دەستەی روپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلە لە کەناراوەکانی باشوری فلیپینی داوە، بەڵام هیچ هۆشدارییەک بۆ دروستبوونی تسۆنامی نییە و باسی زیانەکانیش نەکراوە.

ناوەندە ئەمریکییەکە سەرەتا گوڕی بومەلەرزەکەی بە 6.7 پلە دیاریکردبوو، کە لە قوڵایی 58.5 کیلۆمەتر و بە دوریی نزیکەی 27 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی سانتیاگۆ لە دورگەی میناداناو رویداوە.

ناش باراگاس، دکتۆر، لە هەرێمی دافاو بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، تا ئێستا هیچ راپۆرتێک نییە لەبارەی زیانی گیانی و ماددی. دەشڵێت "هەستمان بە لەرینەوە کرد، ئۆتۆمبێلەکان دەجوڵانەوە، بەڵام ماوەکەی کورت بوو و تەنیا 5 چرکەی خایاند."

پێشتریش لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، دوو بومەلەرزە بە گوڕی 7.4 و 6.7 پلە رۆژهەڵاتی میناداناوی هەژاند و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا. پێشتریش بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.9 پلە پارێزگای سیبۆی لە ناوەڕاستی فلیپین هەژاندبوو، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 76 کەس و زیانگەیشتن بە 72 هەزار خانوو.

رودانی بومەلەرزە لە فلیپین نزیکەی رۆژانەیە، ئەوەش بەهۆی هەڵکەوتەی وڵاتەکە کە دەکەوێتە سەر "بازنەی ئاگرین" لە زەریای هێمن، کە ناوچەیەکی چالاکی بومەلەرزەیە و لە ژاپۆنەوە درێژدەبێتەوە بۆ باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا.