناغیش بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەركردنی دۆسیەی ئەتۆمی و گەروی هورمز دەخرێتەروو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، رەنگە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئێران بگەینە رێككەوتن، هاوكات سەرچاوە میدیاییەكان وردەكاریی رێككەوتنێكی چوار قۆناغییان بڵاوكردەوە كە وەك نەخشەڕێگایەك بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە دیاریكراوە.
بە پێێ سەرچاوە میدیاییەكانی نزیك لە كۆشكی سپی، قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكە بریتییە لە ئاگربەستێكی هەمیشەیی و دووبارەنەبوونەوەی جەنگ، كە تاران پێداگری دەكات دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە، قۆناغی دووەم تایبەتە بە ئاسایشی كەشتیوانی و كردنەوەی گەروی هورمز بە رووی بازرگانیی جیهانیدا.
قۆناغی سێیەم بریتییە لە هەنگاوەكانی متمانەسازیی ئابوری، كە لادانی بەشێك لە گەمارۆكان و ئازادكردنی بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران و ئاسانكاری بۆ هەناردەی نەوت دەگرێتەوە، قۆناغی چوارەمیش تایبەتە بە دۆسیە ستراتیژییەكانی وەك بەرنامەی ئەتۆمی، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و گرەنتییە نێودەوڵەتییەكان.
لەلایەكی دیكەوە، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران خاڵی سەرەكیی دانوستانەكانە، و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت؛ تا ئێستا هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاو بەدی نەهاتووە.
واشنتۆن هەوڵەکانی بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی تاران چڕکردووەتەوە و ترەمپیش دەڵێت؛ لە کۆتایی هەفتەدا پێشهاتی نوێ رودەدات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بە ئاڕاستەیەکی زۆر باشدا بەڕێوەدەچن و ئەگەری زۆرە لە کۆتایی هەفتەدا پێشهاتی نوێ روبدات.
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، ئەمریکا نزیکە لە ئیمزاکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ تاران، کە تێیدا ئێران پابەند دەبێت بەوەی هیچ جۆرە چەکێکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو رێککەوتنە هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی پێشتر نییە کە ئۆباما ئیمزای کردبوو.
سەبارەت بە رەوشی سەربازی، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان، بەڵام پێیان باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئامانجەکانیان بەدیبهێنن نەک بەردەوامی بە جەنگ بدەن.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، تاران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنی "تۆزە ئەتۆمییەکە" و لە ئەنجامی گرژییەکاندا بنکە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانیان لەناوبراون.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە رەوشی لوبنان کرد و رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا ئەنجام دەدەن و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر راگرتنی هێرشەکانیان بەرانبەر ئیسرائیل، بەو مەرجەی وەستانی شەڕ لەو ناوچەیە جیاواز بێت لە شوێنەکانی تری جیهان.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە ئەگەری ئیمزاکردنی رێککەوتنەکەدا، گەروی هورمز بە خێرایی بەڕووی هاتووچۆدا دەکرێتەوە و ئەوەش وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ناوچەکە دەبینرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران لە بەرەوپێشچونی خێرادایە و ئاماژەی بەوەکرد ئەنجامی دانوستانەکان زۆر باش دەبێت، چونکە موجتەبا خامنەیی خۆی بەشدارە.
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندوە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن رابەری باڵای ئێران رەزامەندی لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستانەکان دەربڕیوە و خۆشی بەشدارە لە دانوستانەکاندا.
ترەمپ جەختی کردوەتەوە، لە ئێستادا وڵاتەکەی پێویستی بە بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی لەناو خاکی ئێراندا نییە و پێشبینیشی کرد گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئەو وڵاتە کە لەوانەیە تا مانگی ئەیلوول بەردەوام بێت و ئێران رازیی بوە کە چەکی ئەتۆمی نەبێت.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ لوبنانێش، کە بەردەوام ئێران بە یەکێک لە مەرجەکانی دانوستانی داناوە، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی و بێزاری توندی خۆی لە بەردەوامیی ململانێ و شەڕی نێوان بنیامین نەتانیاهو و لوبنان نیشانداوە و ئاشکرای کرد، کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توڕەئامێزی لەگەڵ نەتانیاهۆدا ئەنجامداوە بەهۆی ئەو گرژییە بەردەوامانەی ناوچەکە.
کۆشکی سپی رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مەرسومێکی واژۆ کردووە بۆ هەموارکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر بەشێک لە هاوردەکراوەکانی مس، ئەلەمنیۆم و ئاسن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، باجی گومرگی لەسەر هەندێک بەرهەمی دروستکراو لە داڕشتەکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆم کەم دەکرێتەوە، لەوانەش جۆرە دیاریکراوەکانی ئامێری کشتوکاڵی، ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، فێنککەرەوە و هەواگۆڕکێی ماڵان، کە باجەکەیان لە 25%ی پێشوووەوە بۆ 15% کەمکراوەتەوە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەرسومەکە باجی گومرگی بە رێژەی 15% دەسەپێنێت بەسەر ئامێرە پیشەسازییە گەڕۆکەکانی وەک شۆفڵ و رافیعەکان، کاتێک لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکرێن کە قێککەوتنی بازرگانیی شایستەیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە.
