وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیری پەروەردە و د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوە و تێیدا نمرەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەھەرسێ بەشی زانستی و وێژەیی و پیشەیی کە ژمارەیان (٤٧٦٢٩) دەرچووە رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرا بەمەبەستی کارکردن لەسەریان لەچوارچێوەی سیستمی زانکۆلاین بۆ خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان.
لای خۆیەوە، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئاراستەیان کراون کارییان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەستپێدەکرێن بۆ ئەوەی لە زووترین کات یوزەر و پاسوۆرد بۆ دەرچووان دروست بکرێن و ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە دەکرێنەوە، جەختیشی کردەوە کە سیستمی زانکۆلاین لەنزیکترین کاتدا کارا دەکرێت.
ئاڵپئەرسڵان بایراکتار وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "تی ئاڕ تی" رەسمی وڵاتەکەی رایگەیاند، تورکیا ئامانجی کاراکردنەوەی بۆرییە نەوتییەکانە بە زووترین کات. وتیشی، لەئێستادا پڕۆسەی چاکسازی ھێڵی بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستان بەرەو بەندەری جەیھان لە کۆتایی نزیک بووەتەوە.
ئەو لێدوانەی وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە جەختی لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کردەوە، دوای نۆژەنکردنەوەی بۆریە نەوتییەکە.
تورکیا لە رۆژی ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لەڕێگەی بەندەری جەیھانەوە راگرت، کە رۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل بوو.
کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر قسەکردن لەسەر دەروازەی سنووریی پەروێزخان، لەلایەن بەشی یاسایی وەزارەتی داراییەوە بەپێی ماددەی دووی یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
وتیشی، تێبینییان لەسەر سکاڵاکە ھەیە، چونکە دادوەرەکە برای سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی پەروێزخانە، ھەروەھا لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی ئاگادارکراوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو ماددەیەی سکاڵاکەی پێ تۆمارکراوە پەیوەندیی بە پۆلیسەوە ھەیە، ھەربۆیە تانە لە سکاڵاکە دەدەن و داوا دەکەن، دادوەر و دادگایەکی دیگە کەیسەکە ببینن.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەرچی حاڵەتەکان توندنین و لەژێر کۆنترۆڵدان، ھاوکات تیمەکانی تەندروستی سەرقاڵی پشکنینی تایبەتن بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا پێویست دەکات ھاووڵاتیان ئاگاداری خۆیان بن و رێکارەکانی خۆپارێزیی بگرنەبەر، بەتایبەتی لە گرتنەبەری پاکوخاوێنی و دڵنیابوونەوە لە پاکیی و شیاویی ئاوی خواردنەوەیان، دوورکەوتنەوە لە خواردنێک کە سەردانەپۆشراو بێت یان لە ژینگەیەکی ناخاوێن دابێت، شۆردنی بەردەوامی دەستەکان بە باشی.
ھەروەھا داواش لە ھاووڵاتیان دەکات لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخۆشیی سکچووندا، رێنماییە پزیشکییەکان بەباشیی جێبەجێبکەن و لە ئەگەری توندبوون و بەردەوامیی نەخۆشیەکەدا سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گومانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لێدەکرێت و سەرجەم تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییان لەئیستادا پشکنین و بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکان دەکەن.
تەندروستیی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتیان دەکات خۆیان بەدووربگرن لە بەکارھێنانی ئەو ئاوەی لە سەرچاوەکەی دڵنیانین و تەنھا ئەو ئاوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییەوە دابیندەکرێت و ئاوی بتڵکراوەکان، کە لە ژێرچاودێریی تیمەکانی تەندروستیدا کاردەکەن، بەکاربھێنن.
ئاشکراشیکرد، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی سەوزە و ماستاو لە چێشتخانە، خواردنگەکان و شوێنەگشتییەکاندا، تەنیا رێگە بە بەکەرھێنانی ماستاوی لە قتوونراو دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییە خۆپارێزیەکان بن و دڵنیایی دەدات ھەموو ئامادەکارییەکی تەواویان کردووە بۆ ھەر ئەگەرێک لە زیادبوونی حاڵەتەکان.
بەھمەن عەبدوڵا وتەبێژی ھاتووچۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە حەوت مانگی ساڵی رابردوو ٥٩٣ روداوی ھاتوچۆ لە سنوری سلێمانی رویداوە، بەوھۆیەشەوە ٩٩ کەس گیانیان لە دەستداوە، ٢ ھەزار و ١٢١ کەسیش برینداربوون.
وتیشی، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٣ش، ٥٨٣ روداوی ھاتوچۆ تۆمارکراوە، لە ئەنجامی ئەو روداوانەش ٨٩ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٢ ھەزار و ١٨٩ کەسیش برینداربوون، بەپێی ئامارەکانیش روداوەکانی ھاتوچۆ بەراوورد بە ساڵی رابردوو کەمیان کردووە.
(فیراس مسلماوی) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی ھاوبەش لەلایەن وەزارەتەکانی نەوت و سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و کۆمپانیای سۆمۆ و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت پێکھێنراوە بۆ داڕشتنی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت و غاز و خستنەڕووی بۆ حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران.
رونیشیکردەوە، یاسای بودجە گەرەنتی دوو ماددەی بۆ پرۆژە یاسای نەوت و غاز کردووە کە بریتین لە رێکخستنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەرووی ھەناردەو دانانی داھاتەکەی لە ھەژمارێکی بانکی متمانەپێکراو لە لای بانکی ناوەندی.
