رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری ژمارەیەک سەرچاوەوە کە ئاگاداری دانوستانەکانن بڵاویکردەوە، دانوستانەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی دەیان بارمتە گەیشتووەتە بنبەست، ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست بەر لە مانگی رەمەزان بەدوور دەزانرێت.
لە دانوستانەکەدا، دانوستانکاران تاوتوێی راگەیاندنی ئاگربەستیان بۆ ماوەی شەش ھەفتە دەکرد، کە لەو ماوەیەدا حەماس نزیکەی ٤٠ بارمتە ئازاد بکات، کە ژن و بەتەمەن و نەخۆش و ٥ سەربازی ئیسرائیلی دەگرتەوە، لە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییە فەڵەستینییەکان.
جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە لە کۆشی سپی دەڵێت، ئەمریکا نیگەرانە لە نەگەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام بابەتەکە پەیوەندی بە رازیکردنی حەماسەوە ھەیە کە ئیمزا لەسەر ئاگربەستەکە بکات.
ژمارەیەک لێپرسراویش دەڵێن، خاڵی ناکۆک ھەر ئەو خاڵەیە کە چەند ھەفتەیەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بزووتنەوەی حەماس داوای ئاگربەستی ھەمیشەیی دەکات، بەڵام ئیسرائیل ئەوە رەتدەکاتەوە.
بڕیاریشە ئۆلڤ کریسترسون، سەرۆک وەزیرانی سوید سەردانی واشنتۆن بکات و بەڵگەنامە رەسمییەکان رادەستی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بکات. رۆژی دووشەممەی داھاتووش ئاڵای سوید لەبەردەم بارەگای ناتۆ لە برۆکسل ھەڵدەکرێت.
بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دوای دوو ساڵ لە دانوستان و دوو سەدە لە بێلایەنی و دەستوەرنەدانی سەربازی دێت، ھەروەھا وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ ئەو وڵاتە کە تا ساڵی ٢٠٢٢ خۆی لاداوە لە توڕەکردنی روسیا، ئەگەرچی بەشداربووە لە ھێزەکانی ئاشتی پارێز، بەڵام لە ساڵی ١٨١٤ەوە لە دوای جەنگی نەرویژ بەشداری ھیچ جەنگێکی نەکردووە.
بە ئەندامبوونی سوید لە دوای فنلەنداوە دێت کە ساڵی رابردوو بووە ئەندامی ناتۆ، بەوەش ھەموو وڵاتانی سەر دەریای بەڵتیق جگە لە روسیا، ئەندامی ناتۆن.
روسیاش ھەفتەی رابردوو بەڵێنیدا بە گرتنەبەری رێکار دژی بە ئەندامبوونی سوید، لەسەر بنەمای ئاستی تێکەڵبوونی لەگەڵ ئەو ھاوپەیمانییە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەھۆی تەقینەوەکەوە ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە ناوەندەکانی پاڵاوتگەی نەوتی بەندەر عەباس کەوتووەتەوەو کوژراو و برینداری زۆر ھەیە.
تائێستا ھۆکاری تەقینەوەکە و ژمارەی قوربانییەکان ئاشکرا نەبووە، لە کاتێکدا ھەندێک لە سەرچاوە ھەواڵییەکان رەتیانکردووەتەوە کە تەقینەوەکە بەھۆی ھێرشی ئیسرائیلەوە بووبێت.
پاڵاوگەی بەندەر عەباس یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی نەوتی ئێرانە و تاکە پاڵاوتگەی نەوتی خاوی قورسی مۆدێرن لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە لە ساڵی ١٩٩٢ بنیادنراوە.
رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە.
ھاوکات جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ رێگریکردن لە مردنی زیاتری کۆچبەران لە رێگاکانی کۆچدا، بەوپێیەی ئامارەکە بەرزترینە بەراورد بە ١٠ ساڵی رابردوو.
یەنس لارکێ، وتەبێژی فەرمانگەی ھەماھەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی تۆمارکردنی مردن لە نێو منداڵاندا بەھۆی برسێتیەوە، رووبەڕووی مەترسییەک بوونەتەوە لە غەززە کە پێشتر ھاوشێوەی نەبووە.
پێشتریش وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ھەواڵی گیانلەدەستدانی ١٥ منداڵی بەھۆی برسێتی لە نەخۆشخانەیەکدا بڵاوکردەوە، ھاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، برسێتی ھەڕەشەیەکی حەتمییە لە کەرتی غەززەو رۆژانە کارەسات روودەدات.
