عراقچی: ئەمریكا و ئیسرائیل لە پشت هێرشی گروپە چەكدارەكانن لە حەلەب
شنیار
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی سوریا و توركیا دەكات و دەڵێت، ئەمریكا و ئیسرائیل لە پشت هێرشی گروپە چەكدارەكانن لە حەلەب.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئێرنا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا عراقچی و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا دوایین پێشهاتەكانی سوریایان تاوتوێكردوە و هەردوولا دوپاتیان كردۆتەوە كە روسیا و ئێران پابەندن بە پشتگیكردنی سەروەری نیشتمانی و یەكریزی خاكی سوریا، وەزیری دەرەوەی ئێران وتویەتی، جوڵەی گروپە چەكدارەكان لە سوریا، بەشێكە لە پیلانگێری ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ تێكدانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە .
هاوكات هەردوو وەزیرەكە جەختیان كردوەتەوە لەوەی پێویستە چاودێری رەوشەكە بكەن.
ئەوە لە كاتێكدایە، بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمرۆ عراقچی سەردانی دیمەشق دەكات و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە، دواتریش سەردانی ئەنقەرە دەكات.