ئەوقافی سلێمانی: لە مزگەوتێكی سلێمانی ٤٠ قورئانی پیرۆز دزراوە
ئاکار
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
حاجی ئاكۆ حەسەن، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە مزگەوتی حاجی كەریم بێكراس لە گەڕەكی شەهیدانی ئازادی لە شاری سلێمانی دزێك چووەتە ناو مزگەوتەكە و ژمارەیەك قورئانی پیرۆزی دزیوە. وتیشی، نزیكەی دوو مانگ پێش ئێستاش هەمان دز لە هەمان مزگەوت ژمارەیەك قورئانی تری دزی و بە هەردووجارەكە نزیكەی 40 قورئانی دزیوە. وتیشی، بە وتەی مامۆستای مزگەوتەكە ژمارەیەك لەو قورئانە پیرۆزانەی دزراون بە زاخاوی ئاڵتوون چوارچێوەیان گیراوە.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سكاڵایان تۆماركردووە و وێنە و ڤیدیۆی ئەو كەسەشیان رادەستی پۆلیس كردووە، لە ئێستادا هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی رێكارە یاساییەكان جێبەجێ دەكەن.