وتیشی، کەشێکی ئەرێنی بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای نەوت و غاز ھەیەو چاوەڕوان دەکرێت لە وەرزی یاسادانانی ئێستادا پرۆژە یاساکە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و لە وەرزی یاسادانانی داھاتوو کە دوای چوار مانگی ترە دەنگی لەسەر بدرێت.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خانەوادە و بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدی فەرماندە سەید ساڵح
بۆ کۆچی دوایی سەید جەمال سەید حەمد، تێکۆشەر و کەسایەتی دیاری بناری کۆیە و برای شەھیدی فەرماندە سەید ساڵح، پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و کەسوکارە سەربەرزەکەتان دەکەم.
لە خوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە روونکردنەوەیەکەی بنەماڵەی شەھید نیاز دەرگەڵەیی ھاتووە، "لە چەند رۆژی رابردوو، کەسێک بەناوی بنەماڵە و خوشکەزای شەھید نیاز دەرگەڵەیی چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسان و کاربەدەستان ئەنجامداوە، ئەو کەسە ھیچ جۆرە پەیوەندییەکی خزمایەتیشی لەگەڵ بنەماڵەکەمان نیە و لای ئێمە ناسراو نیە، وادیارە بە مەبەست کۆمەڵێک قسەی بێسەروبەر و بێڕێزی کردووە، کە ئەمە دوورە لە داب و نەریت و ئادابی بنەماڵەکەمان و ئێمە لێی بێبەرین."
دەشڵێن، "ھەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، کە تەنھا (چیا ھاوار دەرگەڵەیی) برازای شەھید نیاز دەرگەڵەیی لەلایەن بنەماڵەکەمانەوە دیاریکراوە و رێگە پێدراوە، کە لەسەر ئەم کەیسە پەیوەندی و بەدواداچوون بکات و ھەر کەسێکی تر ھەرجۆرە پەیوەندی و بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە بکات ئێمە لێی بێ ئاگاین و نوێنەرایەتی ئێمە ناکات."
نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ٦٠ دەرچووی خولی چوارەمی پەیمانگەی دادوەران ئاماژەی بەوەکرد، ئەرکی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرانە سەربەخۆییی خۆیان بپارێزن. دادوەرە دەبێت قبووڵی نەکات و ڕازی نەبێت ھیچ کەس و لایەن و دەسەڵاتێک، ھیچ شتێکی بەسەریاندا بسەپێنن.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وتیشی، بێگومان نەیانووتووە و ناڵێن لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەک لەبەردەم سەربەخۆییی دادوەری و سەروەریی یاسادا نییە! ناشڵێن ھەموو شتێکی دەسەڵاتی دادوەری دروستە و لەژێر ھیچ گوشارێکی سیاسیدا نییە!
بەرپرسێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ماڵپەڕی عەرەبی جەدیدی راگەیاندوە، مانەوەی گروپە چەکدارییەکان لە شنگال، ئەنجامنەدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی راستەقینە، دابیننەکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بەتایبەت ئاو، کارەبا و رێگەباون و ھەوڵنەدان بۆ رەخساندنی ھەلیکار بۆ دانیشتوانی شنگال، چوار گەورەترین ھۆکارن کە وایکردووە ئاوارەکان نەگەرێنەوە شارەکەیان .
لای خۆشیەوە سامی فەیسەڵ، بەڕێوەبەری لقی نەینەوای نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاوارەکانی شنگال ئاڵۆز بووە دوای ئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن.
ئاماژە بەوەش دەکات، لەئێستادا دۆخی شنگال رەھەندێکی سیاسی وەرگرتووە و چارەسەرکردنیشی ئاڵۆز بووە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
بەڕێزان خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی پێشمەرگەی دێرین، مام عەبدوڵا مام قادر گردەسۆری
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی مام عەبدوڵا مام قادر گردەسۆری، پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی دیاری ھەولێرمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخی لەناکاوی تورکیا "ئافاد" بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سەعات ٦:٠٩ دەقیقە, بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٣ پلە بەپێوەری رێختەر, پارێزگای موغلای گەشتیاری لە باکوری کوردستان ھەژاندووە، قوڵاییەکەشی ٥٧.٦ کیلۆمەتر بووە.
راشیگەیاندووە، بومەلەرزەکە زیانی گیانی و ماددی نەبووە.
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، دوای بوومەلەرزە بەھێزەکەی رۆژی ٦ـی شوبات تاوەکو ئێستا، ٣٧ ھەزار و ٤٤٦ پاشلەرزە روویانداوە، کە ١٢ پاشلەرزە ٦ پلە و ٧١یان ٥ پلە بووە.
دەزگای ھەواڵگری سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە، ھێزەکانیان لە کەرکوک دوو ئەندامی "مەترسیداری" داعشیان دەستگیرکردووە کە یەکێکیان لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە ناو عێراق.
باسی لەوەشکردوە، ئەو ئەندامەی داعش کە لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە ناو عێراق، بە ناسنامەی ساختە ھاتووەتە کەرکوک و ویستویەتی بچێتە دیالە، تا لەو پارێزگایەدا کاری تیرۆریستی ئەنجام بدات.
ئەمڕۆش دەزگای ھەواڵگری فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، لە دوو ھەفتەی رابردودا ھێزەکانیان لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە، ١٧٢ تیرۆریست و ١٠٨ بازرگان و بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەریان دەستگیرکردووە.