کۆشکی سپی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان، بڕی تێچووی دارایی جموجۆڵە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئێران خستەڕوو.
کێڤن هاسێت، لێپرسراوی ئەنجومەنی ئابوری کۆشکی سپی رایگەیاند، تا ئێستا بڕی ١٢ ملیار دۆلاریان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران خەرج کردووە.
هاسێت ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا بودجەی پێویستیان بۆ وەزارەتی جەنگ لەبەردەستدایە و دەشڵێت، گەورەترین کێشەی ئێستا نرخی وزەیە و لە نزیکەوە چاودێری ئەو رەوشە دەکەن.
وتیشی، پێویستە بە خێرایی چارەسەر بۆ رەوشی ئابووریی جیهانی بدۆزرێتەوە و ئەوان هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە دەدەن.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنـی ئەمریکی رایگەیاند، کە روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "جیران کە کۆپیکراوی شاهیدی ئێرانە" بۆ تاران دابین دەکات بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە، کە بەکارهێنانی ئەم درۆنانە، کە ئێستا لە ناوخۆی روسیا بەرهەم دەهێندرێن، دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و%100 پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە 28ی شوباتدا ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانیان دژی تاران دەستپێکرد بە پاساوی هەڕەشەی ئەتۆمی، کە تێیدا چەندین سەرکردەی باڵای ئێران کرانە ئامانج.
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک پرۆسەیەکی بەرفراوانی بە موشەک و درۆن بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان و بنکە ئەمریکییەکان لە وڵاتانی دراوسێ دەستپێکردووە، ئەمەش مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندوە، بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە لەلایەن ئێرانەوە ژمارەیەک وڵات زیانیان بەرکەوتوە و دەبێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین.، داواشی لە چەند وڵاتێک کردوە کەشتی جەنگی بنێر بۆ کردنەوەی گەروەکە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات نوسیویەتی؛ کۆمەڵێک وڵاتی کاریگەر، کە بەهۆی هەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمز زیانیان بەرکەوتووە، کەشتی جەنگی رەوانەی ناوچەکە دەکەن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی ئەم هەنگاوە هاوبەشە لەگەڵ ئەمریکا، دەستەبەرکردنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان و بەکراوەهێشتنەوەی گەروی هورمزە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە هێزەکانیان توانای سەربازی ئێرانیان بە تەواوی پەکخستووە، بەڵام هێشتا مەترسی هێرشی درۆنی و مینڕێژکردن لەلایەن تارانەوە ماوە.
لە پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن و بەریتانیا کردوە بەشداری بکەن لە کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانە و رایگەیاندوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردنی کەناراوەکان و تێکشکاندنی هەر بەلەم و کەشتییەکی ئێرانی، کە بێتە ناو ئاوەکانەوە و ببێتە هۆی مەترسی.
سێنتکۆم رایدەگەیەنێت: زیاتر لە 90 ئامانجیان لە دورگەی خارک بۆردومانکردووە و چەندین کۆگای سەربازییان لەناوبردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر دورگەی خارک زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازییان بۆردومان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەوی رابردوو هێرشێکی بەرفراوان و وردی سەربازییان کردە سەر "دوورگەی خارک" لە ناو خاکی ئێران و زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە گەیاند.
سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو، لە هێرشەکانیاندا کۆگاکانی مینە دەریاییەکان، حەشارگە و کۆگاکانی موشەک و چەندین بنکەی تری سەربازیی گرنگیان کردووەتە ئامانج و لەناویان بردوون.
ئاشکراشیکرد، سەرەڕای قورسیی هێرشەکان، دامەزراوە و ژێرخانی نەوتیی دوورگەکەیان نەپێکاوە و وەک خۆیان ماونەتەوە.
كۆشكی سپی رایگەیاند، لە هێرشەكانی سەر ئێراندا بۆمبی حەشارگە شكێنی بەكارهێناوە كە توانای بڕینی لە 60 مەتری كۆنكرێتی هەیە.
