بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەنتەر و نەخۆشخانە تایبەتمەندەکانی بواری شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان، سوود لە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان وەردەگرن و ئەنجومەنی باڵای بەرەنـگاربوونەوەی شێرپەنجە لە عێراق و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ھەرێمی کوردستان دەخەنە ناو بەرنامەی پاڵپشتییەکانیان.

راشیگەیاند، وەزیری تەندروستیی عێراق رەزامەندیداوە لەسەرئەوەی، نوێنەری سەنتەرە تایبمەتمەندەکانی تەندروستیی ھەرێم لە ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە ھەبێت و بخرێنە ناو پڕۆگرامی پاڵپشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و لە داھاتوویەکی نزیکیشدا رێکخەری سەنتەرە تایبمەتمەندەکانی بواری شێرپەنجە لە ھەرێم، بۆ ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە زیاد دەکرێت.

وتیشی، ئەو ھەنگاوە سوودی دەبێت بۆ نەخۆشخانە و سەنتەرە شێرپەنجەییەکانی ھەرێمی کوردستان و پاڵپشتیکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە وەرگرتنی چارەسەرەکان و دابینکردنی ئامێری پێویست.