"نوخشە ناسیح" قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، دابەشکردنی نەوت لە قەزا و ناحیەکان و ناوچە ساردەکانی ھەڵەبجە کۆتایھاتووە و بڕیارە سبەینێ یەک شەممە نەوتی ھاووڵاتیان بە نرخی ١٠٥ ھەزار دینار بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش بکرێت.
وتیشی، بڕێک نەوت کۆگا کراوە، لەگەڵ ئەو نەوتەی رۆژانە دەگاتە ھەڵەبجە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت.
سەبارەت بەو نەوتەی حکومەتی عێراق راوەنەی ھەرێمی کوردستانی کرد"ئازاد تۆفیق"پارێزگاری ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی رەوانەی ھەرێمی کوردستان کرا ، ٣ تانکەری بۆ ھەڵەبجە دابینکرابوو، بێ بەرامبەر بەسەر ٥٥٠ خێزانی کەمدەرامەتتدا دابەش کراوە.
راشیگەیاند، نەوتەکە بەسەر کەمئەندامان و نابینایان و خێزانی کەمدەرامەتدا دابەشکراوە، ئەو خێزانانەی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدەیان راکێشاوە نەوتیان وەرگرتووە، چونکە ئەوە دەیسەلمێنێت کە باری داراییان خراپە و ناتوانن ئەمێری زیاتری کارەبا رابکێشن.
لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی کاری ھۆڵەندی، وەفدێکی یەکێتی کە پێکھاتبوو لە "سەرکەوت مەحەمەد غەفوور" ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و "بەختیار بەکر " نوێنەری یەکێتی لەھۆڵەندا، لەگەڵ سەرۆکایەتی و بەرپرسی پڕۆژەکانی سەنتەری ماکس ڤەندەر ستولی سەر بە پارتی کار، کۆبوونەوەو لەسەر بەرنامە و پڕۆژەی کاری ھاوبەشی داھاتوویان ڕێککەوتن.
یەکێتی و سەنتەری ناوبراو،ساڵی رابردوو لە شاری سلێمانی لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەشییان ئیمزاکرد لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی دوو پارتەکە. ئامانجە ھاوبەشەکان، وەکو دوو ھێزی چەپ و دیموکراتخواز ھەوێنی پڕۆژە و چالاکییەکانی داھاتوو دەبن و سوود لە ئەزموونی درێژخایەنی سۆسیال دیموکراتەکانی ھۆڵەندا و ئەوروپا وەردەگیرێت بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ژینگە و پێکھاتەی سیاسی و کۆمەڵاتی عێراق و ناوچەکە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، بەھای دیناری عێراقی نزیکەی ١٠ ھەزار دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و ئێستا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر ١٦٤ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئێوارەی رۆژی ھەینی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە تورکیا، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوی بانکی ناوەندی، ھەردوولا رێککەوتن ھەماھەنگی بکەن بۆ جێگیرکردنی بەھای دراو لە عێراق، ھەروەھا وەفدی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ ئاسایشی ئابووریی عێراق دەربڕیووە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن.
بانکی ناوەندیی عێراق راشیگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نەرمی نواندووە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن.
