د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت ھەموارکردنەوەی ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ لە پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، دوای لابردنی دەستەواژەیەکی ناو ماددەی ١٢ لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ھەرێم بوو، لە ھەوڵێکدا ١٠ ئەندامی لیژنەی دارایی یاداشتێکیان پێشکەش بە سەرۆکی لیژنەی دارایی کردوە بۆ ھەموارکردنەوەی ھەردوو ماددەی ١٣ و  ١٤ لە لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، دیسانەوە دەیانەوێت ناردنی شایستەی دارایی مانگانەی ھەرێم ببەستنەوە بە ھەناردەکردن و فرۆشتنی بە لایەنی کەم ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە، لە کاتێکدا بە گوێرەی ڕێکەوتنامەی نەوتی نێوان ھەردوو حکومەت فرۆشتنی نەوت لە لایەن سۆمۆ جێبەجێ دەکرێت نەک ھەرێم، ئەو ئەندام پەرلەمانانەش دەڵێن، لە کاتی ھەبوونی ھەر ناکۆکیەک لە نێوان ھەردوو حکومەت ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ کارکردن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی.