خۆپیشاندان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە
لاڤە
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
خۆپیشاندانەکانی شاری مھاباد کە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، لە دوای بەخاکسپاردنی ھاووڵاتییەکی شارەکەوە سەریھەڵدا، کە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە دوێنی گیانی لەدەستدا. ھاوکات خەڵکی چەندین ناوچەی بۆکان بۆ پشتگیری لە خەڵکی مھاباد چوونە سەر شەقامەکان.
بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤی ھرانا، لە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ٣٢٨ کەس بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون کە ٥٠یان منداڵ و کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵن، ھاوکات ٣٨ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانیش لە گرژی و ئاڵۆزییەکاندا کوژراون. تائێستاش لە ١٣٧ شار و ١٣٦ زانکۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە حکومەتی ئێران ئەنجام دراوە.