فەرماندەییی پۆلیسی کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای تێپەربونی ٤٨ سەعات بەسەر تاوانی کوشتنی ھاووڵاتییەک لە گەڕەکی عەمەل شەعبی کەرکوک، ھێزەکانی پۆلیس بکوژەکەیان دەستگیرکرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای تاوانەکە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک تیمێکی پێکھێنا و لە رێگەی کامێرای چاودێری و لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبارەکەیان بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزاکانی عێراقی دەستگیر کرد و تۆمەتبارەکەش دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
شەوکەت بەربوھاری، بەڕێوەبەری دەروازەی پێشابوور راگەیاند، لە رۆژی شەممەی داھاتووە سەردانکردن لە دەروازەی پێشخابوور-سێمالکا بە ئۆنڵاین دەکرێت و ھەر پەنابەرێکی رۆژئاوای کوردستان یان ھەر کەسێک بیەوێت لە ھەرێمی کوردستانەوە بچێتە رۆژئاوای کوردستان، دەتوانێت لە رێگەی لینکێکەوە داوای خۆی پێشکەش بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٢وە سەردانکردن لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کراوە بە ئونڵاین و لەئێستادا ھەر ھاووڵاتییەک بیەوێت ھاتوچۆ بکات بۆ ھەردوولا پێویستە فۆڕمێک پڕبکاتەوە و دواتر لە رێگەی ئیمەیلەوە رەزامەندی یان رەتکردنەوەی پێدەگات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی ٦٠ تەنکەر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەوانەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کردووە و لە ١ی شوباتەوە بە بڕی ١٠٠ لیتر نەوتی سپی بۆ ھەر خێزانێکی ھەژار و کەم دەرامەت، دەستکراوە بە دابەشکردنی.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەم وەرزی سەرمایەدا، تائێستا ٨٣%ی ھاووڵاتیانی ھەرێم لە سەنتەری شارەکان و دەرەوەی شارەکان نەوتیان وەرنەگرتووە و حکومەتی ھەرێم تەنھا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان بە ١٠٣ ھەزار دینار دابەشکردووە.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، بە مەبەستی ئاسانکاریی و کەمکردنەوەی رۆتین و خێرا راپەڕاندنی کاروبارەکانی ھاووڵاتیان، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی دەکرێت بە دوو بەڕێوەبەرایەتی جیاواز، ھەر بەڕێوەبەرایەتییەکیش کاروباری چەند گەڕەک و ناوچەیەکی شاری سلێمانی جێبەجێدەکات، کە بریتین لەبەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژھەڵات و رۆژئاوا.
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژھەڵات سنوری ھۆبەی ێیانەکانی "پارکی ئازادی، ئەزمەڕ، سەیوان، مامەیارە، مەڵکەندی، عەربەت، قەرەداغ، ماوەت، چوارتا" لەخۆدەگرێت.
ھەروەھا دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوا ھۆبەی ێیانەکانی "کوردسات، رزگاری، راپەڕین، شەھید، پیشەسازی، سەرچنار، بەکرەجۆ" لەخۆدەگرێت.
محەمەد بەلداوی سەرۆکی لیژنەی پلاندانان و چاودێری پڕۆگرامی حکومەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و تەواوی بەندەکانی لە ئەنجومەنی وەزیران کۆتاییھاتووە و ھەفتەی داھاتووش لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەردەدرێت و دواتر رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
وتیشی، پێشبینیدەکرێت تێکڕای بودجە ٢٢٠ ترلیۆن دینار بێت و ٦٢% بۆ ٦٤%ی بۆ بودجەی بەکاربردن دەبێت و ئەوەی تری بۆ بودجەی وەبەرھێنان دەبێت، پێشبینیشدەکرێت پڕۆژەیاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بێت.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ھەرێم و بەغدادیش، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، دانوستان لەنێوان ھەرێم و بەغداد ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ماددەکانی تایبەت بە ھەرێم لە پڕۆژەیاسای ساڵی ٢٠٢٣ دا ھیچ جیاوازییەکی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ نییە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەعات ٧:٤٥ بەیانی ئەمڕۆ ١٢ مووشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە ناحیەی زێلکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا کران.
وتیشی، پێنج لە مووشەکەکان لەناو سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە و مووشەکەکانی دیکە لە دەوروبەری سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە و وەک ھێرشەکانی رابردوو سەربازانی تورکیا زیانەکانی مووشەکبارانەکەیان ئاشکرانەکردووە.
ھەروەھا غەیاس سورچی لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، مووشەکەکان لە سنوری ناحییەی باشیکەوە ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکە کراون و ئەمنییەتی ئەو سنورەش لە ژێر دەستی لیوایەکی حەشدی شەعبیدایە.

وەزیری بازرگانی سەبارەت بە داوایەکی حکومەتی عێراق بۆ رادەستکردنی زیاتر لە ١١٨ ملیار دینار وەک پارەی ناردنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق قسەیان کردووە لەسەر ئەوەی کە ئەوەی رابردوو رۆیشت و لە مانگی ١١ی ساڵی رابردوەوە وا رێککەوتوون کە پارەی بەشەخۆراکیان رادەستبکەن.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی خۆراکی عێراق لەبەرامبەر رادەستنەکردنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی دژی وەزارەتی بازرگانی ھەرێم و کۆمپانیای بازرگانی خۆراکی ھەولێر تۆمارکردووە، دوێنێش دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی بۆ ٢٨ی مانگی داھاتوو دواخست.