كۆشكی سپی ئەمریكا گرتەڤیدیۆیی بۆمبی حەشارگە شكێنی بە ناوی جی بی یو 57 ئەی بەكارهێناوە كە كێشەكەی 200 پاوەندە و توانای بڕینی زیاتر لە 60 مەتر كۆنكرێتی هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆمبەكە دەتوانێت پێنج هەزار و 300 پاوەند تەقەمەنی هەڵگرێت و بە جی پی ئێس ئیش دەكات و بە وردی ئامانجەكەی دەپێكێت.
جۆن هیڵی وەزیری بەرگری بەرتانیا رایگەیاند، فرۆكەیەكی سەربازی سیخوڕی یو توو لە بنكەی سەربازی فیرفۆردی بەریتانی نیشتووەتەوە كە بە نیازە لە هێرشەكانی ئێران بەكاربێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەوڵەكانی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی درێژخایەن بۆ كێشەی ئەتۆمی ئێران چڕكردووەتەوە.
رافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لە نێوان واشنتۆن و تاران، كە هەمیشەیی بێت و بتوانێت ئاڵۆزییەكانی ئێستای رۆژ هەڵاتی ناوەڕست چارەسەر بكات و كۆتاییان پێبهێنێت.
جەختیشیكردەوە، تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە ئاستی تیشكدانەوەی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێراندا نییە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: لە ئێستادا ئێران شکستخواردووە و رێککەوتنی دەوێت، بەڵام ئەو قبوڵی نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، ئێران لە ئێستادا لە رەوشێکی "شکستخواردووی تەواوەتی" دایە، جەختیشی کردەوە، تاران بەهۆی ئەو گورزە کوشندانەی بەریکەوتووە، داوای ئیمزاکردنی رێککەوتن دەکات، بەڵام ئەو ئامادە نییە هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئێران چیتر خاوەنی بەرگریی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو نییە و سوپاکەی لە لێواری "مانەوە" دایە.
ساەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توندی لە میدیاکان گرت و بە "درۆزن" وەسفی کردن، بەو پێیەی نایانەوێت باس لە "سەرکەوتنە مەزنەکانی سوپای ئەمریکا" دژی ئێران بکەن.
راشیگەیاند، ئێرانییەکان دوای لەدەستدانی هێز و سەرکردەکانیان، داوای دانوستانیان کردووە، بەڵام ئەو وەڵامی داونەتەوە و وتوویەتی: "کات بەسەرچوو، ئێستا زۆر درەنگە".
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەمریکا تەنها بە "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران" رازی دەبێت.
وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی خەریکی لەناوبردنی سوپای ئێرانە بە شێوازێکی "بێوێنە" و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا ئێران هیچ بەرگرییەکی ئاسمانی، هێزی دەریایی یان سەکۆی هاویشتنی موشەکی نەماوە، وتیشی کاردەکەن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت دوای لەناوبردنی مووشەکی نوێ دروست بکات.
بیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی کردەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکان بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکان ئامانجەکانیان دەپێکن و تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانیان تێکشکاندووە، بە جۆرێک کە تاران نەتوانێت مووشەکی نوێ دروست بکاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە سەرکردەکانی ئێران لە ژێر زەویدا خۆیان حەشارداوە و رابەری باڵای ئەو وڵاتەش بەهۆی برینداربوونیەوە پەیامی نووسراو بڵاودەکاتەوە و خۆی دەرناکەوێت.
لە کۆتاییدا وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی لەسەر بەردەوامی هێرشەکان کردەوە و رایگەیاند کە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، ئامانجەکانیان کە لەناوبردنی تەواوی پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێرانە، بەدی دەهێنن.
رۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران، بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی و مووشەکی "تۆماهۆک"ی بەکارهێناوە، بە جۆرێک کە یەدەگی چەندین ساڵی ئەو وڵاتە بووە.
سەرچاوەکان بەبێ خستنەڕوی ئاماری موشەکەکان، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم بەکارهێنانە زۆرەی مووشەکە دوورمەودا و پێشکەوتووەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هێزی دەریایی ئەمریکا دەبێت و بۆ چەندین ساڵی داهاتوو شوێنەوارەکانی دەمێنێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە 28ی شوباتەوە هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئێران دەستیپێکردووە تا ئێستاش بەردەوامە، لە بەرامبەردا ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوە دەکاتە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
مووشەکی تۆماهۆک، کە درێژییەکەی دەگاتە شەش مەتر، بە یەکێک لە وردترین و کوشەندەترین چەکە دوورمەوداکانی پنتاگۆن دادەندرێت، دەتوانێت لە مەودای زیاتر لە 1500 کیلۆمەترەوە ئامانجەکەی بە وردی بپێکێت و ئەمریکا لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە بەکاری هێناوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندوە، کە هێزەکانی وڵاتەکەی خەریکی وێرانکردنی سەرتاسەریی "نیشتیمانی تیرۆر"ن لە ئێران، چ لە رووی سەربازی، ئابووری و هەموو سێکتەرەکانی ترەوە، دەشڵێت چاوەڕێکەن بزانن ئەمڕۆ چیان بەسەر دێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردوە، کە سیستمە بەرگری و سەربازییەکانی ئێران بە تەواوی تێکشکاون؛"هێزی دەریایی ئێران لەناوچووە، هێزی ئاسمانییان بوونی نەماوە، و تەواوی مووشەک و درۆنەکانیان رووبەڕووی پرۆسەیەک بوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردەکانی ئێران لەسەر روی زەوی سڕدراونەتەوە، بەو پێیەی ئەو ئەودەسەڵاتە بۆ ماوەی 47 ساڵ سەرقاڵی کوشتنی خەڵکی بێتاوان بووە لە سەرانسەری جیهاندا.
سەرۆکی ئەمریکا بە زمانێکی هەڕەشەئامێزەوە هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران و دەڵێت؛ ئێمە خاوەنی هێزێکی ئاگرینی بێوێنە و تەقەمەنی بێسنوور و کاتێکی زۆرین، چاوەڕێ بن بزانن ئەمڕۆ چ چارەنووسێک چاوەڕوانی ئەوان دەکات.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دەداتە لوبنان ئەگەر بێتو هێرشە موشەکییەکانی حزبوڵا رانەگرێت
ئیسرایل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر حکومەتەکەی رێگریی نەکات لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی حزبوڵا بۆسەر وڵاتەکەیان، ئەوا خۆیان رێگرییان لێدەکەن و دێنە ناو باشوری وڵاتەکەیانەوە.
وتیشی، دوێنێ حزبوڵا بەچڕی ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەیانی بۆردومان کردووە و سوپای ئیسرائیلیش بە بەهێزییەوە بەرپەچی ئەو هێرشانەی داوەتەوە و پێگەکانی گروپە چەکدارییەکەشی لە باشوری لوبنان بە ئامانج گرتووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە هاووڵاتیانی لوبنان باشوری وڵاتەکە جێبهێڵن، تاکو لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، زیانیان بەرنەکەوێت.
وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، کە پڕۆسە سەربازییەکەیان بەرانبەر بە ئێران کاتی دەبێت و پێشبینی دەکرێت تەنها چەند هەفتەیەک بخایەنێت نەک چەند مانگێک
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا ناتوانین کەشتییەکان لە گەروی هورمز بپارێزین و جەختی لەوە کردەوە، کە تاکە بژاردە لە کۆتاییدا تێکشکاندنی تواناکانی ئێرانە بۆ کۆتایی پێهێنان بە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی ئاسایشی گەروە نێودەوڵەتییەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتودا کە گەروی هورمز دووبارە دەکرێتەوە و هێزەکانیان لەوێ دەبن بۆ لەناوبردنی هەڕەشە ئێرانییەکان.
