وەزیری جەنگی ئەمریكا: پێویستە جیهان ئاگادار بێت كە سەركردایەتی ئەمریكا گەڕاوەتەوە
هەساو ئەمیر
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
وەزیری جەنگی ئەمریكا رایگەیاند، پێچەوانەی ئەوەی لە عیراق كردیان، سەرۆكی ڤەنزوێلایان بەبێ هیچ خوێنڕشتنێك دەستگیر كرد، دەشڵێت: پێویستە جیهان ئاگادار بێت سەركردایەتی ئەمریكا گەڕاوەتەوە.
پێت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریكا رایگەیاند، ئەوەی ئەمریكا لە ڤەنزوێلا كردی، بە تەواوی پێچەوانەی ئەوە بوو كە لە عیراق رویدا، دەشڵێت، چەند ساڵە بە خوێنی خۆمان باجی زۆر شتمان داوە و لە بەرانبەردا هیچمان بەدەست نەهێناوە، ئێستا دۆناڵد ترەمپ ئەوەی پێچەوانە كردەوە و بەبێ رژانی خوێنی ئەمریكییەكان توانی سامانێكی گەورە بەدەستبهێنێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەستگیركردنی مادۆرۆ هەنگاوێكی چاونەترسانە و بوێرانە بوو، كە بەباشی بیری لێكرابووەوە و لێكۆڵینەوەی لەسەر كرابوو.
وەزیری جەنگی ئەمریكا راشیگەیاندووە، لەم جیهانە مەترسیدارەدا ناتوانیت بەبێ هێز، ئاشتی بەدی بهێنیت، ترەمپ سەرۆكی كردارەكانە، پێویستە هەموو جیهان ئاگادار بێت سەركردایەتی ئەمریكا گەڕاوەتەوە، هەركاتێك دۆناڵد ترەمپ بڵێت ئەم كارە گرنگە، ئەوا گرنگە و وەزارەتی جەنگ بە هەموو توانایەوە رێكارەكانی بۆ دەگرێتەبەر.