بە وتەی وەزیری بازرگانی ھەرێم کە بۆ دەنگی ئەمریکا قسەی کردووە، پێشتر چەندجارێک ئەو سکاڵایە دواخراوە و وەزارەتەکەی دووبارە داوای دواخستنی کردووە بۆ ئەوەی لە کۆتایدا بەتاڵ ببێتەوە.
لە دیدارێکدا، کە یاکۆ بێرێندز، کونسوڵی گشتیی شانشینی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، بە وردی باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و کوردستان کرا، ھاوکات پرسی ژن، ئازادیی ڕۆژنامەوانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون. سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە زۆربەی ئەو یاسا گرنگانەدا کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی ژنان و داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان.
ھەروەک ڕوانگەی خۆیشی بۆ دۆخی گشتیی مافەکانی مرۆڤ و ژنان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە ڕوون کردەوە، بە تایبەت لە ڕووی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکتریی جیاوازییەکان.
ھەر لە دیدارەکەدا، ھەردوولا جەختیان لەسەر گەشەپێدانی زیاتری مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە گشتیەکان و بەرەوپێشەوەبردنی پرسی ژنان کردەوە.
لای خۆیانەوە، وەفدی میوان سوپاسگوزاریی خۆیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد، بۆ پێشوازیلێکردنیان و خستنەڕووی ئەو بابەتانەی کە لە دیدارەکەدا تیشکیان خرایە سەر.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سعودیە بۆ حەجی ئەمساڵ ژمارەی حاجیانی بۆ دوو ملیۆن حاجی زیادکردووە و لە کۆی ٣٣ ھەزار و ٩٦٠ کەس لە عێراق، چوار ھەزار و ٦٨٥ کەس وەک پشکی ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
وتیشی، ئەمساڵ ژمارەیەک لە حاجیان بە رێگەی وشکانی دەچن بۆ حەج کە تێچووی کەمتر دەبێت و ساڵی داھاتووش داواکاری حەج بە رێگەی ئۆنلاین دەبێت.
حکومەتی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا، وێڕای دووپاتکردنەوەی خواستی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکھێنەری حکومەت و کارنامەی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی لەسەر ھەرێمی کوردستان و وەفدی ھەرێم بووە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بۆیە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵن پابەندبێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.
جەختیشیکردووەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی بەکاردەھێنرێت بۆ تێکدانی ھەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکرێت، بۆیە ھیوادارن پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ بە زووترین کات پەسەندبکرێت و ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش دابینبکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم نوسراوێکی ئاڕاستەی زانکۆ حکومییەکان کردوە، داوای ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات، ئەوانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بە مەبەستی دامەزراندنیان لەسەر میلاکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ.
بەپێی نوسراوەکە ھەموو سێ یەکەمەکانی دەرچوی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢١ی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەگرێتەوە، پێویستە لە ماوەی سێ رۆژدا ناوەکان رەوانە بکرێت مەبەستی دامەزراندنیان لەسەر میلاکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ.
"سروە محەمەد ڕەشید" ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەمەبەستی نەھێشتنی جیاوازی موچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی نێوان ھەرێم و بەغداد کە لە ئێستادا جیاوازییەکی زۆر ھەیە، سەردانی دەزگای زیندانیانی عێراقیان کردوە و داواکاریی زیندانییانی سیاسیی ھەرێمی کوردستانیان گەیاندوە، چونکە بەپێی ماددەی ١٣٢ی دەستوری ھەمیشەیی عێراق پێویستە، ھەموو زیندانیانی سیاسی ھەمان ماف و موچەو ئیمتیازیان ھەبێت.
وتیشی، ھەموو ئەو جیاوازییانەی لە نێوان ئیمتیازاتی زینداینانی سیاسی ھەرێم و بەغداد ھەیە خراوەتە روو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، دواکراوە یاسای زیندانیان گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ھەروەھا ھەماھەنگی لە نێوان زیندانیانی سیاسی ھەرێم و بەغداد ھەبێت و کێشە یاساییەکان نەھێڵرێت، بۆ ئەوەی زیندانیانی ھەرێمیش ھاوشێوەی بەغداد سودمەندبن لە ئیمتیازاتەکان.