وتیشی ھەموو ئامادەکارییەکان بەندە بە خشتەی کاری ھەردوو سەرۆکی روسیا و تورکیاوە، پێشتریش پوتن ئاشکرایکردبوو کە بە نیازە لەسەرەتای ئەمساڵدا چاوی بە ھاوتا تورکیەکەی بکەوێت، بێ ئەوەی بە وردی وادەی سەردان یاخود کۆبونەوەکانیان دیاریبکات.
ھەروەھا مانگی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ھیوای خواستبوو بەم نزیکانە لەگەڵ پوتن کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی دەستپێشخەری تایبەت بە ھەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەو دانوستانانەی لە نێوان ئیسرائیل و قەتەر و ئەمریکا و میسردا لە پاریس بەرێوەچوو سەبارەت بە دۆسێی بارمتەکان، بونیادنەر بون ، بەڵام تا ئێستا کەلێنی گەورە ھەن، ھەربۆیە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لە کۆبونەوەیەکی تردا کە بریارە ئەم ھەفتەیە بەرێوەبچێت .
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە لوتکەی چوار قۆڵی لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و قەتەر و میسر لە پاریس بەرێوەچوە بە ئامانجی ئازادکردنی زیاتر لە ١٠٠ بارمتەی ئیسرائیلی کە لە ٧ ی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن بزوتنەوەی حەمماسەوە وەک بارمتە دەستگیرکراون .
پێگەی "میزان" سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چوار کەس کە تۆمەتبار بوون بە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ دەزگای ھەواڵگیری ئیسرائیل "موساد" لەسێدارەدراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار کەسە لە ٢٣ی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی ئامادەکاریدا بۆ ئۆپراسیۆنێک دژی ناوەندێکی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئێران لە ئەسفەھان، دەستگیرکراون.
ئەو چوار زیندانییەی لە سێدارەدراون کوردن و پێکھاتوون لە موحسین مەزڵوم تەمەن ٢٧ ساڵ، محەمەد فەرامەرزی ٢٨ ساڵ، وەفا ئازەربار ٢٦ ساڵ و پژمان فاتیحی ٢٩ ساڵ.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ئەو چوار کەسە دۆسیەکەیان ناڕوون بووە و لە ماوەی ١٨ مانگی دەستبەسەربوونیاندا لە ھەبوونی پارێزەریش بێبەشکرابوون، رۆژی یەکشەممەش بۆ یەکەمین جار دوای ١٨ مانگ، لە بەندینخانەی ئێڤین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجامدابوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار زیندانییە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بوون و، لە ٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٢ لە گوندی "یەنگەجە" لە نزیک ناوچەی سۆمای برادۆستی پارێزگای ئورمییە دەستگیرکرابوون.
جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی رایگەیاند ، ئەمریکا پابەندە بە پشتگیرکردنی ئیسرائیل و دوپاتیکردۆتەوە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و روبەروی ھەرەشەکانی بزوتنەوەی حەماس ببێتەو ە، بەو مەرجەی پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بێت و گیانی ھاووڵاتیان بپارێزێت.
دەشڵێت، ئەمریکا پابەند دەبێت بە پشتگیریکردنی ئیسرائیل لە جەنگەکەی دژی حەماس ھەروەک چۆن لە ٧ ی ئۆکتۆبەرەوە پابەند بوەو ھیچ گۆرانکارییەک لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئیسرائیل ناکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، تۆڕی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو ، کە ئیدارەکەی بایدن تاوتوێی راگرتن یاخود کەمکردنەوەی ناردنی چەکی بۆ ئیسرائیل کردوە بەو ئامانجەی فشار بخاتە سەر سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ وەستانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە .
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، بە فڕۆکەیەکی بیفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ھێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ھێزەکانی ئەمریکا لە باکووری خۆرھەڵاتی ئوردن کە دەکەوێتە نزیک سنورەکانی سوریا و بەھۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکا کوژراون و لانیکەم ٣٤ی تریش برینداربوون کە ژمارەیەکیان گوازراونەتەوە بۆ ئەمریکا.
راشیگەیاندووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، یەکەم جارە بەھۆی ئەو ھێرشانەوە سەربازی ئەمریکی بکوژرێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش دوای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن پنتاگۆنەوە لەو ھێرشە، رایگەیاند، ھێرشەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە کە لە سوریا و عێراق چالاکن و وەڵامی ھێرشەکە دەدەنەوە.
موھەند موبەیزین وتەبێژی حکومەتی ئوردنیش رایگەیاند، ھێرشەکە لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکەی بووە و لە سنوری بنکەی سەربازی تەنەف بووە لە ناو خاکی سوریا.
میدیاکانی ئێران لە زاری حەیدەر ھونەریان یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی وڵاتەکەیانەوە بڵاویانکردووەتەوە، لە نزیک کەناراوەکانی بوشەھر بە فەرمانی دادوەر دەستیانگردووە بەسەر کەشتییەکدا کە ئاڵای ئۆقیانوسیای لەسەر بووە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەڵگرتبوو.
وتیشی، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەدا ١٤ کەسیش دەستگیرکراون کە سەرنشینی کەشتییەکە بوون کە خەڵکی دوو وڵاتی کیشوەری ئاسیان و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیان دەستیپێکردووە چونکە گومان دەکرێت ئەو نەوتی پێیان بووە قاچاخ بووبێت.
چوار لێپرسراوی باڵای ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکیان راگەیاندووە، بایدن وەکو کارتێکی فشار تاوتوێی کەمکردنەوە و راگرتنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە کەمبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا کۆشکی سپی و پنتاگۆن پێداچونەوە بە داواکاری ئیسرائیلدا دەکەن لە داوای چەکی کردووە، بەڵام ھیچ بڕیارێک نەدراوە.
بەوتەی لێپرسراوەکان، واشنتۆن دەیەوێت بە کەمکردنەوەی دابینکردنی چەک فشار بخاتەسەر بنیامین ناتەنیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی رێڕەوی مرۆیی بکاتەوە و یارمەتییەکان بگاتە دەستی فەڵەستینیەکان.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی رایگەیاند، گفتوگۆ و دانووستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر بۆ ئاگربەستی مرۆیی، ھەنگاوی باشیان بڕیووە و رەشنوسێک لە داواکارییەکانی ھەردوولا ئامادەکراوە بۆ ئاگربەستەکە.
ئەوەشی خستەڕوو، ناوەڕۆکی ئاگربەستەکە راگرتنی شەڕی لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی دوو مانگ لەخۆگرتووە لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە ١٠٠ بارمتەی ئیسرائیلی و چاوەڕوانیش دەکرێت ئاگربەستەکە لە دوو ھەفتەی داھاتوودا لەنێوان ھەردوولا رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا داوای لە قەتەر و میسر کردووە ھەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل و ئازادکردنی بارمتەکانی کەرتی غەززە.
٢٤ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بۆ ماوەی چەند رۆژێک ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە دەستیپێکرد و تیایدا ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی و زیندانی فەڵەستینی ئازادکران و ھاوکاری مرۆیی و خزمەتگوزاری تەندروستیش گەیەندرانە کەرتی غەززە.
دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی کۆریای باشور ئاشکرایکرد، سەعات ٨ ی بەیانی ئەمرۆ بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتـە، کۆریای باکور چەند موشەکێکی لە جۆری کروز لە کەناراوەکانی خۆرئاواوە ھەڵداوە، ئەوەش دوای چەند رۆژێکی کەم لە ھەڵدانی چەند موشەکێکی تر لە ھەمان ناوچەوە .
تا ئێستا ژمارەی موشەکەکان نەزانراوە، بەڵام دەستەکە دوپاتیکردووەتەوە لەگەڵ ئەمریکا کار دەکەن بۆ ئەوەی وردەکاری ئەو تاقیکردنەوە موشەکییەی کۆریای باکور بزانن و لە ئێستاشدا پرۆسەی چاودێریکردنیان چڕ کردووەتەوە .
ھەفتەی رابردوو، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور رایگەیاند، کۆریای باشور دوژمنی سەرەکی وڵاتەکەیەتی و ھەڕەشەی ھەڵگیرساندنی جەنگی کرد ئەگەر بێت و ھەر ھێرشێک دژی وڵاتەکەی ئەنجام بدرێت .
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، بەریتانیا پلانێکی پێنج خاڵی بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕی غەززە پێشنیازکردووە، پلانەکە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و ئازادکردنی بارمتەکانی لەخۆگرتووە و تیایدا جەختیلەوەکراوەتەوە، دەبێت سەرکردەکانی حەماس کەرتی غەززە بەجێبھێڵێن.
بەرپرسێکی باڵای بەریتانیاش بۆ رۆژنامەکەی رونکردووەتەوە، بەریتانیا لە رێگەی دەیڤید کامیرۆن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پلانەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و سەرکردەکانی حەماس تاوتوێکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشنیازەکەی بەریتانیا ئاسۆیەکی سیاسی روونە، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و ئازادکردنی بارمتەکان لە کەرتی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، واشنتۆن بڕیاریداوە ٤٠ فڕۆکەی ئێف ١٦ بە تورکیا و ٤٠ فڕۆکەی تر لەجۆری ئێف ٣٥ بەیۆنان بفرۆشێت و بەھای گرێبەستەش لەگەڵ یۆنان ٨ ملیار دۆلارە.
بەگوێرەی یاسای ئەمریکا پێویستە پێش رێککەوتنی فرۆشتنی چەک بە ھەر وڵاتێک، کۆنگرێسی ئەو وڵاتە ئاگادار بکرێتەوە، لەم بارەیەوە وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، بەرەسمی کۆنگرێس لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان ئاگادار کراوەتەوە.
