زانا عەبدولڕەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشتر وەرگرتنی نەوتیان بە نرخی ١٠٣ ھەزار دینار رەتکردەوە و داوایانکرد ئەو نرخە کەمبکرێتەوە، بەڵام پێیان راگەیەندراوە ئەو نرخە کەمناکرێتەوە.

زانا عەبدولڕەحمان راشیگەیاند، سەرەڕای گرانی نرخەکەی، بەڵام داوایانکردووە نەوتەکەیان بۆ دابینبکرێت و رەنگە ٢٠ رۆژی تر نەوتەکەیان پێبگات، بەڵام خەڵکی پێنجوێن سەرپشکن لە وەرگرتن یاخود وەرنەگرتنی نەوتەکە، وتیشی، پێویستی قەزاکە بە نەوت، دوو ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بۆ سێ ملیۆن لیتر نەوتە.

ھاوشێوەی پێنجوین، وەرگرتنی نەوت بە ١٠٣ ھەزار دینار لە قەزای سەیدسادقیش رەتکرایەوە، بەڵام بە وتەی دیاری رەفیق قائیمقامی قەزای سەیدسادق، بەھۆی ھاتنی وەرزی سەرماوە داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی کردووە، نەوتەکەیان بۆ دابینبکات.

دیاری رەفیق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رەنگە ھەفتەی داھاتوو یان دواتر، نەوت بگاتە سەیدسادق و ٢٢ ھەزار فۆڕمی نەوتیان بۆ وەرگرتنی نەوت ھەیە.