لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی بۆردی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی سەبارەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، سبەینێ لە ھەولێر دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی و مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی کۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی ئومێدی وایە کۆبوونەوەکان بە دەرئەنجامی ئەرێنی کۆتاییان پێبێت و ھەرێمی کوردستان بەرەو ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دیموکراتی ھەنگاو بنرێت.

ھاوکات، لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لە پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و ھەریەک لە رێواز فایەق و زیاد جەبار و رزگار حاجی حەمە لە یەکێتی و ھەریەک لە ھێمن ھەورامی و زانا مەلا خالید و رێبوار یەڵدا لە پارتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە پێشتر یەکێتی و پارتی لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی.
رۆژی ١٦ـی ئەم مانگەش، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەسەر پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان  لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا.