کوردستانکوردستان

مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی ١٣ھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە لە ھەولێر  بەشداری پانێڵێکی کرد و رایگەیاند، ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بڕیارە بۆ کەمدەرامەتان لە ھەرێمی کوردستان دروستبکرێن، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بتوانن سوود لەو پڕۆگرامەی حکومەت وەربگرن کە ئێستا خراوەتە تەندەر.

لەبارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان، مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ئەوان ھەندێک بەرنامەیان ھەبووە کە چۆن بتوانن یەکەی نیشتەجێبوون بێبەرامبەر بۆ کەسوکاری شەھیدان دابینبکەن، لە سنوری دھۆک وایانکردووە لە ھەولێر پڕۆسەکە خەریکە تەواودەبێت و لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەیش وادەکەن، ھەموو کەسێک ببێتە خاوەنی خانووی خۆی یان جێگەی خۆی.

سەرۆک وەزیرانی ھەرێم راشیگەیاند، پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی شارەکان دەکرێت و جەختیشی لەوەکردەوە، لە دروستکردنی باڵەخانەدا پێویستە رێژەی سەوزایی، کوالێتی و ئاسانکاری بۆ ھاتووچۆی کەمئەندام لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکاندا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فراکسێۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لەسەر داوای کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوای کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق بۆ رووبەرووبونەوەی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان، کاروانی یەکەمی دەرمان تایبەت بەو نەخۆشییە گەیشتە گەرمیان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کاروانی دووەمیش کە ٦٢٧٣٥ پارچەی ترە و تایبەتە بە نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان دەگات گەرمیان.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووری قەتەر رایگەیاند، لە بارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە، لەناوخۆی عێراق ھیچ جۆرە کێشە و گرفتێک نەماوە و ھەموو رێککەوتنێکیش لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا کراوە.

وتیشی، ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی تورکیان، چونکە پێیان وتراوە لیژنەیەکی ھونەری پشکنین بۆ بۆری گواستنەوەی نەوت دەکات بۆئەوەی دڵنیابن بەھۆی بومەلەرزەکەی چەند مانگی رابردووەوە زیانی بەرنەکەوتووە.

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق بە پلان و بەرنامە کار بۆ رێکخستنەوە و زیاتر گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و زیادکردنی بەرھەمھێنان دەکات بەتایبەتیش کەرتی غاز، دەیەوێت رێگاکانی ھەناردەکردنی نەوتیش ھەمەجۆر بکات لە پێناو داھاتی زیاتر و گەشەپێدانی کۆی ئابووری عێراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، گەنم پاش وەرگرتنی نمونە و دەرچوونی لەپشکنین وەردەگیرێت، بۆ ھەرتەنێکیش بڕی ھەشت سەدو و پەنجا ھەزار دینار دەدرێت بەجوتیار. 

‏باسی لەوەشکردووە، بۆ ئەمساڵ لەسنوری پارێزگاکانی ھەرێم بڕی تەنھا سێ سەد وحەفتاو پێنج ھەزارتەن گەنم وەردەگیرێت.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم دەڵێت، چل ملیار دینار خراوەتە سەر حساب بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم بۆ گەنمی ئەمساڵ، راستەوخۆ چەند ڕۆژ دوای وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران چەکەکانیان پێدەدرێت لەماوەیەکی کەمدا لەبانکەکان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شکاندنی شکۆی دامەزراوەکانی ھەرێم ھۆکاری پووکانەوەی ھەرێم و بێ ئیعتیبارکردنیەتی و شیعاری بێ کرداریش دادی کەس نادات و ھیچ دەردێک چارەسەر ناکات، بۆیە پێویستە بۆ مانەوە و بەردەوامی ھەرێم، ھەمووان پابەندی پڕەنسیپ و یاساکان بن و ھیچ لایەنێک پەرلەمان و حکومەت بە موڵکی خۆی و حزبەکەی نەزانێت، چونکە لە ئەسڵدا ھەرێم و دامەزراوەکانی موڵکی ھەموو خەڵکین.

راشیگەیاندوە، سەپاندنی دۆخێکی تایبەت بەسەر ھەرێمدا، دژی بنەماکانی تەبایی و پێکەوەژیان و سازانی نیشتمانی و ڕێز لەیەکدی گرتن و ھیچ بەرھەمێکی لێ ناچنرێتەوە، کەواتە با عیبڕەت و پەند لە ھەڵەکانی ڕابردوو و شێوەی ئیدارەدانی خراپ وەربگیرێت و چیدی ھەرێم ئیحراجی ئەملاولا نەکرێت و بزانرێت کە بەبێ رێککەوتن و سازانی نیشتمانی لەسەر چۆنیەتیی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنی یاساکەی و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، ھیچ چارەیەکی دیکە نییە و ھەر کەس بە دادگەریی سەغڵەت ببێ، بەستەم و زۆر سەغڵەتتر دەبێ.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتی سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی و ئامادەبوونی ستران عەبدوڵا لیپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکاندا ھەڵوێستە لەسەر داواکاری ھاوڵاتیان لەسنوری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش بەتایبەتی کرا لێپرسراوانی یەکێتی بەڵێنیاندا بەوردی بەدواداچوون بۆ کێشەی دانیشتوانی ناحیەی شۆڕش بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کامیل قەزاز بریکاری وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بۆ کارەبای ٢٤ سەعاتی، حەوت ھەزار مێگاوات کارەبا پێویستە و لەو بڕە زیاتر توانایان ھەیە، بەڵام نەبوونی سوتەمەنی رێگرە لە بەرھەمھێنانی، بۆیە تا ٤٥٠٠ مێگاوات کارەبا دەتوانن بەرھەمبھێنن.

ھاوکات عەلی ئیسماعیل بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوونی سەربە وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، لە چەندین شوێن پڕۆژەی پریپەید سەرکەوتوو بووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگ تەواوی سیستەمەکە بەسەر ھاوبەشانی پێوەری زیرەکدا لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە چێشتخانەیەکی چەمچەماڵ دەمەقاڵێ لەنێوان گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ و چەند کەسێکی دیکە روویداوە و دواتر لە دەرەوەی چێشتخانەکە گەنجەکە لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کوژراوەکە پێشەی پێشمەرگە بووە و خەڵکی گوندی گوڵمکی سنوری ناحیەی ناوشوانە و دانیشتووی چەمچەماڵە.

ھاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەڵگەو تاوانی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رووداوەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی روویداوە و سکاڵا لەسەر شەش کەس تۆمارکراوە.

ئاشکراشیکرد، ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە ناسراون و کوژراوەکە و تەقەکەرەکانیش خزمی یەکترن، بەڵام تائێستا تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان روویدا پێچەوانەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتییە و زیانی زۆری بە سازانی نیشتمانی گەیاند. 

راشیگەیاند، بەشێکی زۆری پێکھاتەکان لەژێر فشاردا بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمانیان کردووە و پارتی پێکھاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەھێنێت و ئەوەی روویدا بە تەواوی پرسی پێکھاتەکانی خستە ژێرپرسیارەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فراکسیۆنی ئازادی لە لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت کۆبوونەوەی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی دیموکراتیانە ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بۆی داوا لە ھەموو فراکسیۆنەکان دەکات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشە ھەنوکەییە بکەن، چونکە دەتواندرێت بە رێگای دیالۆگێکی نیشتیمانی چارەسەری گرفتە سیاسیە و یاساییەکان بکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، فراکسیۆنی ئازادی لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبووە، پێویستە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجامبدرێت، داواشیانکردووە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی ھەموو لایەنەکان بێت، نەک بەشێوەی قۆرخکاری لەنێوان پێنج لایەن کارابکرێتەوە، لەکاتێکدا ھەندێک فراکسیۆن لە پەرلەمان کشاونەتەوە و دەیانەوێت لە کۆمیسیۆن بمێننەوە و بەردەوام بن، ئەوەش دوو فاقیەتە لە سیاسەتدا، بۆیە جەخت لە کۆمسیۆنێکی ئازاد و سەربەخۆ دەکەنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانکۆی پزیشکی ئیلام لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە ناوچەی ئیڤان، سیروان و لەوماری سەر بە پارێزگای ئیلام سێ ھاوڵاتی بە ھەورەبروسکە گیانیان لەدەستداوە، لە ناوچەی مەلەکشای سەر بە ھەمان پارێزگاش کەسێک برینداربووە.

لە گوندی پارسانیانی سەر بە پارێزگای سنەش ھاوڵاتییەکی تەمەن  ١٧ ساڵ  بەھۆی ھەورەبرووسکەوە گیانی لەدەستدا، لە کرماشانیش ھاوڵاتییەکی دیکەش بە ھەمان ھۆکار گیانی لەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان بە ئامانجی دابینکردنی سەلامەتی بۆ ھەموو نیشتەجێبووەکانی کەمپەکە، لەو  رەفتارە نایاساییانەی کە ھەندێک لە نیشتەجێبووەکانی کەمپەکە ئەنجامیانداوە و سەریان کێشاوە بۆ ناسەقامگیریی لە عێراق و زیانگەیاندن بە پەیوەندییە ھەرێمییەکانی عێراق.

