بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە ، ئەمرۆ ئاسمانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم بە گشتی ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و خێرایی با لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا، رۆژی شەممەش ئاسمان لە ناوچە جیاجیاکان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و پلەکانی گەرماش ١ بۆ ٢ بەرزدەبنەوە، بەرزترین پلەی گەرماش لە کەرکوک دەبێت کە دەگاتە ٤٤ پلەی سەدی .
بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە رێگەی تەل تەمر و حەسەکە ،ناوەندی فێرکردنی تایبەتی ژنانی لە گوندی شیمکۆ کردۆتە ئامانج کە تەنیا ٢ کیلۆمەتر لە بارەگای ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوورە و نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات.
راشیگەیاندوە، بەھۆی ئەو ھێرشەوە ٤ منداڵ کوژراون و ١١ منداڵی کچیش برینداربوون، ئەوەش ھەموو پێوانە و یاساکان پێشێل دەکات و تاوانی شەڕە، چونکە ئەو ھێرشە مەترسی لە سەر منداڵان و لەسەر ناوەندەکانی فێرکردن دروست دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لەچەند رۆژی داھاتووشدا بەردەوام دەبین لەدەستگیرکردنی ھەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ کاری نایاسایی قۆستووەتەوە.
باسی لەوەش کردووە، "ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دوور لە رێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارھێناوە."
دەشڵێت، تۆمەتبارەکان لەبەرامبەر رەشوە مامەڵەی خەڵکی تریان تێپەڕاندووە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵکی گشتییان لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردووە، بەکرێگیراوبوون و لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا ئەو کارانەیان ئەنجامداوە.
١٩ی ئابی ٢٠٢٢
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ھێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی کەرکوک دوای ٩٠ ڕۆژ لە کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری ورد و بەدواداچون، توانیویانە بە ھاوکاری و چاودێری ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان، تۆڕێکی تیرۆریستی دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تۆڕە تیرۆریستییە پێکھاتووە لە ژمارەیەک سەرکردەی شانە نوستووەکانی داعش کە تێوەگلاون لە کوشتنی ئەندامانی حەشدی شەعبی و کەسایەتی ھۆزەکان و ژمارەیەک ئەفسەر، ھەروەھا چەندین کردەوەی تیرۆریستییان بۆ سەر ھێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژئاوای کەرکوک ئەنجامداوە و دەستیشیان لە ھێنانی خۆکوژ لە دەرەوە بۆ ناو عێراق ھەبووە.
ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات "پەیەدە" لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی ھەواڵەکانی کوردسات نیوز ڕایگەیاند، تورکیا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ھێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و تەنھا ئەوە ماوە لە ڕێگەی وشکانییەوە ھێرشەکانی دەستپێبکات. وتیشی، سوپای تورکیا بە تۆپ و درۆن ھێرش دەکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و لەو ھێرشانەشدا ھاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
ساڵح موسلیم ڕەخنەی لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی گرت کە لە کاتی ھێرشەکانی تورکیا، بێ دەنگی ھەڵدەبژێرن و بیانوی ئەوە دەھێننەوە، تەنھا بۆ شەڕی تیرۆر ھێزیان لە ناوچەکە ھەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا، بەمانای پیلانگیڕییەک دێت دژی گەلی کورد و وڵاتانی جیھانیش کورد لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەھێنن.
بەوتەی ساڵح موسلیم، لەسەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریاوە، کورد لەگەڵ دانوستان بووە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام حکومەتی دیمەشق ھاوشێوەی ئەنقەرە دەوێت خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لەناوببات. ئاشکراشیکرد، شتێک نەماوە بەناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوەی ھەیە ھەمووی سەر بە سوپای تورکیان.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان بڵاویکردەوە، سێ تۆمەتبار ٣٠٠ ملیۆن دیناریان لە ناحیەی قەرەتەپە دزی و دواتر ھەڵاتن بۆ شاری سلێمانی، ئاسایشی گەرمیانیش دۆسیەی بۆ ئەو سێ تۆمەتبارە کردەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.
