کوردستان

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە نزیکی فاملی مۆڵی قەزای سێمێڵ دوو ئۆتۆمبێلی باندێکی بازرگانی ماددەی ھۆشبەر تەقەیان لە ھێزێکی ئەمنی کردووە.

وتیشی، یەکێک لە بازرگانەکانی باندەکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و دەستبەسەر ٤٥ کیلۆ ماددەی ھۆشبەریشدا گیراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی ھەولێریان کرد وردبینینیان بۆ داھاتی نانەوتی شەش مانگی ھەرێمی کوردستان کرد، راپۆرتی کۆتاییان پێشکەش بە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە، ماوەتەوە وەزیری دارایی عێراق ئیمزا لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بکات.

وتیشی، ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بڕیاریانداوە، بە دواداچوون بکەن بۆ ھۆکاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مایلز کاگیز وتەبێژی پێشوی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، ئەمریکا جێگۆڕکێ بە ھێزە سەربازییەکانی دەکات و ھێزی نوێ دێنە جێگەیان، حکومەتی عێراقیش ئاگاداری ھەموو جۆرە جموجوڵێکی ھێزەکانی ئەمریکایە و لە نزیکەوە چاودێری دەکات.

لەئێستادا نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی و ھەزار سەربازی ھاوپەیمانان لەچەند بنکەیەک لە عێراق و ھەرێمی کوردستان جێگیرن کە ئەرکیان مەشقکردنە بە ھێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە و ساڵانە ئاڵوگۆڕ بە ھێزەکان دەکرێت. 

سەفین دزەیی لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان رەتیکردەوە، جموجوڵی ئەم دواییەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان مەترسیداربێت و دەڵێت ئەو جموجۆڵە سەربازییانە تەنیا ئاڵوگۆڕی ھێزەکانە.

سەرباری دڵنیاییدانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەبارەی ئاڵوگۆڕی ھێزەکان و بوونی ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە، نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، جوڵەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە وڵاتانی دراوسێ، جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە، چونکە ھێزەکانی ئەمریکا دەیانەوێت سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا دابخەن.

جەختی لەوەشکردەوە، ھێزەکانی ئەمریکا بەھیچ شێوەیەک ھیچ کارێک لە عێراق ناکەن و رەنگە داخستنی سنوورەکان بۆ کۆتاییھێنان بێت بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کۆبووە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لە نێویشیاندا بەھێزکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و زامنکردنی ئاسمانی عێراق، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەزارەتی بەرگری لەگەڵ کۆمپانیای تالیسی فەرەنسی گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیمزابکات.

 ھەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا، کە وەزیرەکان رۆژێک دیاریی بکەن بۆ پێشوازیکردن لە ھاوڵاتیان و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان لە راگەیاندراوێکدا ئاگاداری ئەو پێشکەشکارانە دەکاتەوە کە ناویان لە لیستی خوارەوەدا ھاتووە، سبەی چوارشەممە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣ سەعات نۆی سەرلەبەیانی لە کۆلێژکەیان ئامادەبن بە مەبەستی چاوپێکەوتنی کۆتایی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێویستە پێشکەشکار پێناسەی باری شارستانی یان (کارتی نیشتیمانی) لەگەڵ خۆیدا بھێنێت.

راشیگەیاند، ئەوانەی کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەن پێویستە بە جل و بەرگی سەربازییەوە ئامادەی چاوپێکەوتنی کۆتایی بن. 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراونەتەوە لەبونی پێشنیاری ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار لەلایەن بەغدادەوە تا تا ڕەتکرابێتەوە.       

دەشڵێت، وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆیان بەجێبەجێکردنی سەرجەم مادەو بڕگەکانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەکەنەوەو ھیوادارن حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات.       
وەزارەتی دارایی ھەرێم جختیکردووەتەوە، ھەرکات بڕیاری ناردنی ھەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دراو خرایە سەر ھەژماری بانکی وەزارەت، بەشێوەیەکی فەڕمی ڕایدەگەیەنن وەک چۆن پێشتر ڕایانگەیاندووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیاسەتی کابینەی نۆیەم سفرکردنەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ بەغداد بەپێی دەستور لەو چوارچێوەیەشدا چەندین رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە، بەڵام بە ھۆی پابەندنەبوونی حکومەتی عێراقەوە رێککەوتنەکان جێبەجێنەکراون.

