بەپێی راپۆرتێکی ھەردوو رێکخراوی "مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" و "ھاوپەیمانی جیھانی بۆ دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان" ، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان ٨٣٤ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراوە کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ جێبەجێکردنی ئەو سزایە بەڕێژەی لەسەدا ٤٣ زیادیکردوە.
ئەوەش بەرزترین ئامارە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە دوای ساڵی ٢٠١٥ کە لەو ساڵەدا ٩٧٢ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکرابوو.
ئەو دوو رێکخراوە، لێپرسراوانی ئێرانیان تۆمەتبارکردووە بەوەی سزای لەسێدارەدان وەک رێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەناو ھاووڵاتیاندا بەکاردەھێنن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای کۆبوونەوەی حکومەت بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەنقەرە بەردەوامدەبێت لە روبەڕوبوونەوەی نەیارەکانی و بە تەواوکردنی کارەکانی دابینکردنی ئاسایش لە سنورەکانیان لەگەڵ عێراق، گرفتە ئەمنییەکانیان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی چارەسەردەکەن.
پەیوەست بە دۆخی ھەڵاوسانی ئابوری وڵاتەکەشی وتی، ھەوڵەکانیان زیاتر دەخەنەکار بۆ زاڵبوون بەسەر ھەڵئاوسان و بووژانەوەی ئابوری بە مەبەستی بەرزکردنەوەی دۆخی ئابووری کارمەندان و خانەنشینان.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕو، ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ی ئادار بەردەوامن و پێداگرن کە نمایشێکی دیموکراسی نیشانی جیھان بدەن.
رۆژنامەنووس رەنج پشدەری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چەند سەعاتی رابردوودا ٩٨ کۆچبەر لە ئاوی سێپەنجە لەنێوان یۆنان و ئیتاڵیا گیریانخواربوو و داوای بەھاناوەچوونی بەپەلەیان دەکرد، لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە رزگارکران و بەسەلامەتی گوستراونەتەوە بۆ دوورگەیەکی سەربە ئەسینا.
وتیشی، ئەو کۆچبەرانەی رزگارکراون نزیکەی ٦٠ کەسیان خەڵکی ھەرێم و رۆژھەڵاتی کوردستانن، کە لەنێویاندا ژن و منداڵیشی تێدایە و ھەموویان سەلامەتن.
ئولیگ کوبیاکوڤ بەڕێوەبەری نوسینگەی رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" رایگەیاند، رەوشی بابلمەندەب و دەریای سور بەھۆی گەمارۆی حوسییەکانەوە کاریگەری لەسەر بازرگانی خۆراک دەبێت و نرخەکان بەرز دەکاتەوە، چونکە تێچووی کەشتییە بارھەڵگرەکان کە بەو رێگەیەدا دەڕۆن چوار ھێندە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵاکان ٣٠٪ کەمیکردووە.
وتیشی، گەورەترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لە جیھاندا رەتیکردووەتەوە کاڵا و پێداویستییەکان بە دەریای سوردا بگوازێتەوە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە ھێزی دەریاییان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمریکا و بەریتانیاش ھێرش بۆ سەر حوسیییەکان ئەنجامدەدەن، بەھۆی ئەوەی مەترسین لەسەر کەشتییەکان.
کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵیان لە یەکەی بەرپرس لە سیستمی زانیاری لە سوپای ئیسرائیل پێشکەش کردووە، کە لەلایەن دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە نێو ئەو کەسانەشی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە، کۆلونێل ریچارد ھیچت ھەیە، کە وتەبێژی سوپای ئیسرائیلە بۆ کاروباری راگەیاندنی بیانی.
ھەروەھا کۆلۆنێل شلومیت میلەر کە بە دووەم کەس لە دوای "ھاگاری" دادەنرێت، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە. سەرۆکی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانیش لە یەکەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل کارەکەی جێدەھێڵێت.
کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ لە ئەنجامی ناڕەزاییەکانە سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەکان و ئاماژەیەکە بۆ ئەو پشێوییەی لە یەکەی زانیارییەکاندا ھەیە کە لەلایەن "ھاگاری"یەوە بەڕێوەدەبرێت.
جواد ئاوچی وەزیری نەوتی ئێران لە حەوتەمین لوتکەی کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکاری غاز کە لە جەزائیر بەڕێوەچوو رایگەیاند، لەپێناو گرەنتیکردنی رۆڵی ئێران لە بواری وزەی جیھانیی، ٨٠ ملیار دۆلاریان بۆ گەشەپێدانی کێڵگە غازییەکانی وڵاتەکەیان تەرخانکردووە بەبێ ئەوەی ھیچ کۆمپانیا و لایەنێکی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا ھاوکاری ئێران بکات کە ھۆکارەکەشی بۆ سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
وتیشی، بەھۆی تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ گەشەپێدانی کێڵگەکانی غاز، لەماوەی پێنج ساڵی داھاتوودا ئاستی بەرھەمھێنانی غاز لە ئێران دەگاتە ١.٣ ملیار مەتر پێ سێجا لە رۆژێکدا، کە ئەوەش ئاستێکی زۆر بەرزە و رۆڵی گرنگی دەبێت لە بەھێزکردنی وزەی جیھانیی.
