دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەکۆبوونەوەدان
لاڤە
١٩ی ئایاری ٢٠٢٣
لە کۆبوونەوەکەدا، رێواز فەیەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار، رزگار حاجی حەمە لە یەکێتی و ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، زانا مەلا خالید و رێبوار یەڵدا لە پارتی بەشداری دەکەن.
کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتیدایە سەبارەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و لە پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
پێشتر یەکێتی و پارتی لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی.
رۆژی ١٦ی ئەم مانگەش، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەسەر پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان، بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا.