عەلی حسێن بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - ھەڵەبجەی پارتی و ئەندامی وەفدی پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەخوازێت کە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و کێشەکانی نێوانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
وتیشی، یەکێتی و پارتی دوو حزبی بەرپرسیاری سەرەکین کە ئەرکی پاراستنی ھەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆدایە، ئەگەر ناکۆکیشیان ھەبێت، خاڵی ھاوبەشیان زۆرە و دەبێت ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.
ھەروەھا رۆژی پێنجشەممەش، د. سۆران جەمال تاھیر وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، رۆژی شەممە وەفدی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ھەنگاو بە ھەنگاو کێشەکانی نێوانیان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاویکردەوە، لە میانی خۆپیشاندانەکانی چوار مانگی رابردوودا ٤٨٨ کەس کوژراون کە لانیکەم ٦٤یان منداڵ و مێردمنداڵی ژێر ١٨ ساڵن، زۆربەشیان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و پارێزگای سیستان و بەلوچستان بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ١٠٧ خۆپیشاندەر مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە و ١٩یان سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە، تا ئێستاش چوار خۆپیشاندەر لەسێدارەدراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران راشیگەیاندووە، لە ٢٦ رۆژی رابردوودا لانیکەم ٥٥ کەس لە ئێران بە تۆمەتی جۆاروجۆر لەسێدارەدراون کە ٣٧یان لە پەیوەندی بە ماددە ھۆشبەرەکان لەسێدارەدروان، ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانەیەش ترساندنی خۆپیشاندەرانە.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە ھەندێ شوێن، لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفری لەگەڵدایە، ئەگەری ھەیە بەفربارین سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە بگرێتەوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما یەک تا دوو پلە بەراورد بە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو دادەبەزن.
ئاشکراشیکرد، سبەی یەک شەممە ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە ھەندێ شوێن، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەبێت وە لەکاتەکانی شەودا ئەگەر ھەیە بەفربارین سەنتەری شاری سلێمانی بگرێتەوە.
وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکھاتوو لە ( جەعفەر ئیمینکی، مەحمود محەمەد، ھێمن ھەورامی، عەلی حسێن، پشتیوان سادق، ئومێد سەباح) سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کردو لەلایەن ( قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئاسۆ مامەند و دارا رەشید و ئەمین بابەشێخ و ئەحمەد عەسکەری و د.میران محەمەد) پێشوازی کران و لە ئێستاشدا لە کۆبوونەوەدان.
بە پێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی ئەو کێشەو ناکۆکییانە دەکرێت کەلەنێوان ھەردوولادا لەسەر رەوشی سیاسی و ئەمنی و پرۆسەی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان دروستبووەو کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ نەوتەکە لە کەرکوکەوە رەوانەی ھەولێر و سلێمانی کراوە و لەو بڕە نەوتە ٣٠ تەنکەر بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ دابین دەکرێت، ٣٠ تەنکەریش بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین.
رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ٦٠ تەنکەر نەوتە بێ بەرامبەر بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت، بەڵام تا ئێستا روون نییە کە نەوتەکە تەنھا بۆ ھاووڵاتیانی کەم دەرامەت دەبێت یان لەو شوێنانە دابەش دەکرێت کە سەرەی وەرگرتنی نەوتیانە.
وەفدێکی حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بینای پارێزگای سلێمانی لەگەڵ پارێزگارو قائیمقام و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کۆبوونەوەو گفتوگۆکرا لەبارەی رووفاتی ئەنفالکراوان و پشکنینی ( دی ئێن ئەی).
سروە محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی چواری ساڵی ڕابردووەوە کار بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان دەکەن و نمونەی (دی ئێن ئەی)یان وەرگرتووە و لە ئێستادا ١٧٢ ڕووفات ئامادەیە و وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەرکەیان گرتۆتە ئەستۆ.
وتیشی، لیژنەیەک لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بەغداد و پزیشکی دادی بەغداد و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی (دی ئێن ئەی) دەکات لە ھەموو عێراقدا.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی رونکردنەوەیەکی لەبارەی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، ھەندێک پەیج و میدیا بە ئەنقەست ھاوڵاتیانیان بە ھەڵە لەشێوازی کارکردنی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت تێگەیاندووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ یاخود پۆینت تو پۆینت و تەنھا لەرێگاوبانەکانی دەرەوەی شار کاری پێ دەکرێت لە کارکردنی کامێرای خێرایی لەناو شاری سلێمانی پەیڕەو ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کامێرایانەی ئێستا لە قۆناغی دانانن لە زۆرینەی شەقامە سەرەکی و گۆڕەپان و گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بەھاتوچۆ و بواری خێرایی و شۆفێرییەوە نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشی شاری سلێمانییە.