سەبارەت بە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان، ناوبراو ئاشکرای کرد، کە لە ئێستادا چاودێریکردنی کەشتییەکان لەلایەن کەشتییە جەنگییەکانەوە جێبەجێ ناکرێت، بەڵام ەب ئەگەری زۆرەوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هێزی دەریایی ئەمریکا دەست بەو کارە دەکات.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی نەوت یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو پشێوییانەی لە بازاڕدا دروست دەبن، بەتایبەت بۆ هاوکاریکردنی بازاڕە ئاسیاییەکان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
وەک رێگایەکی چارەسەر بۆ رێگریکردن لە بەزربونەوەی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا، ئەمریکا دەست بۆ یەدەکی نەوتی خۆی دەبات و بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ وڵاتەکە 172 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی دەخاتە بازاڕەوە.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ و لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتی لەگەڵ 32 وڵاتی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، بڕیار دراوە بە ناردنی 172 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا (SPR) بۆ بازاڕەکان.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر بۆ دابەزاندنی نرخەکانی وزە لەسەر ئاستی جیهان، کە تێیدا وڵاتانی ئەندام بە کۆی گشتی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە پاڵاوەتەکان دەخەنەڕوو و بە گوێرەی زانیارییەکان بڕیارە پرۆسەی دەرکردنی نەوتە ئەمریکییەکە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێ بکات و نزیکەی 120 رۆژ بخایەنێت.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەی وڵاتە و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن پلانی هەیە لە ماوەی ساڵێکدا 200 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ یەدەگی ستراتیژی بگەڕێنێتەوە، کە ئەمەش 20٪ زیاترە لەو بڕەی ئێستا دەردەکرێت و بەبێ تێچووی زیادە بۆ باجدەران دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە، کە ئەم سیاسەتە نوێیە کۆتایی بە هەوڵەکانی ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی دەهێنێت بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وزەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا دەربارەی جەنگەکەیان لەگەڵ ئێران رایگەیاند، سوپای ئەمریکا دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە، کە کەس پێشبینی نەدەكرد و پرۆسە سەربازییەکانیان زۆر لە خشتەی کاتیی دیاریکراو پێشترن.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە کورتخایەنە رێگر دەبێت لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە و ماڵوێرانکەر، ئاماژەی بەوەش دا، کە جەنگ بۆ ئەمریکا "کارێکی ئاسانە" و تا ئێستا توانیویانە بنکەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و نزیکەی 28 بەلەمی سەربازیی ئێران کە خەریکی چاندنی مین بوون، لەناو ببەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان دوو جار سەرکردایەتی باڵای ئێرانیان کردووەتە ئامانج و بە تەواویش هێزی دەریایی ئەو وڵاتەیان پەکخستووە.
سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانیش، دڵنیایی دایە بازاڕەکانی جیهان، کە رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و بەم نزیکانە نرخی نەوت دادەبەزێنن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی ستراتیژیی ئەمریکا لەم روبەڕوبوونەوەیەدا.
چین هێرشکردنە سەر مەدەنییەکان سەرکۆنە دەکات و ئاشکرایکرد، پێویستە سەروەریی خاکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزرێت.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی خاکی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پەکین هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی سەرکۆنە دەکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان چڕتر دەکەنەوە بە مەبەستی هێورکردنەوەی رەوشەکە و گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە.
چین لە پەیامەکەیدا جەختی لەوەشکردووەتەوە، کە دەبێت سەروەریی هەموو دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێزی لێ بگیرێت و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەیان پارێزراو بێت.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند كە ئەمریكا توانیویەتی تا ئێستا سێ دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران لەناو بەرێت.
ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ئەمریكا رایگەیاند كە وڵاتەكەی ناوەندە سەرەكییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆ تێكشكاندووە، ئەم هەنگاوەش بۆ رێگری بوو لە هەوڵەكانی تاران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوەكییەكەی و پاراستنی رەوشەكە لە مەترسی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران 460 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەبووە و دەیتوانی لە دە رۆژدا چەكی ئەتۆمی لێ دروست بكات.