هەروەها مەرسومەکە کۆمپانیا بیانییەکان شایستە دەکات بۆ بەدەستهێنانی باجی نزم بە قێژەی 10%، ئەگەر بێتو "ئامێرە سەرەکییەکانیان بە لایەنی کەمەوە 85%ی کێشەکەی لەو پۆڵا یان ئەلەمنیۆمە پێکهاتبێت کە لە ناوخۆی ئەمریکادا تواوەتەوە و داڕێژراوە.
جگە لەوەش، مەرسومەکە دوو هاوپۆلی نوێ لە بەرهەمە هاوردەکراوەکانی داڕشتەی پۆڵا و ئەلەمنیۆم زیاد دەکات کە باجی 25%یان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەوانیش: رەفەی پۆڵایین و پلێتەکانی چاپکردنی بەردینی کە لە ئەلەمنیۆم دروستکراون.
ئەم هەموارکردنەوانە لە هەشتی ئەم مانگە (حوزەیران)ەوە بەسەر ئەو کاڵایانەدا جێبەجێ دەکرێن کە هاوردە دەکرێن یان لە کۆگا گومرگییەکانەوە دەردەهێنرێن.
کۆشکی سپی رونیشی کردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2027 بەردەوام دەبن، ئەمەش بۆ هاندانی ئەو وەبەرهێنانە کورتخایەنانەی کە ژێرخانی پیشەسازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیاد دەنێنەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند کە سەردەمی پلەبەرزکردنەوە لەسەر بنەمای رەگەز و رەچەڵەک بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو راپۆرتانەی باس لە دوورخستنەوەی ئەفسەرانی ژن و ئەفسەرانی رەشپێست لە ریزەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی پنتاگۆن لە رێگەی "ئێکس"ەوە رونکردنەوەی داوە کە پێوەرەکانی لێهاتوویی، شایستەیی و ئەدا، دەبنە تاکە دیاریکەری دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە لە ناو دامەزراوەی سەربازیدا، و هەر جۆرە رەچاوکردنێکی ناسنامەی رەگەزی یان نەتەوەیی لە بڕیارە پیشەیییەکاندا رەتکردەوە.
نووسینگەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە: شایستەترین کەسەکان ئەوانەن کە پۆستەکان بەدەستدەهێنن و شایستەی پلەبەرزکردنەوەن.
ئەم کێشەیە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە تەقییەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن وەزیری بەرگری، پیت هێگسێت، فەرمانی کردووە بە سڕکردنی پلەبەرزکردنەوەی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ژن و ئەفسەرانی رەشپێست لە هێزی دەریایی ئەمریکادا.
بەپێی هەمان زانیارییەکان، زیاتر لە 60%ی ئەو ئەفسەرە باڵایانەی کە دوور خراونەتەوە، سەر بە توێژی ژنان و ئەمریکییە رەشپێستەکانن، ئەمەش شەپۆلێکی بەرفراوانی رەخنەی لە ناوەندە سەربازی و سیاسییەکاندا لێکەوتووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی تر بیرۆکەی کردنی کەنەدای بە ویلایەتی 51ەمی ئەمریکا هێنایەوە ئاراوە، ئەمەش لە پاشبنەمای ئەو راپۆرتانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن کەنەدا بەدەست پاشەکشەی تەکنەلۆژییەوە دەناڵێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەکۆی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: ویلایەتی پەنجا و یەکەم"، و هاوپێچ لەگەڵ بڵاوکراوەکەیدا وتارێکی ئاژانسی "بلومبێرگ"ی داناوە کە باس لە یەکەم دابەزینی راستەقینەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی ئەو وڵاتە دەکات لە دوای پەتای کۆرۆنای ساڵی 2020ەوە.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندبوو کە پێویستە کەنەدا ببێتە ویلایەتی 51می ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چونکە "بە تەواوی پشت بە واشنتۆن دەبەستێت".
لەلای خۆیەوە، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە لێدوانێکدا وەڵامی دایەوە و رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
تەنانەت لە میانی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرکردەدا لە 6ی ئایاری 2025، ترەمپ داوای لە سەرکردایەتی کەنەدا کرد کە "هەرگیز نەڵێن هەرگیز"، سەرڕای جەختکردنەوەی کارنی لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی "بۆ فرۆشتن نییە".