راشیگەیاندووە، پاش کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتبارەکان، ئاسایشی گەرمیان بەھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی توانیان تۆمەتبارەکان لە سلێمانی دەستگیر بکەن، بەپێی ماددەی ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێراق رادەستی ئاسایشی گەرمیان کرانەوە.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا گوندەکانی "ئوم قورا و وەحشیە"یان لە کانتۆنی شەھبا بۆردومانکرد کە بەھۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بەر ھاووڵاتیان کەوتووە.
ھاوکات رۆژی چوارشەممەش سوپا تورکیا گوندەکانی"زورموغار و شێخلەر و گوندی ئەحمەد مونیر"یان لە ڕۆژئاوای کۆبانێ بەچەکی قورس تۆپباران کردووە، لە عەفرینیش بەھۆی بۆردومانی تورکیاوە منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ برینداربووە.
ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بەچڕی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات کە بەو ھۆیەشەوە زیانێکی زۆر بەر ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە کەوتووە، رۆژی سێشەممەش بەھۆی ھێرشی تورکیاوە بۆ سەر خاڵێکی سەربازی لە شارۆچکەی عامودێ ٥ شەڕڤانی "ھەسەدە" گیانیان لەدەستدا و چەند ھاووڵاتییەکی دیکەش برینداربوون.
فەریبۆرز کەرەمی لێپرسراوی گشتی ڕێگاوبانی ترانزێت لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگدا لەسنوری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ٥٩١ ھەزار و ٩٩٢ تۆن کاڵا ئاڵوگۆڕکراوە.
ھەروەھا ھەزار و ٥٠٠ بارھەڵگر لەسنووری پەروێزخانەوەی ھاوردەکراوە، ئەوەش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا ٢٩٠ زیایکردووە.
فەریبۆرز کەرەمی وتیشی، ھەر لەو ماوەیەدا ١٩ ھەزار و ٤٣٠ تۆن کاڵا لەسنوری پەروێزخانەوە ھەناردەکراوە، کە لە چوار مانگی ساڵی رابردووشدا پێنج ھەزار و ٣٦٤ تۆن کاڵابووە.
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر رایگەیاند، بەھۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنی کوالێتییەکەی، ١٣ بەنزینخانەی دیکە لە ھەولێر لە کۆی ٥٥ بەنزینخانە کە پشکنینان بۆ کراوە لە ماوەی ھەفتەیەکدا سزادران.
بەپێی ئامارەکانی قائیمقامیەتی ھەولێریش لەماوەی ئەم مانگەدا ٤٢ بەنزینخانە لە سنوری پارێزگای ھەولێر سزادراون، کە لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانەوە پشکنینان بۆ کراوە.
نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف بەردەوام لە زیاندان، لە جەژنی قوربانی رابردووەوە تائێستا ئەگەر لە ٥٠٠ ھۆڵ مریشک فرۆشرابێت و ھەر ھۆڵێک ٣٠ ملیۆن دینار زیانی کردبێت، کۆی گشتی لەو ماوەیەدا ١٥ ملیار دینار زیان بەر کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیشتووە.
وتیشی، توانیوویانە ژمارەیەکی زۆر ھەلی کار لە کێڵگە پەلەوەرییەکان بەگەڕبخەن، بۆیە پێویستە حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ گرنگی زیاتر بە کێڵگە پەلەوەرییەکان بدەن بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیی، چونکە مریشکی ناوخۆ بەشێوەیەکی زانستی دەخرێتە بازاڕەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، لە ھەرێم ٣٨ کارگەی دروستکردنی عەلەف ھەیە، بەڵام ئەو کارگانە نرخی عەلەفیان دانەبەزاندووە و لەئێستادا تۆنێک عەلەف بە ٧٠٠ دۆلارە، لەکاتێکدا زۆربەی پێداویستی و خواردەمەنییەکان لە ھەرێم نرخیان دابەزیووە.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەنجومەنی پزیشکی ئوردنی لەنووسراوێکی ڕەسمیدا کەئیمزای دکتۆر محەمەد موسا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی پزیشکی ئوردنی لەسەرە، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دانپیادانان بە نۆ نەخۆشخانە لە ھەرێمی کوردستان کە چوار نەخۆشخانەیان دەکەوێتە شاری سلێمانی ئەوانیش نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی منداڵبوون، نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵان و نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێرکاری.