ھاتوچۆی سلێمانی جەختیشیکردوەتەوە، کارکردنی کامێراکانی خێرایی بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر دانانی ٢٢٥ کامێرای چاودێری خێراییە لەو جێگایانەی کە پێویستە لە سنوری رێگاوبانەکانی دەرەوی شار.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد، کۆبوونەوەکە زیاتر لە چوار سەعاتی خایاند، دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا یەکێتی و پارتی رایانگەیاند، بە مەبەستی گفتوگۆکردنی راشکاوانە لەسەر کۆی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی ھەرێم و ئاڵوگۆڕی بۆچوون و ھەڵوێستەکان لەسەر چەندین بابەتی ھەنووکەیی، وەفدی باڵای ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیی کۆبوونەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتی و ھاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینی ھەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی پێشووتری ھەردوولا خرانەڕوو. لە کۆتاییدا ھەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی ھەردوو وەفد ئەنجام بدرێت.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەمڕۆ لە شارۆچکەی حازمە لە باکووری شاری ڕەقە، دوو چەکداری سەر بە شانەنوستووەکانی داعش لەسەر ماتۆڕسکیلەوە تەقەیان لە ئەندامێکی ھەسەدە کرد و شەهیدکرا.
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سوری، لە ماوەی ٢٨ رۆژی رابردوو تیرۆریستانی داعش بە سوودوەرگرتن لە فراوانی سروشتی جوگرافی ناوچەکە ٢١ ھێرشیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو ھێرشانە ١٩ کەس کوژراون کە پێکدێن لە سێ ھاووڵاتی و ١٥ ئەندامی ھەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ و پێکھاتە سەربازییەکانی تر و کەسێکی نەناسراو.
"سەلاحەدین دەمیرتاش"ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، حکومەتی تورکیا پلانی ھەیە بەر لە ھەڵبژاردن ھێرش بکاتە سەر کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، گەورەترین تاقیکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن ئەو ھەڵوێستەیە، لەبەرامبەر ئەو پلانە فێڵبازیانەدا دەیگرێتەبەر، کە ئایا ھەوڵدان بۆ داگیرکردنی خاکی کەسێکی تر بۆ دەنگدان دەبێت.
دەمیرتاش سەبارەت ئۆپۆزسیۆنیش راشیگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان کاندیدی سەرکەوتوو بێت، بۆچی ھەوڵی زیادکردنی ھوداپار دەدات بۆ ھاوپەیمانیتیەکەیان کە ١٧٠ ھەزار دەنگی ھەیە.
نەوتەکە ئەمڕۆ لە کەرکوکەوە رەوانەی ھەولێر و سلێمانی کرا کە ٣٠ تەنکەری بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ دابین دەکرێت، ٣٠ تەنکەریش بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین دەبێت.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری بەرھەمە نەوتییەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە بەرھەمە نەوتییەکان و پارێزگارەکان کۆدەبنەوە بۆ دانانی میکانیزمی دابەشکردنی نەوتەکە بەبێ بەرانبەر.
ھاوکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو نەوتەی گەیشتوەتە ھەرێم کە بڕەکەی دوو ملیۆن لیترە، بە بەراورد لەگەڵ زیاتر لە ٢٥٤ ملیۆن لیتر پێداویستیی ناوخۆیی ھەرێم بڕێکی زۆر کەمە.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، ئەو نەوتە بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دابەش دەکرێت، کە ھاوکاتە لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەستپێکردنی لە ناوچەکانی دەوروبەر.
لای خۆیەوە، د.بڕیار رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، یەکەم پەرلەمانتار بوون ھەوڵیاندا بۆ رەوانەکردنی نەوتی سپی لە ڕێگەی بەغدادەوە، لە ماوەی ڕابردوو ھەموو بەڵگەکانیان ھەنگاو بە ھەنگاو خستە ڕوو.
وتیشی نوسراوی خۆیان بە ئیمزای وەزیر بڵاو کردەوە، بە تەحادەوە ئەگەر ھەر لایەنێکی سیاسی بە حکومەتی ھەرێمیشەوە لەسەر نوسراوی ئەوان پێش ئێمە رەزامەندی کراوە با بیخەنە ڕوو.
