یەکێتیی ئەوروپا: پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانە دەکەین لە ڤەنزوێلا
راهۆز
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە چاودێری دۆخی ڤەنزوێلا دەکەن و داوای هێورکردنەوەی گرژییەکان دەکات، جەختیش لە پشتیوانییکردن لە چارەسەرێکی ئاشتییانە دەکاتەوە.
کۆستا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نوسیویەتی: "یەکێتیی ئەوروپا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات بە رێزگرتنی تەواو لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان".
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتییەکە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی چارەسەرێکی ئاشتییانە، دیموکراتیک و گشتگیر لە ڤەنزوێلا.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، شەوی رابردوو هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک بۆردومانی ئاسمانییان کردە سەر کاراکاس و ناوچەکانی دیکەی ڤەنزوێلا. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیربکەن و لە وڵاتەکە بیانبەنە دەرەوە.