ڕشیگەیاند، لەو نووسراوەدا ھاتووە لەوەڵامی نووسراوێکی ئەنجومەنی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان سەبارەت بە بەدەستھێنانی دانپیادانانی ئەنجومەنی پزیشکی ئوردنی بۆ ژمارەیەک نەخۆشخانە و پرۆگرامی مەشق لەھەرێمی کوردستان، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی پزیشکی ئوردنی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دانپیادانان بەژمارەیەک نەخۆشخانە و پرۆگرامی مەشقی پزیشکی لەھەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکھێنانی لیژنەیەک.
تەندروستی سلێمانی ڕوونی کردووەتەوە، دوای سە ردانکردنی لیژنەیەک لە ئەنجومەنی پزیشکی ئوردنی وە دیراسە کردنی نەخوشخانەکان، ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر دانپیادانان بە چوار نەخۆشخانە لە سلێمانی و دوو نەخۆشخانە لە ھەولێر سێ نە خوشخانە لە دھۆک.
ئەنجومەنی پزیشکی ئوردن دامەزراوەیەکی پزیشکییە و لەسەر ئاستی جیهان چەندین بڕوانامەی وەرگرتوە. چەندین پزیک و شارەزای پزیشکی لە خۆدەگرێت.
بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەرچەند بڕیاربوو ئەمڕۆ ١٠ کەس لە دەستگیرکراوانی بادینان ئازادبکرێن کە پێنج کەسیان خەڵکی شیلادزێن و پێنج کەسەکەی دیکەش خەڵکی دھۆکن، بەڵام بەبیانووی کەموکورتی لە دۆسیەکانیان و تەواونەکردنی رێکارەکان، ئازادکردنی ئەو چالاکوانانە بۆ رۆژی یەکشەممە دواخراوە.
وتیشی، دواخستنی دۆسیەکانیان و ئازادنەکردنیان دەستی سیاسی لەپشتەوەیە، ئەگەر رۆژی یەکشەممە داواکانیان جێبەجێنەکرێت، ئەوا بەپێی ماددەی ٣٢٩ لە یاسای سزادانی عێراقی ھەر فەرمانبەرێک بڕیاری دادگا جێبەجێنەکات، یان رێگربێت لە جێبەجێکردنی، ئەوا سزادەدرێت بە زیندانیکردن یاخود غەرامەکردن، بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی ھەولێریش ئیعتباردەکرێت بەوەی تاوانی ئەنجامدابێت، بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی ھەولێر تۆماردەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕابەڕین ڕایگەیاند، لە درێژەی کارو چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین بەشی ماددە ھۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکایندا، لە ئەنجامی بەدواداچوون و چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کەسانی گوماناوی توانیویانە ٤ کەس دەستگیر بکەن کە ماددەی "٣٠" لە یاسای ماددە ھۆشبەرەکان دەیانگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، ھەر لە درێژەی کارو چالاکییەکانی بەشی ماددە ھۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بە ھاوکاری یاریدەدەریێتی ئاسایشی سەنگەسەر توانراوە کەسێک دەستگیر بکەن کەبڕی ٢٥٠ غرام ماددەی ھۆشبەری لەجۆری "حەشیش" پێ بووە و بەپێی ماددەی "٢٦" لە یاسای ماددە ھۆشبەرەکان سزا دەدرێت.
حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی ٦٠ کۆچبەر لە دوورگەی کیسیرا لە یۆنان گیریانخواردووە کە ھەوڵیانداوە بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن، لەئێستاشدا لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
وتیشی، کۆچبەرەکان خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ئێران و ئەفغانستانن، دوو کەسی رۆسیش دەستگیرکراون ئەگەری ھەیە قاچاغچی کۆچبەرەکان بن.
نوێنەری دەزگای لوتکە ھەروەھا جەختی لەوەشکردەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆچبەرەکان کراوە و ھەموو ئامێرێکی پەیوەندیکردنیشیان لێوەرگیراوە، پێدەچێت رەوانەی کامپە داخراوەکانی دەوروبەری ئەسینا بکرێنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاند، بەشێکی تری چەکی شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووە، کە بڕەکەی ٢٧ ملیار دینارە.
لەو بڕە پارەیەش حەوت ملیار دینار بۆ سلێمانی و ١٥ ملیار دینار بۆ ھەولێر و پێنج ملیار دیناریش بۆ دھۆک تەرخان کراوە.
وتیشی، دوای رێکارە کارگێڕی و داراییەکان دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت.