فەرەنسا و ئەڵمانیا دەستگیرکردنی مادۆرۆ بە کارێکی دروست نازانن
محەمەد رزگار
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
فەرەنسا پشتیوان و رەزامەند نییە لەسەر ئەو شێوازەی ئەمریکا، کە سەرۆکی ڤەنزوێلای دەستگیرکرد و گواستییەوە بۆ خاکەکەی.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتەکەی "پشتیوانی و ڕەزامەندی" لەسەر ئەو "شێوازە" نییە کە ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و گواستنەوەی بۆ خاکەکەی بەکاریهێناوە.
مود بریگۆن وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ماکرۆن دانی بەوەداناوە کە مادۆرۆ دیکتاتۆرە و نەمانی ئەو لە دەسەڵات هەواڵێکی خۆشە بۆ ڤەنزوێلییەکان، بەڵام سەرۆکی فەرەنسا جەخت لەوەدەکاتەوە، دەبێت ئەمریکا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی روونبکاتەوە، ئەو کردارەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامی داوە چۆن حوکمی لەسەر بدرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، پێویستە واشنتۆن بۆ جیهانی رونبکاتەوە دەربارەی رەفتارەکانی لە ڤەنزوێلا.
ئەمریکا مادۆرۆ بە فەرمانڕەوایەکی نایاسایی دەزانێت، بەتایبەت لە دوای برندەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018، بە وتەی ئەمریکا مادۆرۆ ساختەکارییەکی زۆری لەو هەڵبژاردنەدا ئەنجامداوە.
داواکارە ئەمریکییەکان دەڵێن، مادۆرۆ سەرۆکی تۆڕێکی تاوانکاری بووە کە لێپرسراوانی سیاسی و سەربازی ڤەنزوێلی تێدابووە، کە بۆ چەندین دەیە لەگەڵ گروپەکانی قاچاخچی مادە هۆشبەرەکان، کە ئەمریکا بە تیرۆریستیان دەناسێنێت، پیلانیان گێڕاوە بۆ ئەوەی هەزاران تۆن کۆکاین بخەنە ناو خاکی ئەمریکاوە.