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە فەرمانی بە سوپا کردووە بۆ بەئامانجگرتنی چەند پێگەیەک لە باشووری بەیرووت.
نەتانیاهۆ ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوە کرد: لە دوای پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاگربرست لەلایەن حزبوڵاوە، ئەو و وەزیری بەرگری رێنماییان داوەتە سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی سەر بە حزبوڵا لە باشووری بەیروت.
لەلایەکی ترەوە، سەرچاوە ئاگادارەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە فەرمانەکانی نەتانیاهۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بووە، وەک ئەوەی کەناڵی 14ی ئیسرائیلی گواستوویەتییەوە.
شایانی باسە، لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە، ئیسرائیل دوو جار هێرشی کردووەتە سەر باشوری بەیروت، ئەمەش بەهۆی ێگرییەکانی پێشووی ئەمریکا و بۆ ەخساندنی دەرفەت لەبەردەم گفتوگۆکانی ئاگربەست و هێورکردنەوەی دۆخەکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران بە راستی دەیەوێت رێککەوتنێک واژۆ بکات، و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم رێککەوتنە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی باش دەبێت.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو دەپرسێت ئایا دیموکراتەکان و هەندێک لە کۆمارییەکان "کە وەک کەسانی نانیشتمانی دەردەکەون" درک بەوە دەکەن کە بەردەوامبوونی "چیڕەچیڕ و گازندە"ی نەرێنی لەلایەن چەتە سیاسییەکانەوە بە ئاستێکی بێپێشینە، کارەکانی ئەو قورس دەکات بۆ ئەوەی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و بە شێوازێکی دروست گفتوگۆ بکات.
ترەمپ رونکردنەوەی داوە کە ئەم رەخنە بەردەوامانە پەیوەندییان بە خێرایی جووڵەکانیەوە هەیە، جا چ خێرا بن یان خاو، و هەڵوێستەکانی سەبارەت بە جەنگ یان خۆدوورخستنەوە لێی و بابەتەکانی دیکە.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا وتی: تەنها دانیشن و ئارام بگرن، چونکە لە کۆتاییدا هەموو شتێک بە باشی کۆتایی دێت وەک هەمیشە کە رودەدات.
سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، تۆم باراک کراوە بە نێردەی تایبەتیی خۆی لە عیراق.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خۆشحاڵە بەوەی لە ماوەکانی رابردوودا تۆم باراک هەم وەک باڵیۆزی تورکیا و هەم وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە سوریا کاریکردووە و کارەکانی زۆر بەباشی راپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تۆم باراک لە هەمان کاتدا وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەمێنێتەوە و دەشبێتە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروبارەکانی عیراق.
هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا سوپاس و پێزانینی خۆشی بۆ تەواوی کارەکانی تۆم باراک کە تائێستا کردوونی دەربڕی.
ئاژانسی ناسا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی پێنجدا ئاسمانی زەوی دیاردەیەکی دەگمەنی گەردوونی بەخۆیەوە دەبینێت کە بە "مانگی شین" (Blue Moon) ناسراوە، مانگ بە تەواوی پڕ دەبینرێت.
ناسا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم دیاردەیە کاتێک رودەدات کە دوو مانگی پڕ لە یەک مانگی زاینیدا کۆببنەوە، کە یەکەمیان لە سەرەتای مانگی پێنجدا بوو و دووەمیشیان لە کۆتایی هەمان مانگدا دەبێت.
ئاژانسەکە روونیکردەوە، کە ناونانی بە "مانگی شین" پەیوەندی بە رەنگەکەیەوە نییە، بەڵکو تەنها زاراوەیەکی گەردوونییە بۆ دەگمەنی روداوەکە، کە بە تێکڕا هەر دوو ساڵ و نیو جارێک دووبارە دەبێتەوە.
هاوکات سەرچاوەکان دەڵێن، ئەم مانگە شینە هاوکات دەبێت لەگەڵ دیاردەی (مانگی بچووککراو)، چونکە مانگ لەو کاتەدا لە دوورترین خاڵی خولگەی خۆی لە زەوییەوە دەبێت و بەراورد بە مانگی پڕی ئاسایی، کەمێک بچووکتر و کەمشەوقتر دەردەکەوێت.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشكرایكرد، ئەمریكا رۆبۆتی پێشكەوتووی بۆ هەڵگرتنەوە و پووچەڵكردنەوەی مینە چێنراوەكانی گەروی هورمز بەكارهێناوە، هەروەها سوپای وڵاتەكەش هەماهەنگی لەگەڵ چەند كەشتییەك كردووە و دوای كوژاندنەوەی ئامێرەكانی چاودێری، لە گەروەكە پەڕیونەتەوە.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، خۆی بۆ بڕیاری كۆتایی لەسەر رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئامادە دەكات و بڕیاریشی داوە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەكانی ئێران هەڵبگرێت تا كەشتییە گیخواردووەكان بگەڕێنەوە.
