کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی کۆمەڵێک بژاردە دەکات بۆ بەدەستهێنانی گرینلاند، لەنێویاندا بەکارهێنانی هێزی سەربازی وەک یەکێک لە ئەگەرەکان.

کۆشکی سپی بە بی بی سی راگەیاندووە، دەستگرتن بەسەر گرینلاند، کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆی دانیمارکە و ئەندامی ناتۆیە، "لە پێشینەی ئاسایشی نەتەوەیی" ئەمریکایە.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە سەرکردەکانی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانی خۆیان بۆ دانیمارک دەربڕی، کە دژی خواستەکانی ترەمپ وەستاوەتەوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو دورگەیەی جەمسەری باکوردا.

هەڕەشە لە ناتۆ: 

ترەمپ جەختیکردەوە کە ئەمریکا بەهۆی هۆکاری ئەمنی پێویستی بە گرینلاندە، ئەمەش وای لە مێتە فرێدرێکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک کرد هۆشداری بدات کە هەر هێرشێکی ئەمریکا مانای کۆتاییهاتنی پەیمانی ناتۆیە.

رۆژی سێشەممە کۆشکی سپی رایگەیاند: "سەرۆک و تیمەکەی تاوتوێی کۆمەڵێک بژاردە دەکەن بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گرنگەی سیاسەتی دەرەوە، بێگومان بەکارهێنانی سوپای ئەمریکا هەمیشە وەک بژاردەیەک لەبەردەست فەرماندەی گشتیدایە".

ناتۆ گرووپێکی سەربازیی ئەتڵەسییە و هاوپەیمانەکان پابەندن بەوەی لە ئەگەری هێرشی دەرەکی، هاوکاری یەکتر بکەن.

هەڵوێستی ئەوروپا:

شەش وڵاتی هاوپەیمانی ئەوروپی پشتیوانی خۆیان بۆ دانیمارک دەربڕی و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ئیسپانیا و دانیمارک ئیمزایان کردووە، هاتووە: "گرینلاند موڵکی خەڵکەکەیەتی و تەنیا دانیمارک و گرینلاند دەتوانن بڕیار لەسەر پەیوەندییەکانیان بدەن".

سەرکردەکان جەختیان کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی جەمسەری باکور دەبێت بە "کۆمەڵ" لەلایەن هاوپەیمانانی ناتۆوە بکرێت نەک تاکلایەنە، هەروەها داوای پاراستنی بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، بەتایبەت سەروەری و یەکپارچەیی خاک و دەستدرێژینەکردنە سەر سنورەکان.

شوێنی جوگرافی گرینلاند:

Map showing the location of Greenland and the capital Nuuk, relatively to Denmark, Canada and the United States. Also labelled is the US capital Washington.