زانایانی زانکۆی ئیرلانگن-نۆرمبێرگ لە توێژینەوەیەکیاندا لەسەر دۆخی تەندروستیی ئەم پیاوە، کە ناسنامەکەی ئاشکرانەکراوە، بۆیان دەرکەوتووە، سیستمی بەرگریی جەستەی بەشێوەیەکی ئاسایی کاردەکات، ئەمەش لەکاتێکدا، زۆرینەی تیۆرییە زانستییەکان لە بواری پزیشکیدا ئاماژە بەوە دەکەن؛ کوتانی لەڕادەبەدەر، بەرگریی جەستە لاوازدەکات.
ئەم تیمە لەڕێی راپۆرتی میدیاکانی ئەڵمانیاوە بە کەیسەکەیان زانیوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا باسیان لەوە دەکرد؛ پیاوێکی شەست ساڵە نزیکەی ٩٠ جار خۆی بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوتیوە، ئەمەش بۆ ئەوەی (بەڵگەنامەی کوتان) وەربگرێت و دواتر بیفرۆشێتەوە بەو کەسانەی ئارەزوویان نەبووە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە، دەرکەوت ئەم پیاوە لە ماوەی نۆ مانگدا ١٣٠ جار ڤاکسینی وەرگرتووە، ھەرچەندە بە وتەی خۆی ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە و لە ماوەی ٢٩ مانگدا بە ھەشت جۆری ڤاکسینی جیاواز ٢١٧ جار خۆی کوتیوە، بەڵام تەنیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و ھیچ سزایەک نەدراوە.
تیمە پزیشکییەکە بەھۆی سەرنجڕاکێشیی ئەم کەیسەوە، پەیوەندییان بە پیاوەکەوە کردووە و ئەویش ئامادەیی خۆی نیشانداوە کە لە توێژینەوەکانیاندا ھاوکارییان بکات.
بەگوێرەی پشکنینەکان، خانەکانی ئەم پیاوە زیاتر دژەتەنی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەخۆگرتووە، بەراورد بەو کەسانەی، کە تەنیا سێ جار ڤاکسینیان وەرگرتووە؛ ھەروەھا ھیچ ئاسەوارێکی تووشبوونیشیان بە کۆرۆنا لە کەسەکەدا تۆمارنەکردووە، جگە لەوەش، ھیچ کاریگەرییەکی لاوەکیش لەسەر تەندروستیی دروستنەکردووە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا سەردانی قوبرس دەکات بۆ کارکردن لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوێکی فریاگوزاری لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە.
ماوەی چەند مانگێکە گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی لە رێگەی وشکانییەوە بۆ ناو کەرتی غەززە گەمارۆ دراوە، بۆیە بەناچاری لە ئاسمانەوە بە فرۆکە ژەمە خۆراک و کۆمەک بۆ ئاوارەکان لە رەفەح بەردەدرێتەوە.
چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێن، ئەم ھەوڵانە بەس نین و فریای ئەو دۆخە نالەبارە ناکەوێت کە بەرۆکی دوو ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار ئاوارەی گرتووە.
حوجەتوڵا عەبدولمەلەکی راوێژکاری سەرۆک کۆمار و ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئێران بۆ کاروباری ناوچەی ئازادی بازرگانی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، تاران لەگەڵ دیمەش و بەغداد لە گفتوگۆدایە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ئەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی عێراق و سوریا ئارامییان بۆ گەڕاوەتەوە، بۆیە جوڵەی ئازادی بازرگانی زۆر ئاسانبووە، ئەوەش ھاوکاری ئێران دەبێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگاتە دەریای سپی ناوەڕاست.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی تەواوی ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ناتانیاھۆ، بڕیاردرا ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو موسڵمانان لە ھەفتەی یەکەمی رەمەزاندا بچنە ناو مزگەوتی ئەقسا.
ھەروەھا ھەفتانە ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەمنی و سەلامەتی دەکرێت و بەوپێیە بڕیاردەدرێت، چونکە رەمەزان پیرۆزە لای موسڵمانان و رێکارەکان ھاوشێوەی ھەموو ساڵێک دەبێت.
بەڵام، ئیتمار بن غەفیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو رێگەپێدانەی ناتانیاھۆ سەبارەت بە مزگەوتی ئەقسا، ھاووڵاتیانی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە و وێنەی سەرکەوتن دەدات بە حەماس.
لە ھەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەمریکادا کە بۆ یەکلایکرنەوەی کاندیدی حزبەکان بەڕێوەدەچن، رۆژی سێشەممە لە ١٥ ویلایەتی ئەمریکا ھەڵبژاردن کرا و دۆناڵد ترەمپ توانی لە ١٢ ویلایەت بەسەر نیکی ھەیلی رکابەریدا سەربکەوێت، بەو شێوەیەش نزیکە لەوەی ببێتە کاندید سەرەکی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
دوای بردنەوەشی، دۆناڵد ترەمپ لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سوشال، سوپاسی خەڵکی ئەو ویلایەتانەی کرد کە تێیاندا سەرکەوتووبووە.
