میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، کە ئەمڕۆ دووشەممە،  نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە دادگای فیدراڵی لە نیویۆرک ئامادەبێت لە دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە لە کۆتایی هەفتەداو بە گوێرەی میدیاکان،  دانیشتنەکە سەعات 12ی پاشنیوەڕۆ بەکات ناوخۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بەبێ ئەوەی  وردەکارییەکانی ئەوەی ئاشکرا بکەن کە چی روودەدات.

مادۆرۆی تەمەن 63 ساڵ و سیلیا فلۆریسی هاوسەری بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدرا، دەستگیرکران، و دواتر گواسترانەوە بۆ ئەمریکا.

ئەمریکا مادۆرۆ تۆمەتبار دەکات بە تێوەگلانی لە کردەوەی تریرۆرستی و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و بانگەشەی ئەوەدەکات  دەسەڵاتەکەی بەکارهێناوە، بۆ ئاسانکاریکردن بۆ ناردنی هەزاران تۆنی کۆکاین بۆ ئەمریکا.

پێشتریش پامێلا باندی، داواکاری گشتی ئەمریکا رایگەیاند بوو، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی لە ناوچەی باشووری نیویۆرک تۆمەتبار کراون بە بازرگانی مادەی هۆشبەر، ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، پشتگیری لە گروپی چەکدار و پیلانگێڕی دژی ئەمریکا و هەر لە ئەمریکادا دادگای دەکرێن.

بەپێی ئەو تۆمەتانەی کە پامێلا بۆندی داواکاری گشتی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، مادۆرۆ بە شێوەیەکی شەخسی قازانجی لەو کارە نایاساییانە کردووە و بۆ چەندین ساڵ هاوپەیمانی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و تۆڕە تاوانکارییەکان بووە.

ئەمریکا لە ساڵی 2020دا مادورۆی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان تۆمەتبار کرد و پاداشتێکی بەرچاوی پێشکەش بە هەر کەسێک کرد، کە زانیارییەکانی ببنە هۆی دەستگیرکردنی کە برەکەی گەیشتە 50 ملیۆن دۆلار و دواتر لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت و نهێنیدا دوو رۆژ پیس ئێستا دەستگیری کرد.