سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێدەچێت کۆبونەوەکەی پەرلەمان بکەوێتە رۆژی سێشەممەی ھەفتەی داھاتوو، تیایدا پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن، دەنگی لەسەر دەدرێت و خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەکیش دەکرێت.

رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار ماوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تا ساڵی ٢٠٢٣ درێژکرایەوە، ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتەوە و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو و پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەستلەکارکێشانەوەیان ئاراستە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و فراکسیۆنی کۆمەڵ و پێنج پەرلەمانتاری تریش بایکۆتی دانیشتنەکانیان کرد، پێدەچێت لە دانیشتنەکەی ھەفتەی داھاتووی پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بخرێتە کارنامەی کاری کۆبوونەوەکە و دەنگی لەسەر بدرێت.