دادگای تاوانی نێودەوڵەتی: بڕیاری دەستگیركردنی ناتانیاهۆ گۆڕانكاری تیادا ناكرێت
ئاکام
٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە هیچ بارودۆخێكدا گۆڕانكاری لە بڕیاری دەستگیركردنی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلدا ناكرێت.
كەریم خان داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تانەی ئیسرائیل بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری دەستگیركردنی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیران و یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل گۆڕانكاری بەسەر بڕیارەكەدا ناكات.
دەشڵێت، ئەو تانەیەی پێشكەشی كردووە وەستێنراوە و رەتكراوەتەوە، دوای ئەوەی ناتانیاهۆ دەستگیردەكرێت رێكارە یاساییەكان جێبەجێدەكرێن دەتوانرێت وەكو تانە و سكاڵا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
كەریم خان وتیشی، ئیسرائیل بە هیچ جۆرێك ناتوانێت بە ڕوی ئەو بڕیارەدا بوەستێت بەپێی ماددەی 58ی دادگا كە دەسەڵاتی بەسەر هەموو وڵات و هەرێمەكاندا هەیە و پێویستە جێبەجێ بكرێت.