مارکۆ رۆبیۆ: لە جەنگداین دژی مادەی هۆشبەر نەک ڤەنزوێلا
راهۆز
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە بەکارهێنانی هێزی زەمینی دەکات بۆ سەر ڤەنزوێلا و جەخت لە بەردەوامی بڵاوبونەوەی هێزە سەربازییەکانیان لە دەریای کاریبی دەکاتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (CBS)ـی ئەمریکی، رۆبیۆ رایگەیاند، "ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بژاردەی ناردنی هێزی زەمینی بۆ ڤەنزوێلا بەدوور نازانێت، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا لەسەر سزاکانی نەوت بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی ئەمریکا و گەلی ڤەنزوێلا روودەدات".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: "داهاتی نەوت بۆ گەلی ڤەنزوێلا نییە و بەتاڵان دەبرێت، هەر بۆیە سزامان خستۆتە سەر". ئاماژەی بەوەشکرد کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە پاشکەوتووە و پێویستی بە هاوکاریی زۆر هەیە.
سەبارەت بە ئامانجی جوڵە سەربازییەکانیان، رۆبیۆ روونیکردەوە کە ئەوان لە جەنگدان دژی رێکخراوەکانی قاچاغچییەتی مادە هۆشبەرەکان، نەک دژی ڤەنزوێلا.
لێدوانەکانی رۆبیۆ دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا هێزەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیرکرد.
ئێوارەی دوێنێ فڕۆکەیەک مادۆرۆ و سیلیۆ فلۆریس-ی هاوسەری گەیاندە شاری نیویۆرک و چاوەڕوان دەکرێت لە دادگای فیدراڵی لە مانهاتن دادگایی بکرێن.