ھاوکات جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان، توانی لە ١٤ ویلایەت بەسەر دین فیلیبسی رکابەریدا سەربکەوێت.
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دانوستانەکانیان لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگیر بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامی پێدەدەن.
وتیشی، بزووتنەوەکەیان نەرمی پێویستی نواندووە لەپێناو گەیشتن بە ئاگربەست بۆ راگرتنی ئەو دوژمنکارییەی لەسەر گەلی فەڵەستین ھەیە، بەڵام ھێشتا ئیسرائیل لە ھەندێک دەستکەوتی ئەو رێککەوتنە خۆی دەدزێتەوە، بە تایبەت لەو خاڵانەی کە پەیوەندی بە ئاگربەستی ھەمیشەیی و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کشانەوە لە کەرتی غەززە و دابینکردنی پێداویستییەکانەوە ھەیە، بەڵام لە دانوستانەکان بەردەوامدەبن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک کە داواکاری گەل و بەرژەوەندییەکانی بەدیبھێنێت.
فەرماندەی ھێزەکانی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حوسییەکان ٢ موشەکی بالیستیان ئاڕاستەی کەشتییەکی بازرگانی سویسری کردووە لە کەنداوی عەدەن و بەوھۆیەوە زیان بەر کەشتیەکە کەوتووە، بەڵام تائێستا نازانرێت بەھۆی ھێرشەکەوە زیان بەر تیمی کەشتەوانیی کەشتیەکە کەوتووە یاخود نا.
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، شەوی رابردووش حوسییەکان موشەکێکی بالیستیان ئاڕاستەی دەریای سور کردووە، بەڵام موشەکەکە کەوتووەتە ئاوەوە و ھیچ ئامانجێکی نەپێکاوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای کۆبوونەوەی حکومەت بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەنقەرە بەردەوامدەبێت لە روبەڕوبوونەوەی نەیارەکانی و بە تەواوکردنی کارەکانی دابینکردنی ئاسایش لە سنورەکانیان لەگەڵ عێراق، گرفتە ئەمنییەکانیان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی چارەسەردەکەن.
پەیوەست بە دۆخی ھەڵاوسانی ئابوری وڵاتەکەشی وتی، ھەوڵەکانیان زیاتر دەخەنەکار بۆ زاڵبوون بەسەر ھەڵئاوسان و بووژانەوەی ئابوری بە مەبەستی بەرزکردنەوەی دۆخی ئابووری کارمەندان و خانەنشینان.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕو، ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ی ئادار بەردەوامن و پێداگرن کە نمایشێکی دیموکراسی نیشانی جیھان بدەن.
بەپێی راپۆرتێکی ھەردوو رێکخراوی "مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" و "ھاوپەیمانی جیھانی بۆ دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان" ، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان ٨٣٤ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراوە کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ جێبەجێکردنی ئەو سزایە بەڕێژەی لەسەدا ٤٣ زیادیکردوە.
ئەوەش بەرزترین ئامارە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە دوای ساڵی ٢٠١٥ کە لەو ساڵەدا ٩٧٢ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکرابوو.
ئەو دوو رێکخراوە، لێپرسراوانی ئێرانیان تۆمەتبارکردووە بەوەی سزای لەسێدارەدان وەک رێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەناو ھاووڵاتیاندا بەکاردەھێنن.
ئەمرۆ بە سێشەممەی گەورە ناودەبرێت، چونکە لە ١٥ ویلایەتی ئەمریکا ھەڵبژاردنی سەرەتایی لەناو ھەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکان بەرێوەدەچێت و تا رادەیەکی زۆر چانسی کاندیدی سەرەکی حزبەکان بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتی دیاریدەکرێت.
تائێستا جۆ بایدن دیارترین کاندیدی دیموکراتەکانە و رکابەرێکی ئەوتۆی نیە، چونکە دین فیلیبسی رکابەری تائێستا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی لە ھەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا تۆمارنەکردووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان لە کێبڕکێیەکی توندایە لەگەڵ نیکی ھەیلی و لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا تا رادەیەکی زۆر چارەنووسیان دیاریدەکرێـت.
بایدن لە ویلایەتی ماریلاند بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەگەر بگەنە ھەلومەرجێک کە ئەوەی لە ڕەمەزاندا ڕوودەدات بەردەوام بێت، ڕەنگە بۆ ئیسرائیل و قودس زۆر مەترسیدار بێت.
جەختی لەوەشکردەوە ئیسرائیل ھیچ بیانوویەکی نییە بۆ بەردەوامبوونی ڕێگریکردن لە گەیشتنی ھاوکاری زیاتر بۆ غەززە.
بەوتەی بایدن، ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە ئێستا لە دەستی حەماسدایە.