دوابەدوای كۆنترۆڵكردنی حەلەب، چەكدارانی تەحریر شام پێشڕەوییەكانیان بەردەوامەو چونەتە شاری حەما.

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، پێشڕەوییەكانی چەكدارانی تەحریر شام لەدوای كۆنترۆڵكردنی حەلەب بە ئاڕاستەی سەنتەری شاری حەما بەردەوامە و چوونەتە ناو گەڕەكەكانی شارەكەوە، هاوكات زیاتر لە ١٦ گوند و شارۆچكەی دەوروبەری حەمایان كۆنترۆڵكردوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزەكانی سوپای سوریا لە حەما كشاونەتەوە بۆ حومس، بەشێك لە سەربازانی سوپاكەش لە نزیك تلبیسیە هەڵهاتوون و سوپایان جێهێشتووە.

راشیگەیاند، شەڕ و پێكدادانەكان بۆ ناو گەڕەكەكانی دەرعاش پەرەی سەندووە، فەرمانیش بە سوپای سوریا كراوە بەر لە فراوانبوونی گرژییەكان لە دەرعا بكشێنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەهۆی فراوانبوونی شەڕ و پێكدادانەكانی باكووری رۆژئاوای سوریاوە، كە تێیدا چەكدارانی تەحریر شام حەلەب و ئیدلبیان كۆنترۆڵكرد، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا لە مۆسكۆوە گەڕایەوە دیمەشق و بڕیارە سبەینێش، عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی دیمەشق بكات.