رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ھێزەکانی پاسەوانی سنوور بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی کۆڵبەران و کاسبکاران چوونەتە سەر گوندی بێورانی سەر بە شاری سەردەشت، بەڵام خەڵکی گوندەکە بەرامبەریان وەستاون و ئەو ھێزانەش دەستڕێژی گوللەیان لە خەڵک کردووە و بەھۆیەوە کاسبکارێک بەناوی (ھێمن حەمزە) کە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، گوللە بەر سنگی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، گیان لەدەستدانی ئەو کاسبارەکە توڕەیی خەڵکی گوندی بێورانی لێکەوتووەتەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و رێگەی سەردەشتیان داخستووە و لەبەردەم قائیمقامیەت کۆبوونەتەوە، بەڵام بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە و دوو کەس کە یەکێکیان خوشکی ئەو کاسبکارەیە بریندار بوون.

لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو کاسبکارە، خەڵکێکی زۆر بەشداریانکردووە و دروشمەکانی دژی حکومەتیان وتووەتەوە.