ترەمپ جەختیشیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە دەبێت ئێران دەستبەجێ گەرووەكە بەبێ باج بكاتەوە و ئەو مینانەش كە ماون هەڵیانبگرێتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، هێزی دەریایی بەریتانیا ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریكردن لە پاككردنەوەی گەرووەكە دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئاشتی دەربڕیوە.
بێت هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رۆژی شەممە، رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە ئەگەر نەتوانرێت بگەینە رێککەوتن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانکارانی واشنتۆن و تاران کار بۆ لابردنی ئەو کۆسپە سەرەکییانە دەکەن کە رێگرن لە بەردەم گەیشتن بە رێککەوتن.
هیگسێت لە سەنگاپوورە رونی کردەوە: توانامان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان ئەگەر پێویست بکات ئێمە زیاتر لەوەش توانامان هەیە.
جەختیشی کردەوە: کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیمان زیاتر لە پێویستن بۆ ئەوە، چ لەوێ و چ لە سەرانسەری جیهاندا، بۆیە ئێمە لە دۆخێکی زۆر باشدان.
هیگسێت لە میانەی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەکانی "دیالۆگی شانگریلا" (گرنگترین کۆڕبەندی ئاسیایی بۆ سەرکردەکانی بەرگری، بەرپرسانی باڵای سەربازی و دیپلۆماتکاران)، رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتی لە ناوچەی ئاسیا و ئۆقیانووسی ئارام نەکردووە، سەرەڕای تێوەگلانی لە ململانێ لەگەڵ ئێراندا.
ئاماژەی بەوەش کرد: دەتوانین لە یەک کاتدا دوو کار بکەین. بنکەی پیشەسازیی بەرگریمان بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکەین، بەجۆرێک لە ئایندهیەکی زۆر نزیکدا دوو هێندە، سێ هێندە، یان چوار هێندە تەقەمەنی بەرهەم بهێنین، بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی بودجەی گونجاو بۆ سەرجەم پلانەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا.
وەزیری بەرگری وتیشی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەئارامە و دەیەوێت رێککەوتنێکی گەورە واژۆ بکات کە دەستەبەری ئەوە بکات ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا، فەرمانی کرد بە لادانی ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەندی کەنەدی بۆ هونەرەکانی نواندن لە واشنتۆن، و جەختی کردەوە کە گۆڕینی ناوی رەسمیی ناوەندەکە ناتوانرێت بە بڕیارێکی تاکلایەنەی ئەنجومەنی کارگێڕی جێبەجێ بکرێت، بەڵکو پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس هەیە.
کریستۆفەر کوپەر، دادوەری دادگای ناوچەیی ئەمریکا لە حوکمێکدا کە رۆژی هەینی دەریچواندووە، رایگەیاند کە ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە لادانی سەرجەم ئەو تابلۆیانەی ناوی ترەمپیان هەڵگرتووە، لەگەڵ سڕینەوەی هەر ئاماژەیەک بۆ "ناوەندی ترەمپ کەنەدی" لە بەڵگەنامە رەسمییەکاندا لە ماوەی 14 رۆژدا.
کوپەر لە حوسێیاتی حوکمەکەدا رونی کردەوە: یاسای بنەڕەتیی ناوەندی کەنەدی بە رونی دەقاوەتەوە کە پێویستە ناوەندەکە ناوی سەرۆک جۆن ئێف کەنەدی هەڵبگرێت، و ناتوانرێت هیچ ناوێکی تری رەسمی پێ ببەخشرێت یان بکرێتە یادگارییەکی گشتی بە بڕیارێکی تاکڕەوانەی ئەنجومەنی کارگێڕی.
ئەو دادوەرە زیادی کرد: کۆنگرێس ئەو لایەنەیە کە ناوی ناوەندی کەنەدی بەخشیوە، و تەنیا کۆنگرێس خۆی دەسەڵاتی گۆڕینی هەیە.
دادوەرەکە جەختی کردەوە کە دادگا هەوڵ نادات دەستوەردان بکات لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوەندەکە یان سەپاندنی میکانیزمێکی کارکردنی دیاریکراو، جا چ پێوەندیدار بێت بە پلانەکانی بیناسازی، داخستن، یان هەر بڕیارێکی تری کارگێڕی.
ئەم حوکمە لەسەر بنەمای داوایەکی یاسایی هات کە لەلایەن جۆیس بێتی، نوێنەری دیموکراتەکان لە ویلایەتی ئۆهایۆ تۆمارکرابوو، کە خۆی بە حوکمی پۆستەکەی لە کۆنگرێس ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی ناوەندی کەنەدییە.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن کۆشکی سپییەوە سەبارەت بەو بڕیارە نەدراوە.