"کاروان یاروەیس"ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەک شەممە ھەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی لیژنە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، کە پێکھاتوون لە سەرۆک و جێگری یەکەم و دووەمی لیژنەکان.
پێشتر "کەریم شکور"جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لە کۆی ٢٥ لیژنەی ھەمیشەیی سەرۆکایەتی چوار لیژنە بەرکورد بەردەکەوێت، بەوپێیەش کورد سەرۆکایەتی لیژنەکانی"یاسایی و تەندروستی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی کۆچ وکۆچبەران"ی بەردەکەوێت.
ھەروەھا بۆ لیژنەکانی نەوت و کشتوکاڵ و وەربەھێنان و وەرزش جێگری یەکەمیان بەرکورد دەکەوێت، دەستپاکی و ئاسایش و بەرگری و دارایی و کاروباری شەھیدان و ھەرێمەکان و گواستنەوە و گەیاندن و کارەباش جێگری دووەمی بەر کورد دەکەوێت.
دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین ئەندامی پێشووی دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، لەسەر بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان، پێویستبوو دوو ئەندامە کوردەکەی دادگای باڵای فیدراڵی ھەڵوێستیان ھەبووایە، لانیکەم بە چوونەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە، چونکە بابەتەکە تەنھا یاسایی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە و بێشبەشکردنی خەڵکیش لە ھەرێمێک یان ھەر شوێنێکی تری عێراق لە بودجە، نە دەستوورییە و نە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤیش دەگونجێت.
وتیشی، لە بنەڕەتدا یاسای دادگای فیدراڵی یاسایەکی نادەستورییە، چونکە بەپێی ماددەی (٩٢) بڕگەی (٢) لەدەستوری عێراق دادگاکە پێکنەھاتووە و لەسەرەتاشەوە لێپرسراوانی کورد درکیان بە بایەخی ئەو دادگایە نەکردووە لەسەر داھاتووی بڕیاردان لە عێراقدا.
عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی پەروەردە وەڵامی گشتاندنی ئەنجومەنی راژەی داوەتەوە بۆ ژمارەی پێویستی فەرمانبەر لەناو وەزارەتی پەروەردەدا و رایانگەیاندووە کە پێویستییان بە دامەزراندن ھەیە و ئەولەویات بۆ مامۆستایانی وانەبێژە.
وتیشی، ئەنجومەنی راژە لەئێستادا تاوتوێی وردی وەڵامەکەی وەزارەتی پەروەردە دەکات، بەڵام ئەوان داوای دامەزراندن بۆ سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن، چونکە پێویستن بۆ ناوەندەکانی خوێندن و بەپێی پێویستی دانراون، کە ژمارەیان زیاتر لە ٣٥ ھەزار کەسە.
بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، رۆژی ٣٠ ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی دادگای فیدراڵی بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی خۆراک سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق کە لەسەر وەزیری بازرگانی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر تۆماریکردووە و تایبەتەوە بەوەی کە لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بەشەخۆراکی مانگانە بۆ ھاوڵاتیان دابیندەکات، بەڵام لە ١/١/٢٠٠٤ەوە تا ٣٠/٩/٢٠٢١ ئەو پارەیەی لە بریکارەکانی خۆرک لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێت نەگەڕێنراوەتەوە بۆ بەغداد.
ھاوکات، ٣١ی ئەم مانگەش دادنیشتنێکی تری دادگای فیدراڵی بەڕێوەدەچێت لەسەر سکاڵایەک کە تایبەتە بە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێدانی کارەبای نیشتمانی بە سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمراوەتەوە، بەشێوەیەک تا ٢٣ی ئەم مانگە پێدانی کارەبا لە ٢٤ سەعاتدا بە سلێمانی ٨ سەعات و ١٩ دەقە، ھەولێر ١١ سەعات و ١٣ دەقە، دھۆک ١١ سەعات و ٢٤ دەقە، ئەمەش بەدەرە لە سیتی و پرۆژەکان کە کارەبایان ٢٤ سەعاتییە.
وتیشی، سەرجەم پارێزگای سلێمانی ٧٥٠ مێگاوات کارەبای پێدەدرێت، لەکاتێکدا پێشتر ئەو کارەبایەی بە موسڵ و کەرکوک دەفرۆشرا ٤٣٠ مێگاوات بوو، بەڵام ئێستا کراوەتە ٨٣٣ مێگاوات کە بەو دوو شارە دەفرۆشرێن.