وتیشی، ئەگەر یاسای بودجەی عێراق وەک خۆی جێبەجێبکرێت، ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێکی زۆر لە کێشەکانی چارەسەر بکات، وەزیری دارایی ھەرێم لە میانەی پێشوازیکردنی لە وەفدێکی پارلەمانی کەنەدا، رایگەیاند، ھەوڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لە ئارادایە بۆ تێپەڕاندنی کێشەکان و داوای لە وەفدەکەی کەنەداش کرد کە رۆڵیان ھەبێت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھێمن بەھجەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، خێزانێکی خەڵکی گوندی قولە، بەمەبەستی گەشتوسەیران چونەتە سەیرانگای بۆگدی سەربە ناحیەی ئاشتی، منداڵێکیان بەناوی شەھرام فەھمی تەمەن ھەشت ساڵان، کەوتوەتە ناو ئاوی سەیرانگاکە، شەپۆلی ئاوەکەش منداڵەکەی بەرەو گوندی گۆپتەپە راپێچ کردووە.

وتیشی، تیمەکانی بەرگری شارستانی ناحیەی ئاغجەلەر و تەقتەق و چەند تیمێکی غەواس لەھەوڵی دۆزینەوەی تەرمەکەیدان، بەڵام تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت و بۆرییەکانی تورکیا (بۆتاش) رایگەیاند، لە مانگی تەموزی ساڵی رابردوو لە بۆرییەکانی تورکیاوە ٣١ ملیۆن و ٤٩٣ ھەزار بەرمیل گواستراوەتەوە، بەڵام لە مانگی تەموزی ئەمساڵ بەھۆی راگرتنی نەوتی ھەرێم، تەنھا ٢٥ ملیۆن و ١٦٤ ھەزار بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە، بەم جۆرەش گواستنەوەی نەوت لە بۆرییەکانی تورکیاوە ٣١% کەمیکردووە.

تورکیا چوار بۆری گواستنەوەی نەوتی ھەیە و لە ئێستادا لە سێ بۆرییەوە گواستنەوەی نەوت بەردەوامە، بەڵام لە ھێڵی بۆریی کەرکوک-جەیھان تاکو ئێستا گواستنەوەی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ عێراق لە دادگای نێوبژیوانی لە پاریس لەسەر گواستنەوەی نەوتی ھەرێم بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە وەزارەتی نەوتی عێراق داوایەکی یاسایی دژی تورکیا تۆمارکرد، ٢٥ی ئازاری ئەمساڵیش دادگاکە دۆسێکەی لە بەرژەوەندی عێراق یەکلا کردەوە و جگە لە بە نایاسایی ناساندنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، بڕیاریدا تورکیا زیاتر لە ملیارێک و ٤٠٠ ھەزار دۆلار وەک قەرەبوو بە عێراق بدات، تورکیاش پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری دادگا بە راگرتنی نەوتی ھەرێم راگەیاند، بەڵام تا ئێستا ئەنقەرە ئامادە نییە قەرەبووەکە بە بەغداد بدات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە میانی سەردانەکەی ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان، داوایان لێکردووە گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە ھۆکاری خۆی ھەیە بۆ راگرتنی گەشتەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، ھەوڵەکانیان بەردەوامی دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو لەسەر رێگەی کەرکوک-ھەولێر دەڵێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی خیانەتی گەورەی ٣١ی ئاب و تای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پارتی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو خیانەتە گەورەی دەرحەق بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردی، چەند رۆژێکە لە کەرکوک، بەبیانووی وەرگرتنەوەی بارەگاکەیان، جەنجاڵیەکی زۆریان بۆ کار و کەسابەتی ھاووڵاتیانی کەرکوک دروستکردووە.

دەشڵێت، ئەو لایەنانەی ئێستا رێگەی سەرەکیی کەرکوک - ھەولێر داخستووە، دۆستەکانی پارتین، ھەندێکیان لە ھەولێر دانیشتوون و ھەندێکیشیان لە بەغداد ھاوپەیمانی پرۆسەی سیاسیی ئەون .

