دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆ هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی وڵاتێکی تری ئەمریکای لاتین و  گوستاڤۆ پێترۆ، بە نەخۆش ناودنێت و دەشلێت زۆری نەماوە لە پۆستەکەیدا.

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی کۆڵۆمبیای بە نەخۆش ناوبرد و دەڵێت؛ ئەو وڵاتە لەلایەن پیاوێكی نەخۆشەوە بەڕێودەبرێت و زۆریشی نەماوە لە پۆستەکەیدا.

ترەمپ هاوشێوەی مادۆرۆ تۆمەتی مادەی هۆشبەری ئاراستەی سەرۆکی کۆڵۆمبیا کرد و وتی "سەرۆکی کۆڵۆمبیا کۆکاین بەرهەم دەهێنێت و دەینێرێت بۆ ئەمەریکا، بۆیە دەبێت زۆر وریای خۆی بێت."

گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، ئیدانەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کرد، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و و بە "رفاندنێک بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی" وەسفی کرد بوو.

هەروەها رەخنەی لە بۆردومانکردنی کاراکاس گرتوەوە و ئاماژەی بەوەکردوە ئەو ئۆپراسیۆنەی واشنتۆن تەنانەت ناتانیاهۆ، هیتلەر، فرانکۆ و سالازاریش نەیانکردووە و هەروەها داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ تاوتێکردنی ئەو دەستدرێژییە و داواش دەکات  وڵاتانی ناوچەکە، هاوپەیمانییەک دژی ئەم جۆرە هەنگاوانە پێکبهێنن.

پەیامێکیشی ئاراستەی ترەمپ کردوە و دەڵێت تۆمەتەکانت راست نین و ناوم مەزڕێنە، کە  لە هیچ دادگایەکدا ناوم تۆمارنەکراوە.

ترەمپ وادیارە ئەمجارە بە وڵاتانی ئەمریکای لاتینەوە گرتوەیەتی، جگە لە کۆڵۆمبیا هۆشداریشی دایە مەکسیک، کە دەبێت کارەکانی رێکبخاتەوە، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، دەبێت شتێکیش لەبارەی مەکسیکەوە بکەین.