سیناتۆرێكی كۆمارییەكان رایدەگەیەنێت، ترەمپ دەیەوێت پێش دەستبەكاربوونی ئاگربەستی جەنگی غەززە رابگەیەنرێت.

لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماریخوازەكانی ئەمریكا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پێداگریی لەوەكردووە کە دەبێت پێش رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت.

دەشڵێت، ترەمپ دەیەوێت كۆتایی بە جەنگ لە غەززە بهێنێت، هاوكات چارەنووسی بارمتە ئیسرائیلییەكانی لای حەماسیش یەكلایی بكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردووەتەوە، وەفدێكی حەماس بە ئامانجی وەرگرتنی پێشنیازەكانی میسر بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەكان سەردانی قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتەی كردووە.

تا ئێستا چەندجارێك هەر یەكە لە وڵاتانی میسر، ئیمارات و ئەمریكا هەوڵی ئاگربەستیان بۆ جەنگی غەززە داوە، بەڵام زۆربەی هەوڵەكانیان شكستیان هێناوە.