رەتیشیکردووەتەوە کە ھێرشکرابێتە سەر کەمپەکە و دەڵێت ھیچ نیاز و پلان  و فەرمانێکیش نییە، بۆ جێبەجێکردنی رێکار لەناو کەمپەکە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت، دەستووری عێراق و ستراتیژییەتی حکومەتی ئێستا بەپێی کارنامەکەی، دابینکردنی پاراستنی تەواوەتی و پاڵپشتییە لە ھەموو پەنابەران لە خاکی عێراق، ھەروەھا حکومەت رێگە نادات عێراق ببێتە ناوچەی ئۆپراسیۆن لەدژی وڵاتانی دراوسێ.

داواشی لە رێکخراوەکان و دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرێتیی کەمپەکە کرد، ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان بکەن، لە دابینکردنی ئاسایش و رەتکردنەوەی پێشێلکاریی نایاسایی، راشیگەیاند، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر ھەر کەسێک دەگرنەبەر کە دژی بەرژەوەندی گشتیی عێراق بوەستێت و ھەوڵی دروستکردنی پشێوی بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا رایانگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆی و ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە بارودۆخی ھەرێم و پەیوەندییەکانی ھەردوولا تاوتوێکراون و لێکتێگەشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان ھەبووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ھەندێ بابەتی تر کە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر ھەبوو، لەکۆبوونەوەکانی ئایندە بڕیاری پێویستیان لێ دەدرێت.

کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە، رۆژی ھەینی لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی سەبارەت بە ھەموواری یاسای ھەڵبژاردن، مەکتەبی ھەڵبژاردنی ھەردوو حزب بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی دوو شەممەی پەرلەمان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، جارێکی تر پارتی دیموکراتی  کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، تاک لایەنە و بە نایاسایی بڕگەیەکی بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی دوو شەممەی پەرلەمانی کوردستان زیادکردووە کە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمە.

فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاندوە، ئەو ھەنگاوەی پارتی پێچەوانەی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمان و رێکەوتنی سیاسی لایەنەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دوو پرسی نیشتمانین و دەبێت دوای رێککەوتن و سازانی لایەنەکان بە یەکەوە بخرێنە بەرنامەی کارەوە و کاریان لەسەر بکرێت، بەڵام پارتی نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ ئیمزاکردن لەسەر  بابەتێکی ناپەیڕەوی.

دەشڵێت، ئەو ھەنگاوە بە ئاراستەی  قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانە دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانیش، وەک فراکسیۆنی یەکێتیش ئەو ھەنگاوە نا یاسایی و ناپەیڕەویە رەتدەکەنەوە و ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەنە ئەستۆی ئەنجامدەرانی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیکرد لە فۆتوشی ماتسۆمۆتو باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراق و لێکتێگەیشتن و دیالۆگی بەردەوامی نێوان لایەنەکان بە ئامانجی چارەسەری کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا گفتوگۆی لەسەرکرا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی ھەرێم و پرسی ھەڵبژاردن، ھەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند، زەمینەیەکی لەبار بۆ گەیشتن بە سازان و رێککەوتنی نیشتمانی ھاتووەتە ئاراوە و ھەموو ھەوڵێکیشیان لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتییاندایە.

وتیشی، گفتوگۆکان لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لەھەرێم بەردەوامە و ھیوادارن ئەو خاڵانەی ناکۆکی لەسەرە، بەزووترین کات رێککەوتنی لەسەر بکرێت و ھەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ھەر لە دیدارەکەدا بەھێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ھەردوولا تاوتوێکرا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ... 

بەڕێز کاک مستەفا حاجی قادر،سەرۆک ھۆزی شاتری 
‎بەڕێزان لە خزمانی عەشیرەتی جاف

بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (سوھەیلە عەلی بەگی سەلیم بەگی بەگزادەی عەشیرەتی جاف) خێزانی بەڕێزتانم پێگەیشت.

بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم.

 لەخودای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات، سەبووریش بەھەموولایەک ببەخشێت.



‎بافڵ جەلال تاڵەبانی 
‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...502503504505506...997