رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە هەڵسەنگاندنێکی نهێنیدا گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی، کەسایەتییە نزیک و دڵسۆزەکانی نیکۆلاس مادۆرۆ، گونجاوترینن بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی وڵاتەکە بکەن و سەقامگیری بپارێزن ئەگەر مادۆرۆ دەسەڵات لەدەست بدات.

رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگاداری ئەم هەڵسەنگاندنە کراوەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کەسایەتییە دیارەکانی ناو رژێمەکەی مادۆرۆ، لەنێویاندا دێڵسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆک، رەنگە گونجاوترین بژاردە بن بۆ زامنکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە هەر قۆناغێکی گواستنەوەدا.

بەپێی راپۆرتەکە، CIA پێیوایە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کەسایەتییەکانی ناو بازنەی نزیکی مادۆرۆ، مەترسییەکانی پشێوی و دابەشبوون کەمدەکاتەوە بەراورد بە سیناریۆی رووخانی لەناکاوی رژێمەکە.

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە ڤەنزوێلا رووبەڕووی گرژییەکی سیاسی و ئابوری بووەتەوە و ئەمریکاش چاودێریی ئایندەی دەسەڵات لەو وڵاتە دەکات.

هەرچەندە هێزەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادۆرۆیان دەستگیرکردووە، بەڵام حکومەتی ڤەنزوێلا هێشتا وەک سەرۆکی شەرعیی وڵات دەیبینێت. بەپێی دەستوری ئەو وڵاتە، لەکاتی چۆڵبوونی هەمیشەیی پۆستی سەرۆکایەتی، جێگری سەرۆک ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ و دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا هەڵبژاردن بکرێت.

رۆژی دووشەممە دێڵسی رۆدریگێز وەک سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا سوێندی یاسایی خوارد، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای باڵای وڵاتەکە راسپاردەی کرد بە شێوەیەکی کاتی ئەرکەکانی سەرۆکی وڵات راپەڕێنێت.