دوای كشانەوەی گروپە چەكدارەكان، هەسەدە چەند ناوچەیەكی  لەحەلەب كۆنتڕۆڵكرد و هێزەكانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكە بڵاوەپێكرد.


روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، هەسەدە لەفڕۆكەخانەی حەلەب و نەبل و زەهرا بڵاوەیان پێكراوە و بازگەكانیان كۆنتڕۆڵ كردووە، دوای ئەوەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران و سوپای سوریا كشاونەتەوە.


لە شەوی ڕابردووەوە ناوچەكانی نەبل و زەهرا جموجۆڵێكی گەورەی ئاوارەبوونی بەخۆوە بینیوە و خەڵكی ئەو ناوچانە، بەرەو گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی پارێزگاكە، وەك حەمس و حەما و گەڕەكی ئەشرەفیە لە حەلەب دەڕۆن.


بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەكانی ناوچەكەش ژمارەی ئاوارەكان بە زیاتر لە ٥٠ هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، ئەوانەی لەناوچەكه ماونەتەوه و توانای دەرچونیان نیە، داوایان له دەسەڵاتدارانی ئایینی عیراق كردووه هاوكاریان بۆ دابین بكەن.


هاوكات لەگەڵ گۆڕانكارییە ئەمنییەكانی ناوچەكەدا، خێزانەكان لە شاری تەل ڕەفعەت و ناوچەكانی باكوری حەلەب بەرەو گەڕەكی شێخ مەقسود ئاوارە بوون كە تائێستاش لە ژێردەستی هێزەكانی هەسەدەدان.