رێکخراوی ھەنگاو: تائێستا لە شارەکانی رۆژھەڵات ٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
شەوی رابردوو خەڵکی مەھاباد و بۆکان ھاتنە سەر شەقامەکان و درێژەیان بە ناڕەزاییەکاندا. خۆپیشاندانەکانی شاری مەھاباد کە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، لە دوای بەخاکسپاردنی ھاووڵاتییەکی شارەکە بەناوی (فایەق مام قادری) سەریھەڵدا، کە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە رۆژی چوارشەممە گیانی لەدەستدا. ھاوکات خەڵکی چەندین ناوچەی بۆکان بۆ پشتگیری لە خەڵکی مھاباد چوونە سەر شەقامەکان.
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا، ٦٢ کەس لە شارە کوردییەکان گیانیان لەدەستداوە کە ٨یان ژنن و ١١یان مێردمنداڵن. ھەروەھا زیاتر لە ٤ ھەزار و ٢٠٠ کەسیش دەستبەسەرکراون کە ناسنامەی ھەزار و ١٥ کەسیان ئاشکرابووە و لەو ژمارەیەش ٨٣یان منداڵن و ١٣٥یان ژنن.
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوریش، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، ٤٣ رۆژنامەنووس لە ئێران دەستگیرکراون ، ھێشتا ٣٤ رۆژنامەنووس کە ١٥یان ژنن، دەستبەسەرن و ئازاد نەکراون.