خانمی یەکەم بۆ یونسکۆ: پێویستە پەلە بکرێت لەوەی ئامێدی بخرێتە لیستی کەلەپوری جیهانییەوە
هەساو ئەمیر
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
خانمی یەکەمی عیراق لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ لە عیراق کۆبووەوە و جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە خێراکردنی رێکارەکان بۆئەوەی ئامێدی بخرێتە ناو لیستی کەلەپوری جیهانییەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە کۆشکی سەلامی بەغدا پێشوازی کرد لە پاولۆ فۆنتانی بەڕێوەبەری نووسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و کەلتوور و زانست 'یونسکۆ' لە عیراق، تیایدا خانمی یەکەم پشتیوانی و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکان و کارەکانی رێکخراوەکە که له عیراق بەڕێوەدەچێت دەربڕی، بەتایبەتی له بوارەکانی پەروەرده و پڕۆژەکانی پەیوەندیدار به پاراستنی کەلتورەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی کارەکان کردەوە بۆ دانانی شاری مێژوویی ئامێدی لە لیستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەلەپووری جیهانی 'یونسکۆ'، چونکە شارێکی مێژوویی دێرینە و دەکەوێتە نزیک ناوچە سنوورییەکانی عیراق و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە و پێویستە وەک بەشێکی گرنگ لە شوێنەوارە مێژووییەکان بپارێزرێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، شاری ئامێدی پایتەختی میرنشینی بەهدینانی کوردی بووە و ژمارەیەک مۆنۆمێنتی سەردەمی ئاشووری تێدایە، شوێنەوارەکانی سەردەمی عەرەبی ئیسلامی تێدایە کە بە دەستنووسی عەرەبی کوفی نووسراون، هەروەها شوێنەوارەکانی وەک قوتابخانەی شوێنەواری قەبهان و کڵێسایەکی کۆنی تێدایە، جگە لە قەڵای ئامێدی کە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای شارەکە.
لای خۆیەوە بەڕێز فۆنتانی سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ پەرۆشی خانمی یەکەم بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یونسکۆ و روونکردنەوەی چۆنیەتی بەرەوپێشچوون بۆ چوونە ناو شاری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لە لیستی کەلەپووری جیهانی و پێویستی سەردانی پسپۆڕانی رێکخراوەکە بۆ هەڵسەنگاندنی شوێنەوارەکە و شیکردنەوەی وردی سروشتی ناوچەکە.