لەلایەکی تریشەوە لێپرسراوێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، واشنتۆن چاوەڕێیە تورکیا بەڵگەنامەی رەسمی رەزامەندبوونی سوید لە ناتۆ پێشکەش بکات، ئەو کات فڕۆکە جەنگییەکان دەدرێتە ئەنقەرە.
ئاژانسی میھری ئێرانی رایگەیاند، لە شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران و نزیک سنوری پاکستان لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ھێرشکراوەتەسەر ماڵێک و بەھۆیەوە نۆ کەس کە خەڵکی بیانین کوژراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھیچ گروپێک و لایەن بەرپرسیارێتی لە روداوەکە نەگرتووەتە ئەستۆ.
ئەو ھێرشە دوای ئەوە دێت حکومەتی پاکستان چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند، بەڵگەیان لەبەردەستە چەند کرێکارێکی ھیندی تێوەگلاون لە کوژرانی دوو ھاوڵاتی وڵاتەکەی لە خاکی ئێراندا.
پێشتریش ئێران ھێرشی کردەسەر خاکی پاکستان و بەو ھۆیەوە دوو کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا پاکستان بە مووشەک ھێرشی کردەسەر ئێران و بەھۆیەوە ١١ کەس گیانیانلەدەستدا.
روانگەی سوری مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بە سێ درۆن ھێرشکراوەتەوە سەر گەورەترین بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر لە نزیک شاری دێریک.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆردومانەکە ھاوکات بووە لەگەڵ مەشق و راھێنانی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکە و زیانەکانی بۆردومانەکەش دیارنین.
رۆژی ھەینی رابردووش، بە درۆن ھێرش کرایە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی کۆنیکۆ لە رۆژئاوای کوردستان و بەھۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
چارڵز براون، سەرۆک ئەرکانی ھاوبەشی سوپای ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، ھێزەکانی ئەمریکا بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە خۆیان و رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، حوسییەکانی یەمەنیان لە دەریای سوور بە ئامانج دەگرن.
ئەوەشی خستەڕوو، واشنتۆن نایەوێت ململانێکانی ئێستای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە داھاتوودا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و شەڕی نێوان وڵاتان ھەڵبگیرسێت.
سەرۆک ئەرکانی ھاوبەشی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، پێش ھەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی وڵاتەکەیان بۆ سەر گروپە چەکدارییەکان، وردبینی تەواو بۆ ئۆپراسیۆنەکە دەکەن، چونکە ناتوانن پێشبینی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەو گروپانە بکەن.
دادگای دادی نێودەوڵەتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی ئەو رێکارە کاتییانەوە دەدات کە باشوری ئەفریقا لە سکاڵایەکدا داوای کردووە دژی ئیسرائیل بگیرێنەبەر، لە نێویاندا راگرتنی دەستبەجێی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و گرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان و گەیشتنی ھاوکاری مرۆیی بۆیان.
کۆبونەوەکەی دادگای لاھای لەسەر سکاڵایەکی باشوری ئەفریقایە، کە ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە.
لای خۆشیەوە، ئوسامە حەمدان سەرکردە لە بزوتنەوەی حەماس دەڵێت، پابەندی ھەر بڕیارێکی راگرتنی شەڕ دەبن کە لەلایەن ئەو دادگایەوە دەربکرێت، ھەروەھا ھەموو بارمتەکان ئازاد دەکەن، ئەگەر بێت و ئیسرائیل بارمتە فەڵەستینییەکان ئازاد بکات و کۆتایی بە گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بھێنێت و رێگە بە گەیشتنی ھاوکارییەکان بدات.
ھەروەھا بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا رایگەیاندووە، چاوەڕێی چەندین سیناریۆن و چاوەڕێی بەکارھێنانی ڤیتۆی ئەمریکان، ئەگەر بڕیاری دادگاکە بگاتە بەر دەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بەپێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، بەھۆی گەمارۆکانی دیمەشق، کێشەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە ناوچەی شێخ مەقسوودی حەلەب بەردەوامە، لێپرسراوانی سەندیکای دەرمانسازانیش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، دەزگا ئەمنییەکانی دیمەشق ڕێگە نادەن دەرمان بچێتە ناو گەڕەکەکان، ھەر کەسێک ئەو کارەبکات رووبەرووی سزای دارایی زۆر دەبێتەوە.
لە ھەردوو ناوچەی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، ٦١ دەرمانخانە ھەیە کە دەرمان بۆ ٢٠٠ ھەزار کەس دابین دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی شەش حکومەتی دیمەشق گەمارۆی ناوچەکانی شێخ مەقسوودی شاری حەلەبی داوەو ڕێگە نادات سوتەمەنی و خۆراک و دەرمان بچێتە ناو گەڕەکەکەوە.