لە پارێزگای لوڕستانیش کورد ٨ کورسی ھەیە، تائێستا ٧ کورسی یەکلایی بوەتەوە و کورسی ھەشتەمیش لە قوناغی دووەمدا یەکلایی دەبێتەوە.
ھەروەھا ژمارەی نوێنەرانی کورد لە پارێزگای ورمێ بەرزبووەتەوە بۆ ٧ نوێنەر، تەنھا لە بازنەی ورمێ لە کۆی سێ کورسی دوو کورسی بۆ کورد بووە، ئەو دوو کەسەش یەکێکیان ژنێکە بەناوی شەھێن جەھانگیری، ھەروەھا لە بازنەی ماکووپۆلدەشت و چالدرانیش یەکەمجارە کوردێک سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.
بەپێی ئامارەکان، رێژەی بەشداری پارێزگاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە سنە لەسەدا ٣٠.٥٤ و لە کرماشان لەسەدا ٣٧.٣ و لەورمێ لەسەدا ٤٦.٣ و لە ئیلام لەسەدا ٥٣.٣ بووە، لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران سنە لە پلەی ٣٠ ھەمین دایە لە رێژی بەشداربووان.
ئەوە لە کاتێکدایە لە خولی یانزەھەمی پەرلەمانی ئێران، نوێنەرانی کورد، خاوەنی ٢٠ کورسی بوون، ئەوانیش پێکھاتبوون لە ٦ کورسی پارێزگای سنە و ٨ کورسی پارێزگای کرماشان و ٣ کورسی پارێزگای ورمێ و ٣ کورشی پاریزگای ئیلام.
لە ھەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەمریکادا کە بۆ یەکلابوونەوەی کاندیدی سەرەکی حزبەکان بەرێوەدەچێت، دۆناڵد ترەمپ لە ھەرسێ ویلایەتی میسوری و میشیگان و ئەیداھو سەرکەوتنی گەورەی بەسەر نیکی ھایلی رکابەری بەدەستھێنا، بەو شێوەیەش ترەمپ نزیک بۆتەوە لەوەی ببێتە کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و بە رەسمی لە ھەڵبژاردنەکەدا رکابەری کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکان بکات بۆ وەرگرتنی پۆستەکە .
لە کۆی ئەو ھەڵبژاردنە سەرەتاییانەی تا ئێستا لە ویلایەتەکان ئەنجامدراون، ترەمپ توانیویەتی دەنگی ٢٤٧ نوێنەری حزبەکەی بەدەستبھێنێت، لە بەرامبەریشدا نیکی ھایلی رکابەری دەنگی ٢٤ نوێنەری بەدەستھێناوە .
ئیدارەی کارەساتە سروشتییەکان لە پاکستان بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین و لافاو ماوەی دوو رۆژە وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بەھۆیەوە ٢٩ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٥٠ کەسیش برینداربوون، ھەروەھا چەندین بینا رووخاون و ژمارەیەک لە رێگەکان داخراون، بە تایبەت لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە.
بە وتەی لێپرسراوانی پاکستان، زۆرینەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە ناوچەکانی سەر بە ھەرێمی "خیبر بختونخوا" بووە، کە نزیکە لە ئەفغانستان و بە بەلەم ھاووڵاتیانگەیەندراونەتە شوێنی پارێزراو.
لێپرسراوانی پاکستان داوایان لە گەشتیاران کرد گەشت بۆ ناوچەکانی باکور نەکەن، چونکە رەوشی کەشوھەوا خراپە.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر رێگری لە پێشڕەوی سوپای پوتن نەکرێت و ئۆکراین بکەوێت ئەوا مانای وایە ناتۆ پەلکێشی جەنگ دەکرێت و دەکەوێتە شەڕێکەوە لەگەڵ روسیادا.
وتیشی، دەبێت ئەوە بزانن ئەگەر پوتن سەرکەوتوو بێت لە جەنگی ئۆکراین ئەوا لە کارە دوژمنکارەکانی بەردەوام دەبێت و رەنگە ھێرش بکاتە سەر وڵاتانی تر لە رۆژھەڵاتی ئەوروپا.
دەشڵێت، لەکاتی سەرکەوتنی پوتندا سەرکردەی تر لە جیھاندا وەکو ئەو ھەڵسوکەوت دەکەن و بە ئاسانی دەتوانن ھێرش بکەنە سەر وڵاتانی تر بەوەش دیموکراسیەت دەکەوێت مەترسییەوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەشتی "روبیمار"ی بەریتانی بەھۆی ھێرشێکی حوسییەکانەوە کە رۆژی ١٨ی شوبات کراوەتە سەری، بە تەواوی نقوم بووە.