باس لەوەشدەکات، پارتی لە عێراق جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ھەیە، ھەروەھا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی  نوێنەران و بەرپرسیارێتی لیژنە پەرلەمانییەکانی ھەیە، بەڵام لەم دۆسێیە، خۆیان حەشارداوە و بێدەنگییان ھەڵبژاردووە، کە ھیچ پێویستی بە ھاندانی نەتەوەیی و گرژی نێوان پێکھاتەکان نییە.

مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، ئاماژە بەوەشدەکات، پارتی تا دوێنێ بانگەوازی ئەوەی دەکرد بە شکۆ و بەئاڵای کوردستانەوە دەگەڕێتەوە، کەچی ئێستا ناتوانن بەرگریی لە بیناکەی خۆشیان بکەن، بۆیە داوا لە حکومەتی لۆکاڵی کەرکوک و ھێزەکانی سوپا و داوا لە پارتیش  دەکەن ئەم بابەتە  بە یاسا و دەستور نەک بە جەمسەرگیریی گرژی  چارەسەر بکەن تاکو چیتر ھاووڵاتیانمان نەبنە قوربانی موزایەدە پێشوەختەکانی  پارتی بۆ ھەڵبژاردن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەم سەردانەدا عبدالقادر ھەرکی، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەکان پەیامی پیرۆزبایی  بەدەست ھێنانی ناسناوی باشترین کەناڵی کۆمەڵایەتی و خێزانی سەردانی نوسینگەی ھەولێری کەناڵەکەیان گەیاندە سیروان حسین بەرێوەبەری نووسینگەی ھەولێری کەناڵەکە.

 لە دانیشتنەکەدا باسیان لە  رەوشی میدیایی لە ھەرێمی کوردستان کرد و وەک مەڵبەندی ٣ی ھەولێر پشتوانی و پالپشتی مەڵبەندی ٣ی ھەولێریان بۆ کەناڵەکە دووپات کردەوە .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێستا حکومەتی ھەرێم بەھۆی نەھاتنی پارە لە بەغدادەوە، مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابی دابەشنەکردووە، کە بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، حکومەتی عێراق ئامادەیە مانگانە وەک قەرز ٥٩٨ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، تاکو ئەوکاتەی کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەولێر چارەسەردەبن، بەڵام حکومەتی ھەرێم بەو بڕە پارەیە رازی نییە.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا بەشە بودجەی ھەرێم بە تەواوی نەیەت، ئامادەنین ئەو بڕە پارەیە وەکو قەرز وەربگرن، چونکە ٥٩٨ ملیار دینار بەشی مووچە ناکات.

بەپێی زانیارییەکان، دیوانی چاودێری دارایی عێراق، راپۆرتێکی لەبارەی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەکردووە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقی کردووە، وەزارەتی داراییش دوای بەراوردکاری و لێدەرکردنی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم، راپۆرتەکە بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرزدەکاتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەگوێرەی نرخی گازوایل لە بازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستییەکان ئامادەکراوە، نرخی کیلۆوات هاوەرێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان بریتیە لە (276) دینار، لە کاتێکدا مانگى تەمووز (6 ) نرخى کێلۆوات هاوەرێک بە (274) دینار بوو.

دەشڵێت، پێویستیشە سەرجەم ستیيەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە و سزادەدرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاوی ھەرێم رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە گرتنەوەی ئاو لە عێراق  بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەک شەممە کۆبونەوەی تایبەت ھەبووە لە نێوان لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەرێوەبردنی مەلەفی ئاو.

جەختیشیکردووەتەوە، ھیچ جۆرە ناکۆکیەک لەسەر ستراتیژی بەرێوەبردنی ئاو نیە، ھیچ کۆبونەوەیەکیش ھەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان ھەردوو وەزارەت، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدان و بەیەکەوە کاردەکەن بە ئامانجی رووبەرووبونەوەی ئاستەنگ و گۆرانکارییەکانی کەش و ھەوا.

وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ  بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو وەزارەت پەیوەندییە ھاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبن .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی... 

بەڕێزان خوشک و برایانی مەسیحی لەکوردستان و عێراق

بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو

بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (رەبان حسقیان) کەسایەتی دیاری ئاینیی مەسیحیەکان و مەترانی پێشووی کەنیسەی کلدانی لە دھۆک، نیگەران و دڵگران بووم. 

بۆ ئەم کۆستە ھاوبەشی غەمتانم و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ھەموو مەسیحیەکانی کوردستان و عێراق دەکەم و خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت. 

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...284285286287288...814