وتیشی، نزیکەی ٢١ ھەزار تۆن کبریت و فۆسفات و ئەمۆنیۆمی تێدایە، کە مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژینگەی دەریای سوور دروست کردووە، ھەروەھا مەترسی لەسەر کەشتییەکانی دیکەش دروست دەکات، کە بەو رێڕەوەدا تێدەپەڕن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا راشیگەیاند، حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکەن، ھەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر چالاکی دەریایی جیھان، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانیشی پابەندن بە پاراستنی جموجوڵی دەریایی و ھەوڵی جدی دەدەن بۆ سەقامگیری و پاراستنی ئەمنییەتی بازرگانی جیھانی لەڕێی دەریاوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رەوشی مرۆیی لە کەرتی غەززە و ناوچەکانی تری شەڕ لە فەڵەستین پێویستی بەھاوکاری زیاترە و تەنھا لە رێگەی وشکانییەوە ناتوانرێت پێداویستی سەرجەم ئاوارە و زیانلێکەوتووانی فەڵەستین دابین بکرێت، بۆیە ئەمریکا رەوانەکردنی ھاوکارییە مرۆییەکانی بە رێگەی ئاسمانی بۆ غەززە دەستپێدەکات و پێویستە وڵاتانی تریش بەتایبەتی ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا ھەمان ھەنگاو بنێن.
لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بایدن باسی لەوەکرد، ھیوادارن لە مانگی رەمەزاندا ئاگربەست رابگەیەنرێت، بەڵام ھێشتا رێککەوتن نەکراوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست.
ئەبو عوبەیدە وتەبێژی کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، دوای چەند رۆژێک لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گرووپێکی چەکداری سەر بە کەتائیبی قەسام لەناوچەیەکی کەرتی غەززە کە سەرپەرشتی ژمارەیەک بارمتەیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە بەھۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە سەرجەم چەکدارەکانیان و بارمتەکانیش کوژراون کە ژمارەیان حەوت بارمتە بووە و سەرجەمیشیان ئیسرائیلین.
راشیگەیاندووە، لەسەرەتای ھێرش و بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلیەوە بۆسەر کەرتی غەززە، تائیستا زیاتر لە ٧٠ بارمتە بەھۆی ئەو بۆردومان و ھێرشانەوە کوژراون سەرەڕای ئەوەی ھەوڵی زۆریشیان داوە پارێزگاری لە ژیانی بارمتەکان بکەن، بەڵام بەھۆی چڕی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ئەو ژمارە زۆرەی بارمتە کوژراون.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دوانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران بە بەشداری نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس بەرێوەچوو، لیژنەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانیش دەستیان بە پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان کردوە.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان ٤٠٪ی تێپەڕاندوە، لە ئێستادا بەشێکی زۆری دەنگەکان لە سندوقەکانی دەنگدان لە شارەکانی ئەو وڵاتە جیاکراونەتەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیەنن.
ئەنجامی کۆتایی دەنگەکانیش لە شارەکانی نەغەدە و شنۆ و بۆکان و مەریوان و مھاباد و تیکاب قروە و سەلماس راگەیەندراوە، ھەروەھا ئەنجامی دەنگەکانی ھەمەدان و قروە و ٧٠٠ سندوقی دەنگدان لە تاران جیاکراونەتەوە.
ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرا لە پارێزگای خۆراسانی باشوور وەکو ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان ٢٧٥ ھەزار و ٤٦٤ دەنگ بە رێژەی ٨٢.٥٧٪ دەنگەکانی بەدەستھێناوە، بەراوورد بە دووخولی رابردوو دەنگەکانی زیادیکردوە.
لەو ھەڵبژاردنەدا ١٢ ھەزار و ٣٣ کەس خۆیان کاندیدکردووە، ھەروەھا ٦١ ملیۆن و ١٧٢ ھەزار و ٢٩٨ کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدان ھەبووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، مانگی شوباتی رابردوو سزای سێدارەی ١٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراوە، ناسنامەی ٩ کەسیان ئاشکراکراوە، بەراوورد بە مانگی پێشوتر سزای جێبەجێکردنی لە سێدارەدان کەمی کردووە، چونکە لەو مانگەدا ٧٤ کەس لە سێدارە دراوە.
رێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەر لە مانگی رابردوو، ١١١ ھاووڵاتی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەستبەسەرکراون، زۆرترین دەستگیرکراویش ھاووڵاتی کوردبوون، کە گەیشتووەتە ٨١ کەس.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، سبەینێ دانوستانی ئاگربەستی غەززە لە قاھیرە بەڕێوەدەچێت بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن و وەستاندنی شەڕ لەو ناوچەیەدا.
دەشڵێت، ئیسرائیل دوای دڵنیابوونەوە لە لیستی ناوی بارمتەکان کە لە ژیاندا ماون نوێنەری خۆی دەنێرێت بۆ دانوستانەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ئیسرائیل و حەماس ناڕەزاییەتیان لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانی قاھیرە دەرنەبڕیوە و ھەردوو رەزامەندن لە سەر راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانیان.
ریاز مالیکی وەزیری دەرەوەی فەڵەستین رایگەیاند، دەسەڵاتی فەڵەستین گەشبینیە بەوەی پێش ھاتنی مانگی رەمەزان رێککەوتن بکرێت و ئەوان دەسەڵاتێکی شەرعیان ھەیە بۆ ئیدارەدانی غەززە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕ.